لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەکاتی تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت رابگیرێن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەئامادەبوونی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و كاروان رەزا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن و نوێنەرانی سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی گەیاندن لە دیوانی وەزارەت كۆبوونەوەیەك کرا و وێڕای دووپاتكردنەوەی پەیوەندی و هاوئاهەنگی نێوان وەزارەت و كۆمپانیاكانی گەیاندن، ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكە راگرتنی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت بوو لەكاتی ئەنجامدانی ئەزموونەكانی ئەمساڵ.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی پەروەردە بۆ رێگریكردن لە دیاردەكان و شێوازەكانی غەش (قۆپیە)كردن لە ئەزموونەكانی ئەمساڵ، بەتایبەت قۆناخی 12ـی ئامادەیی كە بڕیارە لە 25-7-2021 بەڕێوەبچێت.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دانانی رێوشوێنی تایبەت بە رێگریكردن لەو دیاردانە، هەروەها بڕیاردرا بە راگرتنی سەرجەم داتا و خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت لەكاتی دیاریکراوی رۆژانە تاوەکو پرۆسەی تاقیكردنەوەكان کۆتاییان دێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەوەی خستۆتەڕوو، لەسەر كێشە و ناڕەزایی هاونیشتمانیان و بەكارهێنەرانی هێڵەكانی گەیاندن بەتایبەت خزمەگوزاری ئینتەرنێت گفتوگۆكرا و بەپێویست زانرا کە باشتر بكرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت.
PM:12:53:13/07/2021
ئهم بابهته 14528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت