‌له‌ هندستان توشبوون به‌ ئاوڵه‌ی‌ مه‌یموون تۆماركرا

وێستگە ستایل-

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هندستان ئاشكرای كرد به‌م دواییانه‌ توشبوویه‌ك به‌ ئاوڵه‌ی‌ مه‌یموون له‌ وڵاته‌كه‌یان تۆمار كراوه‌، ئه‌م پیاوه‌ سه‌ردانی یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی‌ كردوه‌ كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تیایدا بڵاوبۆته‌وه‌، له‌ ئێستادا له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ره‌نتین كراوه‌.

له‌باره‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ زنجیره‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ توشی بووه‌، تا ئێستا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هندستان هیچی له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام پشكنینی بۆ ده‌كرێت هه‌تا ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌ بزانرێت.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ئه‌م دامه‌زراوه‌ی‌ حكومه‌تی هندستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌گوێره‌ی‌ پرۆتۆكۆلی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری ئاوڵه‌ی‌ مه‌یموون نه‌خۆشه‌كه‌ چاره‌سری پێده‌درێت، هاوكات سه‌رقاڵی دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ئه‌م توشبووه‌ به‌ركه‌وتنی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵیان.

تۆماركردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ هندستان له‌كاتێكدایه‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی كتوپڕی بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی‌ ڕاگه‌یاندوه‌، له‌ ماوه‌ی‌ ساڵی 2022 بۆ مارسی 2024 به‌نزیكه‌ی‌ 30 حاڵه‌تی توشبوون به‌ ئاوڵه‌ی‌ مه‌یموون تۆماركراوه‌.

ئاوڵه‌ی‌ مه‌یموون هۆكاری توشبوونه‌كه‌ی‌ جۆرێكی ده‌گمه‌نی ڤایرۆسه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌و ڤایرۆسه‌ی‌ ده‌بێته‌ هۆی توشبوونی مرۆڤ به‌ ئاوڵه‌، یه‌كه‌مین حاڵه‌تی توشبوون به‌م ڤایرۆسه‌ له‌ كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی له‌ ساڵانی حه‌فتاكان تۆماركراوه‌، له‌ 10 ساڵی ڕابردوو له‌ ڕۆژئاوای ئه‌فه‌ریقا چه‌ند حاڵه‌تێكی توشبوون هه‌بووه‌.

تووشبوان به‌م نه‌خۆشییه‌ لە هاو ڕەگەز بازەکانن بە تایبەت "نێر بازەکان" واتا لە نێوان نێر و نێر گواستراوەوەتەوە و تازە زانراوە لەڕێگەی ئەو جۆرە سێکسە دەگوازرێتەوە.

نیشانه‌كانی توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌" به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رمای له‌ش و دروست بوونی په‌ڵه‌ سووربوونه‌وه‌ی‌ پێست به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پێستی ڕوخسار و ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی‌ له‌ش، كرتێنه‌ره‌كان به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ داده‌نرێت، زۆرجار نیشانه‌كان قورس نییه‌ و كه‌سی توشبوو له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌مدا چاك ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌م ڤایرۆسه‌ دوو جۆری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ یه‌كه‌میان" كۆنجۆ" یه‌ كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، ئه‌گه‌ری مردن به‌هۆیه‌وه‌ ده‌گاته‌ %10 و جۆری دووه‌م شریتی ڕۆژئاوای ئه‌فه‌ریقایه‌ مه‌ترسی مردن به‌م جۆره‌ ده‌گاته‌ %1. 


PM:01:06:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌