‌پێش تووشبوون بە شەکرە چییه‌؟

وێستگە ستایل-

پێش تووشبوون بە شەکره‌، کێشەیەکە مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکات. ئەو کەسانەی ئەم کێشەیان هەیە، ڕێژەی شەکری خوێنیان بەرزە، بەڵام ناگاتە ئاستی ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەن. تووشبووانی پێش شەکرە، مەترسیی تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ زۆر زیاترە لە کەسانی ئاسایی، دکتۆرە شادان پسپۆری وردی شەکرە و ھۆرمۆنەکان غوددە له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

دەستنیشانکردنی:
پێوەرەکانی کۆمەڵەی شەکرەی ئەمریکی بۆ دەستنیشانکردنی ئەم کێشەیە بەمجۆرەیە:
1. ڕێژەی شەکری خوێن بێ نانخواردن Fasting blood glucose لە نێوان ١٠٠ – ١٢٦ ملیگرام\دەسیلیتر.
2. ڕێژەی شەکری خوێن دوو کاتژمێر دوای وەرگرتنی ٧٥ گرام گلوکۆز لە ڕێگەی خواردنەوە (شەکراو) (Glucose tolerance test) لە نێوان ١٤٠ – ٢٠٠ ملیگرام\دەسیلیتر.
3. شەکری سێ مانگی HbA1c ٥.٧٪ - ٦.٤٪.

کێ پێویستی بە پشکنینە بۆ ئەم کێشەیە؟
1- ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە، یان قەڵەون.
2- ئەوانەی کەسی یەکەمیان تووشبووی شەکرەیە.
3- ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، یان چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن وەردەگرن.
4- ئەوانەی کێشەی دڵیان هەیە.
5- ئەو کەسانەی چەوری خوێنی جۆری HDLیان لە ٣٥ملیگرام\دەسیلیتر کەمترە و چەوری سیانییان لە ٢٥٠ ملیگرام\دەسیلیتر زیاترە.
6- ئەو ئافرەتانەی کیسی هێلکەدانیان  هەیە.
7- ئەو ئافرەتانەی پێشتر شەکرەی دووگیانییان هەبووە.
8- ئەو کەسانەی جووڵەیان کەمە.

چارەسەر:
1- گۆڕینی شێوازی ژیان، وەکو: خواردنی تەندروست، وەرزشکردن، دابەزاندنی کێش.
2- چارەسەر بە دەرمان.


PM:04:00:24/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌