‌نەخۆشییە دەروونییەکان دوای چاکبوونەوە سەرهەڵدەدەنەوە؟

وێستگە ستایل-

یەکێک لە ترسەکانی توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، بریتییە لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیان، پاش ئەوەی کە بە تەواوی چاکبوونەتەوە یان پاش ماوەیەکی زۆر لە باشبوون، بەردەوام پرسیار دەکەن: (ئێستا زۆر باشم، ئایا دوای وەستانی چارەسەرەکان نەخۆشییەکە سەرهەڵناداتەوە؟ ئەگەر دەرمان نەخۆم دووبارە توشی هەمان نیشانەکانی پێشوو نابمەوە؟ ئەترسم دوای وەستانی دەرمانەکان وەکو خۆم لێبێتەوە؟ ....) دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" زۆربەی نەخۆشەکان کە چارەسەر وەردەگرن و چاکدەبنەوە، ئەم ترسەیان هەیە، زۆرجار کاریگەری هەیە لەسەر پڕۆسەی چاکبوونەوە و بڕیاردان لەسەر بەردەوام بوون یان وەستاندنی چارەسەرەکان! یەکێک لە هۆکارەکانیش کە ڕاستەوخۆ دوای چاکبوونەوەی نەخۆشەکە و نەمانی نیشانەکانی، دەرمان و چارەسەرەکان لە لایەن پزیشکانەوە ناوەستێندرێن، پەیوەندی هەیە بەم ترسەوە."

ده‌شڵێت" وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هۆکار کاریگەری هەیە لەسەری، بەگشتی دەتوانین بڵێین بەگوێرەی کەسەکە و جۆری نەخۆشییەکەی دەگۆڕێت! لەبەرئەوە بۆ هەرکەسێک وەڵامەکەی تاڕادەیەک جیاوازە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەکە دەگۆڕێت، پێویستە ئەو کەسانی توشی نەخۆشی دەروونی بوون پرسیارەکە لە پزیشکەکەیان بکەن و خۆیان بە نەخۆشی و کەسانی تر بەراورد نەکەن! چونکە ئەم هۆکارانە کاریگەرییان هەیە، کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت:

1- جۆری نەخۆشییەکە؛ هەندێک نەخۆشی هەیە هەر خۆی درێژخایەنە و دەبێت بەردەوام دەرمان بخوات، نەخۆشیش هەیە درێژخایەنە بەڵام بەشێوەی نەوبات سەرهەڵدەداتەوە وەکو نەخۆشی دووجەمسەری.

2- دەرئەنجامی نەخۆشییەکە؛ هەر نەخۆشییە و دەرئەنجامێکی جیاوازی هەیە، بۆنمونە خەمۆکی بەشێکیان تەنها یەکجار لە ژیانیاندا توشیان دەبێت، هەندێکیشیان دەبێتە درێژخایەن، یان واسواسی کە یەک لەسەر سێیان چاکدەبنەوە و هەندێکیشیان لەوانەیە سەرهەڵبداتەوە،..

3- ماوەی توشبوونی نەخۆشییەکە؛ ئەگەر کەسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر توشی نەخۆشییەکە بووبێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت ئەوە ئەگەری درێژخایەن بوون و سەرهەڵدانەوەی زیاترە.

4- کەسییەتی نەخۆشەکە؛ ئەو کەسانەی کە خودی خۆیان ڕاڕاو و دوودڵن، ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان زیاترە لە کەسانی تر.

5- بیروباوەڕی نەخۆش؛ ئایا هەتا چەندە کەسەکە باوەڕی بە چاکبوونەوە و باشبوون هەیە؟ چەندە کەوتۆتە ژێر کاریگەری بیروراکانی کۆمەڵگە؟ هەتا کەسەکە باوەڕەکانی دروست و ئەرێنی بن و باوەڕی بە چاکبووەنەوە هەبێت ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی کەمترە.

6- خێزانی نەخۆش؛ تێڕوانین و مامەڵەی خێزان و چواردەوری نەخۆشەکە کاریگەری هەیە لەسەر چاکبوونەوە و دووبارە سەرهەڵدانەوە، ئەو خێزانانەی پشتیوانی نەخۆش دەکەن و هاوکاری دەکەن ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوە کەمترە، بەپێچەوانەشەوە خێزانێک کە بەردەوام سەرزەنشتی نەخۆش بکات و سوکایەتی پێبکات، نەک نەخۆشییەکە سەر هەڵدەداتەوە، بەڵکو هەتا ژینگەکەی بەوشێوە بێت ئەگەری چاکبوونەوەی قورسە.

7- پابەندی بە چارەسەرەکانەوە؛ ئەگەر نەخۆشەکە کۆرسی چارەسەرەکەی بە تەواوی وەربگرێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکانی پزیشکەکە بڕوات ئەوە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی کەمترە.

8- جۆری چارەسەری ئەنجامدراو؛ بەگشتی ئەو کەسانەی کە بە چارەسەری دەروونی (جەلسات) چاکدەبنەوە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەیان کەمترە لەو کەسانەی کە بە دەرمان چاکدەبنەوە!

9- بەکارهێنانی ماددەی هۆشگۆڕ؛ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ بوونی نەخۆشییەکەدا ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەیان زۆرترە لەوانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکارناهێنن.

ئەگەر بەراوردی نەخۆشییە دەروونییەکان بکەین بە نەخۆشییە جەستەییەکان ئەوا دەتوانین ئەم نمونە وەربگرین: کەسێک کە توشی پەتکە (جەڵدە)ی مێشک دەبێت؛ جۆری پەتکەکە کە خوێبەربوونە یان وشکبوونەوە، ئەو بەشەی مێشک کە پەتکە لێیداوە، تەمەنی نەخۆشەکە، بوونی نەخۆشی تری جەستەیی، پابەندی بە چارەسەرەکان، کاتی وەرگرتنی چارەسەر و چونە لای پزیشک، جگەرەکێشان،.. هەموییان کاریگەرییان هەیە لەسەر دەرئەنجامەکەی کە ئایا بەتەواوی چاکدەبێتەوە، یان کەمێک کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە یان چاکنابێتەوە! لەبەرئەوە جۆری چارەسەرەکانیش دەگۆڕێت. ئەم نمونە بۆ پەتکەی دڵ، نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشت، نەخۆشی پرۆستات، ژێرپەنجەکان، .... ڕاستە و هەموویان ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان هەیە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز.

بە کورتی: ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە کەسەکاندا جیاوازە و ئەگەر هەیە کە سەرهەڵبداتەوە، وەکو چۆن پێشتر چاوەڕوان نەبووە کە توشبووبێت، بەڵکو لە ئێستادا دوای چاکبوونەوە ئەگەرەکەی زیاد دەکات کە دووبارە توشبێتەوە نەک بە دڵنیاییەوە هەر سەرهەڵدەداتەوە! واتە ئەگەری زیاترە نەک سەرهەڵبداتەوە، بۆنمونە هەموومان ئەگەری (%٤) هەیە توشی خەمۆکی ببین بەڵام زۆربەمان توشنابین، ئەگەری (%١) هەیە کە هەریەکە لە ئێمە توشی شیزۆفرینیا بێت، بەڵام (%٩٩) مان توشی نابین، لەبەرئەوە مەترسە لەوەی کە توشی نەخۆشییەکە ببیتەوە!


PM:06:49:06/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌