‌پێنج تێکدەری دەرووندروستی.. خۆتیان لێبپارێزە

وێستگە ستایل-

هەندێک چالاکی و ڕووداو هەن، دەبنە هۆی تێکدانی دەرووندروستی تاک، پێویستە مرۆڤ خۆی لێیان بەدوربگرێت، ئێمە پێیان دەڵێین "تێکدەرانی دەرووندروستی"! پێنج تێکدەری سەرەکی بریتین لەمانه‌ی‌ خواره‌وه‌ كه‌ دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا باسیكردوه‌.

یەک- بینین و گوێبیستبوونی دیمەن و هەواڵی ترسێنەر و نەخوازراو؛ دیمەن و ڕووداوە ترسناکەکان کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دەروونی مرۆڤ و زیانی لێدەدەن. ئەمەش بەگوێرەی تەمەن و ڕەگەزی کەسەکە دەگۆڕێت، هەروەها شێواز و کاتی بینین و بەرکەوتن بە هەواڵەکە کاریگەری هەیە. بۆنمونە لە تەمەنی منداڵی دیمەنە ترسێنەرەکان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر دەرووندروستی، هەروەها کاتێک کەسەکە لە خەودایە و ڕادەچڵەکێت و هەواڵێکی ناخۆشی دەدەنێ، توشی فشاری توندی دەکات،...

دوو- بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر؛ ئەم ماددانە بە چەندین شێواز کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست دەکەن، بۆنمونە بەهۆی بەکارهێنان یان وازهێنانی لەناکاو لە ماددەکان توشی چەندین نەخۆشی دەروونی وەکو خەمۆکی، زوهان، دڵەڕاوکێ، ... دەبن یان ئەگەر زۆر بەکاریان بهێنێت ئالودەیان دەبێت و بەهۆیەوە توشی کێشەی خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، یاسایی، .. دەبێت. لەبەرئەوە دوورکەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر، وەکو خواردنەوەی مەی و جگەرە و نێرگەلەکێشان و ماددە هۆشبەرە جیاوازەکانی تر، هۆکارێکی باشە بۆ پاراستنی دەرووندروستی تاک.

سێ-  بەکارهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشک؛ کاتێک کەسێک کێشەیەکی جەستەیی هەیە، جا ئازاربێت یان ناڕەحەتی بەهۆی پەتا و نەخۆشییە جەستەییەکانی تر، پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی دەرمان، ئەگەر ئەم بەکارهێنانە بەبێ ڕاوێژی پزیشکی بوو، ئەوە بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەرووندروستی تاک، بەتایبەت کە ئێستا هەندێک دەرمان کە کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر دەرووندروستی تاک زۆر بەکاردەهێندرێن، بەتایبەت ئەو ماددانەی کە بە ستیرۆید ناسراون (وەکو حەپی پریدنیزۆڵۆن) زۆر بەربڵاو بەکاردێت، بۆنمونە بۆ هەستیاری و پەتا و قەڵەوبوون بەکاردێت کە زۆرجار کەسەکە توشی خەمۆکی وتێکچوونی دەروونی دەکات، یان ئەو دەرمانانەی بۆ لاوازی جەستە بەکاردێن یان تەنانەت حەپی ئازاری گەدە و دەرمانە ئازارشکێنەکان ئەگەر بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاربهێندرێن مەترسی دروستدەکەن بۆ دەرووندروستی تاک!

چوار- بەرکەوتنی زۆر و بەردەوام بە کەسانی نەرێنی؛ ئەو جۆرە کەسانەی کە بەردەوام بە نەرێنی لە ژیان دەڕوانن، هەمیشە پڕن لە گلەیی و لۆمە و سکاڵا لە ژیانیان، گوفتار و ڕەفتاریان هەمیشە بەشێوەیەکە مرۆڤ ڕەشبیندەکەن وزەی نەرێنی دەگوازنەوە بۆ بەرامبەر. پێویستە خۆت لەم کەسانە بەدوربگریت و خۆتیان لێبپارێزیت!

پێنج-  بیری نەرێنی؛ خۆرەی خۆشییەکان و سەرچاوەی دڵەڕاوکێی تاکە، ژیان دەکاتە تاریکستان، چەندین نەخۆشی و گرفتی دەروونی بەهۆیەوە توشی تاک دەبن. پێویستە خۆمان لە بیرکردنەوەی نەرێنی بپارێزین و هەوڵبدەین هاوەڵی نەکەین!


PM:04:14:03/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 1896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل