‌گەشەدان بە خود و کەسایەتی بۆ ده‌روون دروستبوون

وێستگە ستایل-

خود و کەسییەتی تاک زۆر گرنگن و بەشی سەرەکی دەروون دروستی مرۆڤ پێکدەهێنن، خود بریتییە لە ناخی کەسەکە و تایبەتمەندییەکانی، کەسییەتیش پێکهاتەی دەرەکیی مرۆڤە کە لای ئەوانی تر ناسراوە و بیندراوە، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت ناخ و دەرەوەی (خود و کەسییەتی) وەکو یەک بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئاسودەییەکی زیاتری دەبێت و ئارامتر دەبێت! زۆر چالاکی هەن هەماهەنگی و پێکەوەیی مرۆڤ گەشەپێدەدەن، لەم نوسینەدا دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی باسیكردوه‌.

ئه‌م پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت" گرنگیدان بە خود و کەسایه‌تی پێویستییە بۆ هەموو تاکێک، بەتایبەت ئەگەر بمانەوێت بە دەرووندروستی بمێنینەوە. زۆر کار و چالاکی هەیە کە دەبنە هۆی بەهێزبوونی کەسییەتی و متمانەبەخود زیاد دەکەن، دەبێت ئەنجامیانبدەین. ڕێگاکان و شێوازەکان زۆر و هەمەچەشنن! "

ئەمانە چەند ڕێگەیەکی گشتین بۆ هەموان سودبەخشن:
1- خوێندنەوە؛ لە هەموو بوار و لایەنەکانی ژیاندا، ڕۆژانە و بەردەوام، چالاکانە بخوێنیتەوە، هاوکارە بۆ زۆربوونی زانیارییەکان و گەشەکردنی هزر و دەروونی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی زیاتر.
2- نوسین و وتاردان؛ لەو بوارەی کە شارەزایت و زانیاریت هەیە، جگە لە سودی بۆ کەسانی تر، خودی نوسەر و وتاربێژیش زیاتر فێردەبێت و بۆ هەر نوسین و وتارێک زانیاری زیاتر و زۆرتر کۆدەکاتەوە!
3- ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی؛ لە ڕێگەیەوە مرۆڤ زیاتر تواناکانی بەگەڕدەخات و ئەوەی هەیەتی دەیبەخشێت، ئەوەی نییەتی هەوڵدەدات دروستی بکات و بەرەوپێشەوە بچێت.
4- بەشداری کۆڕ و سیمینار؛ لەو بوارانەی ئارەزوومەندی هەیە، لەو بوارانەی کە پێویستییەتی؛ ئابوری، پەروەردە، سیاسی، ... بەشداریکردن دەبێتە هۆی هۆشیاری زیاتر و بەئاگایی زۆرتر.
5- بەدەستهێنانی بڕوانامە؛ لەپێناو گەشەکردنی زیاتری لە بواریی پیشەیی وئەکادیمی بوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەکادیمی، یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی زیاتر.
6- زیادکردنی لێهاتوویییەکان؛ ئەگەر لێهاتوییەکی نەبوو، هەوڵبدات بەشداری لە کۆرسێک بکات، یاخود خۆی هەوڵبدات بەدەستی بهێنێت، بۆنمونە هونەری کۆنترۆڵکردنی توڕەیی! یان لێهاتوویی بڕیاردان!
7- بوونی پلان و بەرنامە؛ دانانی پلان و بەرنامە بۆ ژیانی داهاتوو لە ڕووی کەسییەتی، ئەکادیمی، ئابوری، خێزانی، ... یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکانی گەشەپێدانی کەسییەتی مرۆڤ. پێویستە تاک پلانی ساڵانە و درێژخایەنی هەبێت.

هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە و چەندین ڕێگای تر هەن بۆ گەشەپێدانی کەسیەتی مرۆڤ، لەم ڕێگەیەشەوە مرۆڤ دەروونی ئاسودە دەبێت.


PM:05:24:30/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 4024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌