‌بەسترانی بوکوزاوا؛ لە نێوان باوەڕی خورافی و زانستدا

وێستگە ستایل-

یەکێک لە دیاردە باوەکانی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بریتییە لە نەتوانینی ئەنجامدانی کردەی سێکسی لە نێوان هاوسەراندا، ئەم دیاردەیە لە ناو هەموو گەل و نەتەوەیەکدا هەیە. لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم بابەتە بە "بەسترانی بوکوزاوا" ناسراوە! هۆکارەکەشی ڕاستەوخۆ بۆ بابەتی دەرەوەی سروشت دەگێڕنەوە، سەرەڕای پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەی و تێگەیشتن لە هۆکارە زانستییەکان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ئەو باوەڕە خورافییانە هێشتا ماون و بەشێکی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی باوەڕیانوایە کە هۆکاری ئەم نەتوانینە بریتییە لە جادو و نوشتە! پێیدەڵێن "جادوی بەستن" دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته‌ باسده‌كات.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" چەندین چیرۆکی جۆراوجۆر لەوبارەوە هەن، چەندین خانەوادە بەم بیانوە هەڵوەشاونەوە، ئافرەتان قوربانی یەکەمن لەم لایەنەوە، گوایە جادویان لێکراوە بۆیە ناتوانن ڕێگە بە کردەی جووتبوون بدەن، تەنانەت ڕێگەی توندوتیژ و نامرۆڤانە بەکارهاتووە بە بیانوی چارەسەر، کە دەرئەنجامێکی نەرێنی درووستکردووە لەسەر هەردوولایەن. "

هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەشێک لە هاوسەران بەهۆی نەزانی یان هەڵەتێگەیشتنەوە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پانەدەبەنە بەر چارەسەرە میللی و ئاینییەکان، خۆیان بەدوردەگرن لە چارەسەرە پزیشکییە زانستییەکان. 

لەکاتێکدا ئەو چارەسەرانەی کە بە ناوی ئاین و کلتورییەوە دەکرێن، زۆرجار دەرئەنجامێکی دروستی نەبووە و نابێت. هاوسەران پاش تاقیکردنەوەی ئەو ڕێگایانە و سەرنەکەوتن لە ئەنجامدانی کردەی سەرجێی و جوتبوون، ئینجا سەردانی پزیشکانی پسپۆڕ دەکەن بە مەبەستی چارەسەرکردن، بەڵام زۆرجار کاتێک کە دەچن ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە و زۆربەیجار هۆکارە دەروونییەکان زیاتر بوون، و تەنانەت کەسەکە توشی نەخۆشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیش بووە!

نەتوانینی ئەنجامدانی کاری جووتبوون لەنێوان بووک و زاوا، لە شەوی هاوسەرگیری و دواتردا، بەگشتی چوار هۆکاری پزیشکی چارەسەرکراوی هەیە؛ 

1- فۆبیای جوتبوون (Genophobia): بریتییە لە ترسێکی زۆر و لە ڕادەبەدەر لە ئەنجامدانی کاری سێکسی، بەوهۆیەوە خۆی لە کردەکە بەدوردەگرێت و ناهێڵێت هاوسەرەکەی کاری سێکسی لەگەڵ ئەنجامبدات! ئەم فۆبیایە لە ڕەگەزی مێدا هەیە و ڕەگەزی نێر زۆر بە دەگمەن و لە دۆخی تایبەتدا توشی دەبن، بۆنمونە کاتێکە توشی لاوازی سێکسی دەبن.
2- گرژبوونی بەئازاری ماسولکەکانی زێ (Vaginismus): بریتییە لە گرژبوونی ماسولکەکانی زێ لە ئافرەتاندا بەشێوەیەک کە کونی زێ دادەخەن و ناتواندرێت هیچ شتێک (ئامێر یان چووک) بچێتە ناو زێوە، دەرئەنجام ناتواندرێت کاری سێکسی بکرێت.
3- بێتوانایی ڕەپببوون (Erectile dysfunction): بریتییە لە لاوازی ڕەپبوونی چووک لە پیاواندا، بەشێوەک ڕەپوونی چوک کە پێویستە بۆ کردەی سێکسی دروستنابێت و ناتواندرێت کاری جووتبوون ئەنجامبدرێت.

4- پەردەی کچێنی ئەستور و نائاسایی: هەندێک جۆری پەردەی کچێنی هەیە کە ناتواندرێت بە کاری جووتبوون بدڕێندرێت بەهۆی ئەستورییەکەیەوە، یاخود لەکاتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی ژنەکە توشی ئازارێکی زۆر دەبێت، دەرئەنجام ڕێگە بە چوونە ناوەوەی چووک نادات و کاری سێکسی ناتواندرێت ئەنجامبدرێت.


AM:11:57:25/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل