‌کێ بۆ هاوسەرگیری نەگونجاوە؟

وێستگە ستایل-

هاوسەرگیری پرۆسەیەکی گەورە و گرنگە، مەرج نییە هەموو کەسێک بۆ هاوسەرگیری گونجاوبێت، بەڵکو هەندێک کەس باشترە کە هاوسەرگیری نەکەن! یەکێک لە کێشەکانی سەرەتای هاوسەرگیری کە ڕووبەڕووی هاوسەران و خێزانەکانیان دەبنەوە بریتییە لە توشبوونی یەکێک لە هاوسەران بە گرفتی دەروونی، ڕەفتاری، یان کۆمەڵایەتی، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ڕوونده‌كاته‌وه‌.

 بۆنمونە پیاوەکەی توڕە و توندوتیژە لەگەڵ ژنەکەیدا، ژنەکە ناتوانێت کارەکانی ماڵ ئەنجامبدات، هاوسەرەکەی گۆشەگیرە و تێكەڵنابێت بە خەڵکی، پیاوەکە کەسێکی گۆشەگیرە و لەڕووی هەستوسۆزەوە لاوازە، هاوسەرەکە کەسێکی گوماناوییە، شەڕی دەبێت لەگەڵ خزمانی نزیك.

ئەم کێشانەش دەبنە هۆی ئەوەی کە خێزانەکان ئەم پرسیارە بکەن: "ئایا پێشتر وابووە؟ یاخود تازە توشبووە؟" واتە گومان دەکەن کە وابووبێت و لێیانشاردرابێتەوە! لە ڕاستیدا ئەم حاڵەتانە زۆرن، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی چەندین خێزانن. زۆربەی کات کەسەکە پێش هاوسەرگیری کێشەی دەروونی یان ڕەفتاری هەبووە و بە بەرانبەر نەوتراوە، تەنانەت خانەوادەکەی هاوسەرگیریان بۆ ڕێکخستوە وەکو چارەسەری ئەو کێشە دەروونی و ڕەفتارییەی کە هەیەتی، ئەمەش باوەڕێکی هەڵە و نادروستی ناو کۆمەڵگەیە کە پێیانوایە هاوسەرگیری چارەسەری کێشەی کچەکە یان کوڕەکەیان دەکات! یاخود لەژێر فشاری خێزان و کۆمەڵگە هاوسەرگیری دەکەن بەبێ بوونی پاڵنەر و ئارەزووی کەسی، هەموو ئەوانەی لەسەر ئەم باوەڕە هەڵە هاوسەرگیریان کردووە، دەرئەنجامەکانی جیابونەوە و تێکچوونی شیرازەی خێزان بووە! 

پێنج گرووپ کە نەگونجاون بۆ هاوسەرگیری:
هەرچەندە وەڵامی پرسیارێکی لەم جۆرە قورس و گرانە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە، ئێمە بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە بە کورتی ئاماژەی بۆ دەکەین. ئەم پێنج گرووپە بەهۆکار و شێوازی جیاواز بۆ هاوسەرگیری نەگونجاون:
1- کەسێک کە بڕوای بە پڕۆسەی هاوسەرگیری نەبێت؛ هەندێک کەس ئارەزووی هاوسەرگیریان نییە و خۆیانی لێبەدوردەگرن، ئەمەش پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە هەیە وەکو " دونیابینی، توانای سێکسی، ئاڕاستەی سێکسی، ..". لەبەرئەوە دروستنییە کە فشار لە کەسێک بکرێت هەتا هاوسەرگیری بکات لەکاتێکدا کە ئارەزووی ناکات یان بڕوای پێی نیییە!

2- نەخۆشییە دەروونییە توندەکان؛ زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان هیچ کێشەیەکیان نییە بۆ هاوسەرگیری، بەڵام ئەو نەخۆشیە دەروونیانەی کە کاردەکەنە سەر تواناکانی تاک بۆ مامەڵە لەگەڵ بەرانبەر و لەکاتی چالاکبوونی نەخۆشییەکەیان ناتوانن بە دروستی هەڵسوکەوت لەگەڵ چواردەور بکەن، باشترە هاوسەرگیری نەکەن. ئەمەش دەوەستێتە سەر (ئاستی توندیی، دووبارەبوونەوەی، درێژخایەنی، نیشانەکانی،...) نەخۆشییەکە. ژمارەکانی ئەم نەخۆشییانە کەمترە لە پێنج جۆری نەخۆشی، بڕیارەکان بۆ هەرنەخۆشێک دەگۆڕێت، لەوانەیە دوو کەس هەمان نەخۆشییان هەبێت بەڵام یەکێکیان شیاوبێت و ئەویتریان نەگونجێت بۆ هاوسەرگیری. 

3- کەسانێک کە ئاستی ژیریان نزمە؛ ئەو کەسانەی کە هەر لە منداڵییەوە دواکەوتەی گەشەی ژیریان هەیە بۆ هاوسەرگیری ناگونجێن، چونکە بۆ سەرجەم کارەکانی ژیانیان پێویستیان بە پشتیوانی ئەوانی تر هەیە، لەبەرئەوە لە هاوسەرگیریشدا ناتوانن بە تەنها خۆیان ژیانیان بکەن!

4- هۆکارەکانی تر؛ هەندێک هۆکاری تر هەن کە وادەکەن بەرانبەر نەتوانێت هاوسەرگیری بکات، بۆنمونە کەسانێک کە هۆگری ماددەی هۆشبەرن و ناتوانن بەبێ ماددە هۆشبەرەکان بژین ناتوانن لەگەڵ هاوسەرەکانیان بەختەوەربن، چونکە ماددە هۆشبەرەکە بۆ ئەوان لەهەموو شت گرنگتر  و پێویستترە.  

دوو هۆکار هەتا بڕیاربدەین کە نەگونجاون:
لە هەرگروپێکدا ئاماژەمان پێدا کە کێ و بۆچی نەگونجاوە، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی وامانلێدەکات کە بڵێین ئەم گروپانە بۆچی بۆ هاوسەرگیری ناگونجێن:
- لێکەوتەی نەرێنی زۆری هەیە لەسەر هاوسەران و خزمان؛ بۆنمونە جیابوونەوە دەرئەنجامێکی بەربڵاوە لەناویاندا، هەندێکجار خۆکوژی و کوشتن ڕوودەدات بۆ هاوسەر و خزمان، ناکۆکی  و کێشە لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستدەبێت، ... 
- منداڵەکان دەبنە قوربانی؛ بەهۆی نەزانینی پەروەردە و هەڵەکردن لە پەروەردە و شەڕ و کێشەی بەردەوامی ئەم جۆرە لە کەسەکان لەگەڵ هاوسەرانیان منداڵەکان دەبنە قوربانیی، یاخود جیابوونەوەی هاوسەران دەرئەنجامێکی خراپتر دەبێت لەسەر منداڵەکە.
دوو تێبینی:
- ئەم پۆستە بۆ هۆشیاری کۆمەڵگەیە نەک بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری لەسەر ژیانی کەسانی چواردەورمان، واتە نابێت بەهۆی تێگەیشتن لەم پۆستە بڕیاربدرێت کە هاوسەرەکەت یان زاوا و بوکەکەت کە نەگونجاون بۆ هاوسەرگیری! بەڵکو پێویستە بۆ داهاتوو بە وریاییەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیریان بۆ ڕێکدەخەین یان کاتێک کە کەسێک دەیەوێت هاوسەرگیری بکات!
- هەندێک لەو هۆکارانەی باسکران کاتین و هەندێکیشیان دەتواندرێت بگۆڕدرێت! لەبەرئەوە ئەو گروپانە بە ڕەهایی ڕێگری ناکرێت لە ئەنجامدانی هاوسەرگیریان، بەڵکو دەبێت سەرەتا هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدرێت پاشان بڕیاربدرێت کە ئایا گونجاوە بۆ هاوسەرگیری یاخود نا!
بەکورتی:
هەر ڕەفتار و ڕەوشتێک کە ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندی هاوسەرگیری و نەتوانێت داخوازییەکان دابین بکات، باشترە کە ئەو کەسە هاوسەرگیری نەکات هەتا ئەو ڕەفتار و ڕەوشتەی مابێت!


AM:10:49:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌