‌چارەسەرێکی زیرەکانە بۆ تەبیعەت ناخۆشی هاوسەرەکەت

وێستگە ستایل-

هەڵبژاردنی خانەدانی و ناکاردانەوە لە بەرامبەر هەڵەشە و هەڵچوونی هاوسەرەکەت، نیشانەی لاوازی و سەرکزی نییە. نیشانەی ئەوەیە لەڕووی دەروونییەوە کەسێکی هاوسەنگیت. چونکە مەزاجی خۆت نەبەستۆتەوە بە هەڵبەز و دابەزە دەروونییەکانی ئەوەوە، ئەحمەد خالیدی ماستەر لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانی له‌م بابه‌ته‌دا هاوكاری هاوسه‌ره‌كان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیره‌كانه‌ چاره‌سه‌ری كه‌سایه‌تی بێزاركه‌ری هاوسه‌ره‌كه‌یان بكه‌ن.

ئه‌م پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت" مەترسە، خانەدانی و ناکاردانەوە،  قبوڵکردن و دەستەوسانی نییە! ڕێخۆشکردن نییە بۆ ئەوەی پێی لێ ڕابکێشێت. تەواو پێچەوانە، ڕەگ داکوتاوییە لە هێز و هەیبەتی خۆتدا، چونکە دەزانی چڵپاو شوێنی زۆران گرتن نییە لەگەڵ بەرازدا.  تۆ پێی قوڕاوی دەبیت، ئەویش گەز گەز باڵای پێدەکات."

وەختێ قسەی ڕەق بە قسەی ڕەق.. تۆمەت بە لۆمە.. هەڕەشە بە تۆڵەکردنەوە و دەنگدابڕین وەڵام نادەیتەوە، مانای وایە تۆ خۆت لە ئەو جیاکردووەتەوە و بەگوێرەی گێژەڵوکەکانی ئەو شەن ناکەی. ڕقەبەرایەتی، واتە من بەستراومەتەوە بە تۆوە، نە ڕەفتارەکانم نە هەستەکانم هیچیان بەدەستی خۆم نین. تۆ چۆن بتەوێ دەتوانی ئاوها ئاڕاستەم بکەی!

ئەو پێویستی بە کەسێکە پێوەی مەشغوڵ بێت، تاکو لەو ڕێیەوە ڕوبەڕووی کەلەبەر و ئازارەکانی دەروونی خۆی نەبێتەوە. بەڵام تۆ دێیت، بە خانەدانی و ناکاردانەوە یارییەکەی لێ تێکدەدەیت.

ئەو پێویستی بە کەسێکە لەخۆی بچێت؛ لە شەڕ بگەڕێ.. لە هەموو شتێک مانایەک دەربێنێ. تاکو لەو ڕێیەوە هەست بەتەنهایی نەکات و خۆبەکەم زانینەکەی تۆزێ کەمتر ئازاری بدات. بەڵام تۆ دێیت، بە خانەدانی و ناکاردانەوە ڕێگەی بەخۆداچوونەوە و ساڕێژبوون و دەربازبوونی ڕاستەقینەی نیشان دەدەیت.

ئەگەر دەتزانی ڕەفتاری ناپێگەیشتووانەی هاوسەرەکەت چەند هۆکاری لەپشتەوەیە و بەرهەمی چ کارلێک گەلێکی ئاڵۆسکاوە، هەرگیز بە شەخسی وەرتنەدەگرت و نەتەبردە سەر خۆت.

باوەڕم وایە یەکێک لە ئامانجە هەرە گەورەکانی هاوسەرگیری ئەوەیە ژن و مێرد بتوانن بە حزور و حیکمەتی خۆیان، جوانییە پەنهان و شاراوەکانی ناو ناخی یەکتر بهێننە دەر. خانەدانی و ناکاردانەوەش ڕێک ئەوە دەکات.

جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێین، لەپاڵ ئەم شێواز و تێڕوانینەدا، پێویستە ئەو ڕۆژەشمان لەبەرچاو بێت کە پێویست دەکات ناکاردانەوە -کە خۆی لەخۆیدا کردەیەکی پڕ بوێرییە- ببەینە ئاستێکی تر و ئەو هەنگاوە بنێین کە ڕێز لە شکۆو کەسایەتیمان دەیخوازێت.


PM:05:04:18/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل