‌هۆكاره‌كانی خۆكوژی چییه‌؟

وێستگە ستایل-

ئەگەر لە روانگەی‌ نەخۆشیزانییەوە لێکۆڵینەوە بکەین، ئه‌م حاڵه‌ته‌ زیاتر پەیوەندی‌ هەیە بە کەمبوونەوەی‌ چەند ماددەیەکی‌ ناو دەمارەخانەکان لەناو کۆئەندامی‌ دەمار دا بەتایبەت کەمبوونەوەی‌ دەمارەخانەی‌ سیرۆتۆنین، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی هۆكاره‌كانی خۆكوژی ده‌خاته‌ ڕوو و باس له‌وه‌ ده‌كات بۆماوەش رۆڵی‌ خۆی‌ هەیە، بەتایبەت لە جۆری‌ نەخۆشییە دەرونییەکان کە هۆکارن بۆ خۆکوژی‌.

بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ زۆربەی‌ ئەوانەی‌ کە بە خۆکوژی‌ دەمرن نەخۆشی‌ دەرونیان هەیە، ئەو هۆکارانەی‌ کە دەبنە هۆی‌ ئەوەی‌ کە مرۆڤ توشی‌ خۆکوژی‌ ببێت و پێویستە بیانناسینەوە ئەمانەن:

1-یەکەم: بوونی‌ نەخۆشی‌ دەرونی‌ و جەستەیی‌:
لە سەدا پەنجای‌ خۆکوژەکان نەخۆشی‌ خەمۆکیان هەیە، لەسەدا پێنجی‌ نەخۆشانی‌ شیزۆفرینیا بە خۆکوژی‌ دەمرن، نەخۆشیەکانی‌ تریش وەکو  شڵەژانی‌ کەسیەتی‌، فشاری‌ دوای‌ زەبر، تێکچوونەکانی‌ خواردن، یەکێکن لە هۆکارەکان.

2-  بەکارهێنانی‌ مادەی‌ مەی‌ و  هۆشبەر: 
ئەویش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان و بەشێک لەوانەی‌ کە هەوڵی‌ خۆکوژی‌ دەدەن لەژێر کاریگەری‌ مادە هۆشبەرەکەدان.

3- نەخۆشی‌ جەستەیی‌ بەئازار: 
بۆنمونە بوونی‌ نەخۆشی‌ شێرپەنجە ئەگەری‌ روودانی‌ خۆکوژی‌ دوو هێندە دەکات.

دووەم: کێشەی‌ کۆمەڵایەتی‌: هەندێکجار تاک وەکو هۆکارێکی‌ خۆرزگارکردن لە کێشە سەیری‌ خۆکوژی‌ دەکات و بە هەڵپە ئەنجامی‌ دەدات.  گرنگترینی‌ ئەو هۆکارانەش دابرانی‌ تاکە لە کۆمەڵگە و گۆشەگیربوونییەتی‌. هۆکارەکانی‌ تریش وەکو لەدەستدانی‌ کەسێکی‌ خۆشەویست، یان بوونی‌ کێشەیەکی‌ چارەسەرنەکراوی‌ کۆمەڵایەتی‌ یان خراپی‌ باری‌ ئابووری‌.

سێیەم:  هۆکارە دەرونییەکان: بێهیوایی‌ لە ترۆپکدایە و هۆکارێکی‌ گەورەی‌ خۆکوژییە، پاشان بوونی‌ رەوشتی‌ هەڵەشەیی، نەتوانایی‌ تاک لە  ئەنجامدانی‌ پرۆسەی‌ چارەسەری‌ کێشە، لاوازی‌ بیرکردنەوە،... لە هۆکارە دەرونییەکانن.

چوارەم: هۆکاری‌ تر: چەندین هۆکاری‌ تر هەن کە لێرەدا بە کورتی‌ ئاماژەیان پێدەکەین:
- رەگەز: رەگەزی‌ نیر زیاتر بە خۆکوژی‌ دەمرن، بەڵام هەوڵی‌ خۆکوژی‌ لە رەگەزی‌ مێدا زۆرترە.
- تەمەن: لە قۆناغی‌ هەرزەکاری‌ و  بەتەمەنەکاندا زۆرترە.
- ئاین: زۆربەی‌ ئاینەکان رێگری‌ لە خۆکوژی‌ دەکەن.
- باری‌ خێزانی‌: خۆکوژی‌ زۆرترە لەوانەی‌ کە رەبەنن یان جیابوونەتەوە لە هاوسەرانیان.
- جۆری‌ پیشە: لە هەندێک پیشەدا زۆرترە وەک لەوانی‌ تر!

شێوازە بەکارهاتووەکانی خۆکوژی‌:
شێوازە بەکارهاتووەکان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی‌ تر جیاوازە، باوترینیان بریتین لە خۆهەڵواسین، ژەهراوی‌ بوون بە ژەهر و دەرمان، لەگەڵ بەکارهێنانی‌ چەک، لە کۆمەڵگەی‌ کوردیدا لەناو ئافرەتان زیاتر خۆسوتاندن بەکاردێت! وەکو هۆکارێک بۆ خۆکوشتن. زۆرجار خۆکوشتن بە لەدەستدانی‌ گیان کۆتایی نایەت بەڵکو مرۆڤ توشی‌ پەککەوتەیی‌ و نەخۆشی‌ و زیانی‌ جەستەیی‌ دەکات.


PM:04:56:02/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌