‌ناوک کەوتن یان ناوک خزین ڕاسته‌؟

وێستگە ستایل-


خوڕافیات و شتی نەسەلمێندراو و نازانستیی زیاتر لە کۆمەڵگە داخراوەکان بوونی ھەیە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە نەزانیین و چەقبەستوویی، غەڕقی تۆفانی کردوون. بزانە بگەڕێ و ببینە و پرسیار بکە کێن زیاتر ئاڵودەی ئەم خوڕافیاتانەن.

زانستی پزیشکی بەدیل، یان "ئەڵتێرنەتڤ مێدیسن" لە دێر زەمانەوە بوونی ھەبووە و ئێستاش بوونی ھەیە و لە ھەندێ حاڵەتدا ھاوشانی زانستی پزیشکیی ئەکادێمیی، خزمەتی مرۆڤایەتی کردووە. ئەم زانستە جا چ زانستی گیادەرمان، دەرزی ئاژنیین، یۆگا و ....ھتد بێت، لەزۆربەی جارەکاندا ھاوکاریی پزیشکی ئەکادیمییان کردووە، بە مەرجێک لە ھیچ حاڵەتێکدا نەبووبنە مایەی زەرەرمەندیی کەسی نەخۆش.

-ناوک کەوتن و ڕاستیی زانستیی سەلمێندراو:
لە زانستی پزیشکیی سەردەم و واقیعیی، شتێک نییە بە ناوی ناوک کەوتن! واتا ھیچ موستەڵەحێکی عیلمیی لە زانستی پزیشکیی نییە بەناوی ناوک کەتن! ئەسڵەن ناوک شتێکی نییە تاکو پێی بکەوێت و بخزێت! لەوانەیە پێت سەیر بێت کە وا دەڵێم، بەڵام ئەمە زانست و واقیعە.

-کەسانێک ھەن ئێستا پێیان سەیرە و دەشێ باوەڕیان بەوە نەبێت کە دەڵێم شتێک نییە بە ناوی ناوک کەوتن، پرسیار دەکەن و دەڵێن: باشە من چەندان دکتۆرم کرد، کەسیان نەیانتوانی نەخۆشییەکەم بدۆزنەوە، تا چوومە لای فڵان کەس و ووتی ناوکت کەوتووە و بۆی ھێنامەوە و عەیبم نەما!

-وەڵامی زانستی پزیشکیی ئەکادێمیی و واقیعیی:
برا و خوشکی بەڕێزم، دایە و مامە و خاڵی ئازیزم، پیشەی پزیشکیی و پڕاکتیزەکردنی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە، پزیشک پابەندە بە ئیڕشادی عیلمیی و قسەی باخەڵی خۆی ناکات!
 
زۆربەی ئەو حاڵەتانەی تۆ بە ناوک کەوتن ناویان دەبەیت، ھیچ ئەساسێکی عیلمییان نییە، دەشێ ئەم حاڵەتەی کە باسی دەکەیت، بەشێک بێت لە کۆنیشانەی ووروژانی کۆڵۆن "نەخۆشیی قۆڵۆن" و کێشەی ئۆڕگانیی یان فرمانی لە گەدەو دوانزە گرێ و ڕیخۆڵەکان بە گشتیی، یان کێشە لە شاخوێنبەری گەورەی سک، ھەبێت یان گرژبوون و ڕەقبوونی ھەندێ ماسولکەی گەورەی ناو سک و پشت! ئەمانە ھەمووی تەفسیری ئەم حاڵەتە دەکەن، بەڵام کەوتنی ناوک نا!

گەڕاندنەوەی ناوک "حەسەب باس دەکرێت" ھیچ ئەساسێکی عیلمیی و واقیعیی نییە و لە ھیچ کتێب و ئیڕشادێکی پزیشکی نە باس کراوە، نە سەلمێندراوە و نە باوەڕێک ھەیە کە ڕێی تێبچێت ئەو موستەڵەحی ناوک کەوتن ڕاست بێت! ئەوەی سەلمێندراوە کە گرژبوون (تشنج) ی ماسولکەیەکی گەورەی پشتە کە بە ناو سکدا تێپەڕدەبێت بۆ حەوز، ھیچ پەیوەندییەکی بە ناوک نییە.

نەخۆشم بینیووە، سێ ساڵ سەردانی پیرەژنێکی لاکۆڵانی کردووە بۆ ناوک کەوتن، دوای پشکنین بەداخەوە دەرچوو گرێیەکی سەڕەتانیی لە ڕیخۆڵە ئەستوورەی ھەیە و کاتێ ھاتە لای من لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەی بوو، چەندان نموونەی تری وامان ھەیە! بۆیە سحەتی خۆت بۆ خوڕافییات ھەرزانفڕۆش مەکە.

ھیوادارم توانیبێتم ھەر ھیچ نەبێت ڕای دوو خوێنەر لەسەر ئەم خوڕافیاتە بگۆڕم! کۆمەڵگەی ئێمە بە چاوکراوەیی، واقیعبینیی و عیلم و مەعریفەتی سەلمێندراو پێشدەکەوێت نەوەک خوڕافیاتی لاکۆڵان.


د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو


PM:09:02:19/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 6900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل