‌زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر دەرمانی میتفۆرمین

وێستگە ستایل-

میتفۆرمین  یه‌كێكه‌ لە دەرمانەکانی نزمکەرەوەی شەکری خوێنە کە لەڕێگەی دەم وەردەگیرێت و لە گروپی بیگوانایدەکانە، وە ناسێنراوە بەناوی تیجاری گلوکۆفەیج، دكتۆر ئه‌یمه‌ن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دڵ زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م ده‌رمانه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

ئەم دەرمانە کۆنە و لە ساڵی1922 دۆزراوەتەوە وەکو چارەسەرێک بۆ قەڵەوی، وە دەستکرا بە بەکارهێنانی لە ساڵی 1958 لە به‌ریتانیا وەکو دەرمانی دابەزێنەری شەکری خوێن. 

 هەروەها دەرمانێکی بێ کێشەیە و کاریگەرییە لاوەکییەکەنی کەمن، وە لەهەمووی دیارتر کاریگەریەکانیەتی لەسەر کۆئەندامی هەرس وەکو هێڵنج، ئازاری گەدە و ڕشانەوە، بەڵام ئەم کاریگەریانە سوکن و ڕەنگە پێویست بە وەستاندنی بەکارهێنانی دەرمانەکە نەکات.

دەرمانی میتفۆرمین کاردەکات لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گلوکۆز لە جگەر و کەمکردنەوەی هەڵمژینی گلوکۆز لە کۆئەندامی هەرس، هەروەها کاری انسولین چالاک دەکات و وە بەرهەڵستی خانەکان بۆ ئینسولین کەمدەکاتەوە لەگەڵ چەندین کاری دیکە کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.

هەروەها بەرهەمهێنانی LDL (چەوری خراپ) کەم دەکاتەوە کە پێکهاتەیەکە چەوری دروستکراوی جگەر هەڵدەگرێت و زۆربوونی دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەوری سیانی( TG).

بەکارهێنانی ڕێگەپێنەدراوە لەو نەخۆشانەی سستی گورچیلەیان هەیە بە شێوەیەکی درێژخایەن یاخود لەنەکاو، نەخۆشی سستی دڵ لە قۆناغە سەختەکاندا، نەخۆشی درێژخایەنی جگەر یان لەحاڵەتی زیادبوونی ترشی لاکتیکی خوێن هەروەک چۆن لە حاڵەتەکانی شۆک بووندا ڕودەدات، وە لەکاتی بوونی هه‌وكردنێكی زۆردا، لە سێ حاڵەتەکەی کۆتایدا ئه‌نسولین بەکاردێت تا نەخۆشەکە باش دەبێت.

دەرمانی میتفۆرمین وەکو یەکەم قۆناغی  چارەسەرکردن بەکاردێت بۆ نەخۆشانی توشبوو بە شەکرەی جۆری دووەم، وە بەکار ناهێندرێت بۆ نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کیسی هێلکەدانیش بەکاریەت.

بە چەند بڕێکی جیاواز هەیە، بەشێوەی حەپ و گیراوە بۆ خواردنەوە، بە بڕی (٥۰۰،٨٥۰،١۰۰۰)مگم هەیە بە شێوەی تاک یان لەگەڵ دەرمانی دیکەی شەکرە کە لەڕێگەی دەم وەردەگیرێت بۆ چارەسەرکردنی شەکرە.

لەم ڕۆژانەی دوایدا ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ئەمریکی(FDA) نوسراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەگەری بوونی چەند مادەیەکی شێرپەنجەیی لە دەرمانی میتفۆرمیندا، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقین لەناو نەخۆشەکان و پزیشکەکاندا، وە لە ڕاستیدا نوسراوەکە ئاماژەی بە چەند دەرمانێک کرد کەتەنها پێنج شەریکە بەرهەمی دەهێنێت، لە جۆری Extended Release نەک هەموو جۆرەکان، وە هەتا ئێستاش تاقیکردنەوەکان بەردەوامە.

پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە، چونکە دەرمانێکی بێکێشە و کاریگەرە، وە بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری ۲ بەبێ کێشەیەکی دیار، هەروەها سەرچاوەکان دەریدەخەن کاریگەریەکانی لەسەر  کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆریەکانی دڵ و کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە لەو نەخۆشانەی شەکرەیان هەیە.

پەیامێکی گرنگ بۆ توشبوان بە نەخۆشی شەکرە، بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە سودی دەبێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەرزی ڕێژەی شەکرە لەخوێن، وە بەم شێوەیە کاریگەرییە خراپەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر کەسەکە کەم دەبێتەوە. 


PM:05:41:18/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 5508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌