‌ئەم نەخۆشییە جەستەییانە دەبنە هۆی نەخۆشیی دەروونی

وێستگە ستایل-


بەڵگەنەویستە کە دەروون و جەستە دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون و کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، جۆری کاریگەرییەکەش جۆراوجۆر و هەمەچەشنە. 

ئەوەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەندێک لە نەخۆشییە جەستەییەکانە، بەشێوەیەک کە زۆرجار کەسەکە گرفتاری ئەو کاریگەرییە دەروونیانە دەبێت و لە نیشانە و نەخۆشییە جەستەییەکە زیاتر بێزاری دەکات، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ئه‌و نه‌خۆشییه‌ جه‌سته‌ییانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ ده‌بنه‌ هۆی توشبوون به‌نه‌خۆشی ده‌رونی.

1- کەمی دەردانی هۆڕمۆنی پەریزاد (غودەی تەمبەڵ):
یەکێکە لە نەخۆشییە بەربڵاوەکان کە هۆرمۆنی پەریزاد لە لاشەدا کەمدەردەدرێت یاخود پاش لابردنی ڕژێنی هۆرمۆنەکە بە نەشتەرگەری روودەدات. 

بەگوێرەی ڕێژەی کەمی ئەم هۆڕمۆنە کەسەکە هەست بە نیشانە و نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات، بەتایبەت نەخۆشی خەمۆکی و دڵەراوکێ، هەندێکجاریش دەبێتە هۆی سایکۆسس، لە منداڵانیشدا یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتەی گەشەی ژیری (بیرکۆڵی)
بەگوێره‌ی توێژینەوەیەک ڕێژەی (٪٦٠)ی توشبووان بە کەمی هۆرمۆنی پەریزاد توشی خەمۆکی بوون و (٪٦٣)یان توشی دڵەراوکێ بوون.

2-  زۆربوونی دەردانی هۆڕمۆنی پەریزاد (غودەی چالاک) :
زۆری دەردانی ئەم هۆڕمۆنە دەبێتەهۆی توشبوون بە چەندین نیشانەی دەروونی و بەتایبەتی دڵەراوکێ و مەزاج توندی. لە هەندێک نەخۆشدا دەگاتە ئاستی دەستنیشانکردن بە سایکۆس و خەمۆکی.
 
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر کەسانی تەمەن ١٠ بۆ ١٨ ساڵ کراوە، دەرکەوتووە پەیوەندییەکی ڕوون هەیە لە نێوان توشبوون بە زۆردەردانی هۆرمۆنی پەریزاد و شڵەژانە دەروونیەکانی وەکو جوڵەزۆری کەمتەرکیز (ماخۆلان)، دڵەراوکێ، خەمۆکی، گونجان، و دووجەمسەری! بەشێوەیەک رێژەی (٪٧.٦)ی توشبووان بە زۆردەردانی پەریزاد توشی جولەزۆری کەمتەرکیز بوون، (٪٤.٩) توشی شڵەژانی دڵەراوکێ و (٪٥.٨) توشی خەمۆکی بوون.

3-کۆنیشانەی کوشین: ئەم نەخۆشییە بەهۆی زۆربوونی ڕێژەری دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵەوە دەبێت، کە بۆماوەیەکی زۆر ئەم هۆرمۆنە بە ڕێژەیەکی زۆر لە لاشەی کەسەکەدا هەبێت، جا خودی لاشەی زۆر دەریبدات یان لە دەرەوە بەشێوەی چارەسەر یان دەرمان وەریبگرێت. دەرکەوتووە کە ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی توشبوون بە نەوبەی تۆقین، خەمۆکی، سایکۆسس، و دڵەراوکێ. 

لە توێژینەوەکاندا چەندین ڕێژەی جیاواز هەیە سەبارەت بە توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان لەو کەسانەی کە کۆنیشانەی کوشینیان هەیە، لە پیاچونەوەیەکدا کە کراوە بۆ توێژینەوەکان لەسەر ئەم بابەتە،ئەم ئەنجامانە دەرکەوتوون: ڕێژەی (٪٥٥-٨١) توشبووان بە کۆنیشانەی کوشین توشی خەمۆکی دەبن، ڕیژەی (٪٥٣) توشی شلەژانی تۆقین و رێژەی (٪٨) توشی سایکۆسس دەبن. 

4- پەتکەی مێشک (جەڵدەی مێشک ): ئەوکەسانەی کە توشی پەتکەی مشێک دەبن لە دوای ماوەیەک توشی نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەراوکێ دەبن، ئەمە جگەلەوەی کە لەوانەیە ببێتە هۆی خەڵەفان و بیرچونەوە.

لە توێژینەوەیەک بۆ دیاریکردنی ڕێژەی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەراوکێ پاش تووشبوون بە جەڵدەی مێشک، دەرکەوتووە کە رێژەی (٪٢٩) توشی دڵەراوکێ دەبن و رێژەی (٪٢٤) توشی خەمۆکی دەبن.

5-کەمی ڤیتامین بی ١٢ : کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆکاری زۆر شڵەژان و نیشانەی دەروونی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوون بە لەبیرچونەوە و خەڵەفان. جگە لەوەی کە هەندێکجار دەبێتە هۆی خەمۆکی و سایکۆسس.

کەمی ئەم ڤیتامینە لەگەل زۆرێک لە نەخۆشیییە دەمارییەکان کە دەبنە هۆی خەلەفان هەیە، وەکو نەخۆشی ئەڵزهایمەر، پارکینسۆن و خەلەفان بە هۆی پەتکەی مێشکەوە. لە هەمان کاتدا دەرکەوتووە کە کەمی ڤیتامین بی ١٢ دەبێتە هۆی تێکچوون و لاوازبوونی توانای ژیری. (Cognitive )

 ئەم نەخۆشییانە و چەندین نەخۆشێ تریش هەن کە نیشانە و نەخۆشییە دەروونیەکان دروستدەکەن: ئایدز، هەوکردنی سیفلس، نەخۆشی ویلسن، کەمی ڤیتامی دی و سایەمین، شێرپەنجەی مێشک، نەخۆشیی پارکینسۆن و نەخۆشییە دەمارییەکانی وەکو گرەیڤس و مەلتیپل سکلەرۆسس، .

ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییانەیان هەیە و چارەسەریان وەرگرتووە، هێشتا نیشانە دەروونییەکانیان ماوە، پێویستە چارەسەر بۆ نیشانە دەروونییەکانیش وەربگرن.


PM:05:01:17/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌