‌هۆكار و نیشانه‌كانی شکانی چوک و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-

بریتیە لە تەقین وهەڵپچڕانی پەردەی داپۆشەر(Tunica Albogenia )ی دوو لولەک (Corpus Cavernosum)ی چوک، لەکاتی پڕبونی ئەو دوو لولەکە بەخوێنێکی زۆر لەکاتی ڕەپبون، "ئەو دوو لولەکە ناوئاخنکراون بەشانەی ئیسفەنجی ئەشکەوتی و مولولەی خوێن، دكتۆر هیوا پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

 چونکە دڕانەکە دەنگێکی تایبەتی لەگەڵە وەک تەقاندنی ئێسکی جومگەکان وایەو لەکاتی ئەوپەڕی ڕەقی چوک ڕودەدات، بۆیە ناوینراوە شکان ئەگەرنا هیچ ئیسکێک یان کڕکڕاگەیەک لەناو چوکی پیاو بونی نیە.

شکانی چوک بارێکی لەناکاوە و پێویستە نەخۆشەکە بەبێ دوودڵی و شەرم سەردانی فریاکەوتن یان پزیشکی پسپۆری میزەڕۆ بکات، چونکە ئەگەر لەماوەی ٢٤ کاتژمێری دوای ڕوداوەکە چارەسەر کرا، ئەوە لەداهاتوو دوردەبێت لەکێشە سێکسیەکان.

شکانی چوک ڕەنگە بۆری گواستنەوەی میزیش بگرێتەوە کەبەژێرەوەی دوو لولەکی شانە ئیسفەنجیەکانی چوک دا ئەڕوات و میزی نەخۆش خوێناوی ئەبێت.

نیشانەکان:
1-  بیستنی دەنگێکی وەک تەقاندنی ئێسکی جومگەکان.
2- نەخۆش دەستبەجێ هەست بە ئازارێکی توندی چوکی ئەکات.
3- ڕەپبونەکەی خێرا خاودەبێتەوە و دوبارە ڕەقنابێتەوە.
4- هەڵاوسان و شین ومۆربونەوەی چوک لەئەنجامی دزەکردنی خوێن لەشانە ئیسفەنجیەکانی چوک بۆ شانەکانی ژێر پێست، بەمەش چوک شێوەی باینجان وەردەگرێ.
5- ڕەنگە میزکردنی زەحمەتبێت یان لەدەرچەی میزی خوێن دەرکەوێت.

هۆکارەکان:
شکانی چوک ڕودەدات لەئەنجامی بەرکەوتنێکی کت وپڕی چوک لەکاتی ڕەقبوندا کە ببێتە هۆی چەماندنەوەی چوک بەتوندی، بەمەش پەردەی داپۆشەری دوو لولەکی شانە ئیسفەنجیە پڕ خوێنەکانی چوک ئەتەقێت و خوێن بەربوون بۆ ژێر پێستی چوک ڕوئەدات (لەکاتی تەواو ڕەقبونی چوکی پیاو، ئەو پەردەیە کە پەردەیەکی چڕ و بەهێزە، لە ٢.٢٥ ملم ەوە ئەبێت بەتەنها ٠.٢٥ ملم، واتا زۆر تەنک ئەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بدات بەدرێژ و ئەستوربونی چوک).

1- باوترین هۆکاری شکانی چوکی پیاو، لەکاتی سەرجێی کردنە لەڕێگەی زێوە، بەهۆی بەرکەوتنێکی توند و لەناکاوی چوکی پیاوەکە بەدەوروبەری زێی هاوسەرەکەی، بەتایبەت ئەگەر ئافرەتەکە بکەوێتە سەر پیاوەکەی.

2-  ئاوهێنانەوەی پیاو بەدەست و چەماندنەوەی چوکی یان تەقاندنی چوک کە خویه‌کە لەناو گەنجانی هەندێک ووڵاتی وەک و ئەمریکاو ئێران زۆر باوە.
3- بەربونەوە بەسەر چوک لەکاتی ڕەقیدا یان کەوتنەوە ژێرخۆی لەکاتی نوستن، یانیش هەر زەبرێک کەبەر چوک بکەوێت لەکاتی ڕەپبون.
4- بەشێک لەلێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی حالەتەکانی شکانی چوکی پیاوان لەکاتی پەیوەندی سێکسی لەدەرەوەی خێزان واتا سێکسی ناشەرعی ڕوودەدەن.

دەستنیشانکردن
1-  وەرگرتنی مێژو و چۆنیەتی ڕودانی کەیسەکە و پشکنینی چوکی نەخۆشەکە؛ زۆربەی جار چاڵاییەک ( ٢-٣سم) بەردەستی پزیشک دەکەوێت لەشوێنی شکانەکە.
2- ڕەنگە پێویست بە پشکنینی سۆنەر یان تیشکی لەرەلەری موگناتیسی تایبەت بکات لەکاتی دڵنیا نەبون لە دەستنیشانکردنەکە.
3- پزیشکی پسپۆری میزەڕۆ دەبێت ووریابێت لە شکانی درۆزنە؛ کە بریتیە لە شین و مۆربونەوەی چوک بەهۆی تەقینی هەندێک مولولەی ژێر پێستی چوک کەخۆیان وەک شکانی ڕاستەقینە نیشان ئەدەن، بەڵام لەچارەسەرکردن پێویست بەنەشتەرگەری ناکات.

چارەسەرکردن:
1- چارەسەری شکانی چوک بە نەشتەرگەری دەکرێت، کە پزیشکی نەشتەرگەری میزەڕۆ هەڵدەستێت بەئەنجامدانی لەڕێگەی کردنەوەی پێستی چوک و دورینەوەی شوێنی پەردە تەقیوەکە بەجۆرێک کەهیچ خوێنێک نەدات و پاککردنەوەی خوێنە کەڵەکە بوەکەی ژێر پێست.

2-  ئەنجامدانی نازوری نەرمی بۆری میزو میزڵدان بۆ دڵنیابونەوە لەئەگەری ڕودانی هەر تەقینێک لە بۆری میزی چوک ١٥٪ و چاککردنەوەی ئەگەر ڕویدابوو.
3- ئامانجی نەشتەرگەریەکە گێڕانەوە و پاراستنی توانا سێکسیەکانی پیاوەکە و ڕێگریکردنە لە خواربون و گرێی چوک و شێوانی شێوەکەی و ئازاری کاتی سەرجێیی کردن و چارەسەری کێشەکانی میزکردن بەڕێژەی سەروی ٩٠٪ ، بەپێچەوانەوە ئەگەری ڕودانی هەموو ئەوانەی سەرەوە هەیە بەڕێژەی سەروی ٥٠٪.
4- دوای نەشتەرگەری ڕەنگە چەند کاژمێرێک یان زیاتر لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
5- پزیشک دەرمانی ئازارشکێن و دژەهەوکردن و دەرمانی ڕیگریکردن لە ڕەقبونی چوکی پێئەدات.
6- شکانی چوک پێویستی بە نزیکەی دوو مانگ هەیە تاکو بەتەواوی چاکدەبێتەوە.
7- بەلای کەمی تاکو مانگێک نەخۆش نابێت سەرجێیی بکات.


PM:09:23:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 13720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌