‌وه‌ڵامی 10 پرسیار له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا

وێستگە ستایل-


به‌رده‌وام پرسیاری جیاواز له‌باره‌ی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌لای توشبووان و توش نه‌بوان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌ و ده‌كرێت، دكتۆر عارف پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌خاته‌ ڕوو.

1-چۆن بزانم تووشی کۆرۆنا بووم؟
پەتای کۆرۆنا لە رێگای نیشانەکانی دەست نیشان دەکرێت، مەرج نیە نەخۆش ھەموو نیشانەکانی ھەبێت، لە ھەندێک حالەت نەخۆش چەند نیشانەیەکی کەمی ھەیە ، توندوتیژی و جۆری نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت . بۆ دلنیابوون دەتوانیت پشکنینی PCR بكه‌ی، کە بەشێوەی سامپل لە لووت و قوڕگ وەردەگیرێت، پێویسته‌ ئەوەش بگوترێت، ئەگەر پشکنینەکەت نێگەتیڤیش بێت، به‌ڵام بەشێک لە نیشانەکانی ئەو پەتایەت ھەبێت، ئەگەری زۆری ھەیە ھەر دووچاری پەتای کۆرۆنا بووبیت.

2- ئایا به‌ ته‌نیا لە دەستدانی هه‌ستی بۆن و تامكردن ئه‌وه‌ دەگەیەنێت، کە تووشی کۆرۆنا بووبیت؟

لە بارودۆخێکی هه‌ستیاری وه‌كو ئێستا، كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌ستدانی هه‌ستی بۆن و تامكردن له‌پڕ، نیشانه‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆ تووش بوون به‌ په‌تای كۆڕۆنا، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك تووشبواندا وه‌ك تاكه‌ نیشانه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

3- ئایا لە رێگای پشکنینی خۆێنه‌وه‌‌ ده‌توانین پەتای کۆرۆنا دەستنیشان بکه‌ین ؟

پشکنینی سیرۆلۆژی خوێن، کە بە IgM و IgG دەناسرێت ، بریتیە لە پشکنینی دژەتەن . ئەگەر ئەو پشکنینە لە ھەفتەی یەکەمی نەخۆشیەکە بکرێت ئەوا بە نێگەتیڤ دەردەچێت، بۆیە ناكرێت زۆر پشت به‌و پشكنینه‌ ببه‌ستین بۆ ده‌ستنیشانكردنی پەتایه‌کە، بە تایبەت لە ماوەی ھەفتەی یەکەمی سەرھەلدانی نیشانەکان. کۆمەلێک پشکنینی تری خوێن لە کوردستان دەکرێت، که‌ بە ھیچ شێوەیەک رۆلی نیە لە دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا.

4-ماوەیەک پێش ئێستا کۆمەلێک نیشانەی پەتای کۆرۆنام ھەبوو ، بەلام پشکنینی PCR نیگەتیڤ بوو ،ئایا ھیچ پشكنینێك ھەیە دلنیا بكاته‌وه‌، کە پەتای کۆڕۆنام هه‌بووە ؟

كاتێك ماوەیەک بەسەر پەتاکە تێده‌په‌ڕێت، دەکرێت نه‌خۆش لە رێگای پشکینی سیرۆلۆژی دلنیابێته‌وه‌ له‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بووه‌ یاخود نا، به‌رزبوونی رێژه‌ی IgG ئەوە دەگەیەنێت، كه‌ ئەو نیشانانه‌ی له‌كه‌سه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ په‌تای كۆڕۆنا بووه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ بەرگریت بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە پەیداکردووە . دیاره‌ IgG بۆ ماوەی چەند مانگێک دوای نه‌مانی پەتاکەش لە خوێن بە رێژەیەکی باش دەبینرێت

5- ئایا دەکرێت كه‌سێك بۆ جاری دووه‌م تووشی کۆرۆنا بێته‌وه‌ ؟

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی بۆ جاری دووه‌م تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بوون رێژه‌یان ئێجگار كه‌مه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ دووچاری كۆڕۆنا ده‌بن راده‌یه‌كی باشی به‌رگریان لادروست ده‌بێت و ئەگەری دووبارە تووشبوونه‌وه‌ به‌م نه‌خۆشیه،‌ بە تایبەتی لە چوار مانگی یەکەمی دوای نه‌مانی پەتاکە، ئێجگار کەمە، بۆیه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م ئەو ژمارەی لە کوردستان باس دەکرێت، كه‌ بۆ جاری دووه‌م دووچاری په‌تاكه‌ بووینه‌ له‌راستیه‌وه‌ نزیك بێت. تا ئێستا ژماره‌ی ئەو کەسانەی بۆ دووه‌م جار لە ئەوروپا تووشی پەتاکەبوون لەژماره‌ی پەنجەکانی دەست ره‌تناكات. بۆیە تکاده‌كه‌م ئەو کەسانەی کە ئەو پەتایەیان تێپەڕاندووە نابێت تووشی دڵه‌ڕاوكێ بن و بترسن، بەلام وەک ھەر کەسێکی تر پێویسته‌ بەردەوام بن لە خۆپاراستن .

6- ئایا بۆ تووشبووانی پەتای کۆرۆنا جگە لە پاراسیتامۆل و ڤیتامینه‌كان ، پێویست دەکات ئانتی بایۆتیک بەکاربھێنرێت ؟

زۆربه‌ی ئەوانەی بە سووکی تووشی كۆڕۆنا ده‌بن پێویست به‌ به‌كارهێنانی ئانتی باتیۆتیك ناكات، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م ، دوای ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی کۆکە و بەلغەمیان ده‌بێت دەکرێت ئانتی بایۆتێک بەکاربھێنن، لەو حالەتەدا وه‌رگرتنی کۆرسێکی له‌ حەبی ئەزیسرۆمایسین بە گونجاو دەبینم.

7-دوای چەند رۆژ لە تووشبوون به‌ کۆرۆنا نه‌خۆش ده‌توانێت تێکەل بە خەلک بێته‌وه‌؟

بەشی ھەرە زۆری خه‌ڵك به‌ سووكی كۆڕۆنا ده‌گرن، واتە تووشی ھەوکردنی سیەکان ودابەزینی رێژەی ئۆکسجین نابن . ئەو نەخۆشانەی نیشانەی پەتاکەیان ھەیە ، یان پشکنینی PCR یان پۆزەتیڤ دەرچووە ، پێویسته‌ بۆ ماوه‌ی دوو ھەفتە خۆیان كه‌ره‌نتین بكه‌ن، دوای ئەوه‌ ده‌توانن تێکەل به‌ خەڵک ببنه‌وه‌، بە تایبەت ئەگەر نیشانەکانی نه‌خۆشیه‌كه‌یان تیادا نه‌ما ، به‌ڵام ئەو نەخۆشانەی بە تووندی تووشی پەتاکە ده‌بن، به‌باشی ده‌زانین ماوەی کەرەنتینه‌كه‌ بۆ سێ ھەفتە درێژ بکەنەوە.

8-ھەموو نیشانەکانی کۆرۆنام ھەیە، ئایا پێویست دەکات سەردانی دکتۆر بکەم ؟
ئەگەر نه‌خۆش زۆر نارەحەت نه‌بێت و دووچاری تەنگەنەفەسی نه‌بێته‌وه‌، ،پێویست ناكات سەردانی دکتۆر بكات، لە ئەوروپا سەدان ھەزار کەس تووشی ئەو پەتایە ده‌بن و لە مالەوە نایەنە ده‌ره‌وه‌، جگە لە پاراسیتۆل بۆ شكاندنی ئێش و ئازاره‌كانیان هیچی تر به‌كارناهێنن، بەلام پێویسته‌ نەخۆش به‌ وردی چاودێری دۆخی خۆی بکات و لە ئەگەری تەنگەنەفەسی یان دابەزینی رێژەی ئۆکسجین لە خوێنی، به‌ په‌له‌ سه‌ردانی نزیكترین نه‌خۆشخانه‌ یان دكتۆر بكات له‌ژێر چاودێری پزیشك بمێنێته‌وه‌، چونکە بەشێک لەو نەخۆشانە دۆخی تەندرووستیان تێکدەچێت و پێویستیان بە چاودێری چر دەبێت.

9- تووشی کۆرۆنا بووم و سەردانی یاریدەری پزیشکم کردووە، دەرزی دیکادرۆنی بۆم نووسیوە دەکرێت ئه‌و ده‌رزیه‌ بەکاربھێنم ؟

نەخێر ... دیکسامیسازۆن، کە لە کوردستان بە دیکادرۆن دەناسرێت، ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كارده‌هێنرێت، كه‌ سیه‌كانیان تووشی هه‌وكردن بووه‌و رێژه‌ی ئۆكجسین له‌خوێنیان دابه‌زیوه‌، بۆ ئه‌و حاله‌تانه‌ ئه‌گه‌ری مردن كه‌متر ده‌كاته‌وه‌، هاوكات ته‌نیا پزیشك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بڕیار بدات كامه‌ ده‌رمان به‌كارده‌هێنرێت یاخود به‌كار ناهێنرێت، به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رمانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سیه‌كانیان هه‌وی نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ری زۆره‌ به‌رگری له‌شیان كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌ بكاربهێنرێت.

10-ئایا مندال پەتای کۆرۆنا دەگوازێتەوە بۆ کەسێکی تر ؟

بەشێوەیەکی گشتی مندال بە سووکی پەتاکە دەگرن، چەند نیشانەیەکی کەمیان تیا دەردەکەوێت و نه‌خۆشیه‌كه‌ ماوەیەکی کەمتر دەخایەنێت، تەنانەت رێژەیەکی بەرچاو له‌ منداڵان ھیچ نیشانەیەکیان لێدەرناکەوێت . ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌قورسی په‌تاكه‌ ده‌گرن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌بێت، زۆر كه‌مه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ئاگادار بین، كه‌ منداڵی تووشبوو په‌تاكه‌ بۆ كه‌سانی تر ده‌گوازێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌كاتی تووشبوونی منداڵێكمان هه‌مان رێكاره‌كانی خۆپاراستن بگرینه‌ به‌ر.


PM:10:00:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل