‌جیاوازی سارس 1 و کۆرۆنای نوێ چییه؟

وێستگە ستایل-

دوای ئەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاوکردەوە کە گوایە لە سلێمانی جگە لە نەخۆشی کۆڤید ( سارس2) نەخۆشییەکی تریش بڵاوبۆتەوە کە ئەویش جۆرێکی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە ( سارس 1) ناسراوە.

وەزارەتی تەندرووستی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند ئەم هەواڵانە راست نین و بەڵگەی زانستی بەردەست نییە کە بیسەلمێنێ ئەو ڤایرۆسە بڵاوبۆتەوە.

هەروەها تەندرووستی سلێمانیش دەڵێت" هەواڵەکە راست نییە و بەڵگەی زانستی بەردەست نییە، لێکۆڵینەوەی زیاتریش دەکەن" دكتۆر محمد بەکالۆریۆس لەنەشتەرگەری گشتی و هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا جیاوازی نێوان هه‌ردوو ڤایرۆسه‌كه‌ ڕون ده‌كاته‌وه‌.

(سارس 1) جۆرێکی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ساڵی2003 لەوڵاتی چین سەری هەڵدا، هاوشێوەی ( سارس 2 -  کۆڤید 19) یاخوود بڵێین ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایەی ساڵی پار بڵاوبویەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

هەردووکیان تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبن و هەندێك خەڵک بە سووکی دەیگرن و هەندێ خەڵکیتریش بە تووندی، 
نیشانەکانیان تا راددەیەکی زۆر وەک یەکە.

ئەگەرچی هەواڵەکە هیچ بەڵگەی زانستی لەپشت نییە و تەنیا دەنگۆیە، بەڵام ئەگەر  راستیش بێت، لە ئاستی خەڵک و کۆمەڵگا ترس و دڵەراوکێییەکی گەورەی ناوێت، چونکە شێوازی خۆپارێزی و نیشانە و چارەسەرەکانیشی تا راددەیەکی یەکجار زۆر هەمان شتە، تەنیا دەبێ زیاتر وامان لێبکا پابەندی رێنماییە تەندرووستییەکان بین.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌شڵێت" ئەگەر ئێمە فێربووبێتین چۆن خۆمان بپارێزین لە کۆرۆنای نوێ ( کۆڤید 19) و بتوانین چارەسەری بکەین، ئەوا رێگاکانی خۆپاراستن و چارەسەری هەمان شتە و جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە."

1- هەردوو ڤایرۆسەکە ڤایرۆسی کۆرۆنان سەر بەهەمان خێزانن.
2- هەردووکیان تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبن و بەرێگای هەناسە دەگوازرێنەوە.
3- کۆڤید خێراتر دەگوازرێتەوە و سارس تاراددەیەک بکوژترە.
4- لەهەردووکیاندا رێگای خۆپارێزی بریتییە لە ماسک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی و دەستشۆردن.
5- چارەسەرییەکانیش تا راددەیەکی زۆر هاوبەشە.


PM:04:41:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌