‌چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ته‌نها شیر ده‌خۆن و نان ناخۆن

وێستگە ستایل-

زۆرترین کێشە کە ڕوبەروی دایکان دەبێتەوە ئەوەیە کە منداڵ خواردن نەخوات و ڕێژەیەکی زۆر شیر بخوات، دكتۆره‌ تابان پزیشكی‌ پسپۆڕی گەشەو خۆراكی‌ منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌دات.
 
زۆر جار منداڵ (بەتایبەتی دوای تەمەنی یەک ساڵی) هێشتا ڕێژەیەکی زۆر شیر دەخوات و خواردن بەکەمی دەخوات، چونکە ئەگەر رێژەی شیرەکە زۆرتر بێت لەوەی کە بۆ تەمەنەکەی ڕێگە پێدراوە وا دەکات منداڵەکە تێر بێت بە شیرەکە و خواردن نەخوات وە ئەمە وردە وردە دەبێت بەخووێک لە منداڵەکەداو وای لێیەت تەنها داوای شیر بکات و واز لە خواردن بهێنێت وە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکە بەرەو لاوازی بڕوات و کێشی کەم بکات چونکە شیرەکە خۆراکە بەهای پێویست دابین ناکات بۆ گەشەی منداڵەکە.

کەواتە چی دەکەیت بۆ ئەوەی منداڵەکەت ئەم خووە نەگرێت؟

1- هەر لە تەمەنی ٦ مانگیەوە دەست بکە بە خۆراکی تەواوکەر و بە شۆربا و سەوزەوات دەست پێ بکە پاشان میوەی بەرێ.

2- لەتەمەنی ٧ مانگیەوە بڕی شیرەکە کەم بکەرەوە و دەست بکە بە سێ ژەم وە دوو نێوانە ژەم.

3- تا تەمەنی منداڵەکە زیاتر بکات ڕێژەی شیرەکە کەمتر بکەرەوە و خواردن زیاد بکە.

بەم شێوەیە بەردەوام بە تا تەمەنی یەک ساڵی.

بەڵام دەبێت چی بکرێت ئەگەرئێستا منداڵەکەت یەک ساڵ زیاترە و شیر زۆر دەخوات و خواردن ناخوات؟

وەک باسمان کرد ئەمە بووە بە خویەک وە بۆ ئەوەی ئەم خووە بگۆڕێت بەلایەنی کەمەوە ٣ بۆ ٤ هەفتەی دەوێت تامنداڵەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی خواردن بخوات.

ئەم هەنگاوانەی خوارەوە یارمەتیت دەدەن بۆ چارەسەری ئەم خووە:
1-  هەر ٣ بۆ ٤ ڕۆژ جاریک شیرێک کەم بکەرەوە. وە بە هیچ شێوەیەک ئەو شیرەی کە کەمت کردۆتەوە بۆی زیاد نەکەیتەوە.
2- یەک كاتژمێر و نیو پێش ژەمەکان هیچ شتێک مەدە بە منداڵەکەت بۆ ئەوەی تێر نەبیت.

3- لەکاتی ژەمەکاندا نابێت زۆری لێبکەیت.

4- لە كاتی‌ نان خواردندا هەوڵ بە كەشێكی‌ ئارام دروست بكەیت، زۆر سەر مەخەرە سەر منداڵەکە بۆ ئەوەی‌ نان بخوات و وەعدی‌ هیچ شتێكی‌ پێمەدە بۆی‌ بكەیت ئەگەر نانەکە بخوات.

5- ئەگەر منداڵەکە نانەکەی‌ نەخوارد یان ئەو بڕە نەبوو كە لای‌ تۆ گوجاوە، وازی‌ لێبێنە با نان خواردنەكە بەجێ بهێڵێت.

6- بە هیچ شێوەیەک شیر یان میوە یان بسکیتی‌ نەدرێتێ لە بری ژەمەکە.

هەندێک لە دایکان زۆر بەلایانەوە قورسە کە شیر نەدەن بە منداڵەکانیان و ئەو هەستەیان هەیە کە غەدر لە منداڵەکە دەکەن، بەڵام خۆڕاگری زۆر گرنکە، هەوڵ بە بەردەوام بیت لەم هەنگاوانەدا، چونکە ئەوەی تۆ دەیکەیت لەبەر ئەوەیە کە منداڵەکەت کەم کێش و کورتە باڵا نەبێت لە داهاتودا.


PM:05:42:24/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌