9 ڕێنمایی گرنگ بۆ چارهسهری توشبووانی كۆرۆنا
وێستگە ستایل-
چەند ئامۆژگارییەکی تاقیکراوەی بەسوود بۆ تووشبوانی ڤایرەسی کۆڕۆنا و نەخۆشیی کۆڤید_١٩ ئەوانەی لە ماڵەوە چارەسەری پزیشکیی وەردەگرن بەتایبەتی ئەوانەی کۆکە و ھەناسە تووندییان ھەیە و من وەک پزیشک بۆ بەشێکی نەخۆشەکانی خۆم بەکارم ھێناوە و سوودی زۆریان لێبینیوە، ئهمه ڕێنماییهكانی دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی ههناویه بۆ ئهو كهسانهی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.
1- تا پێت دەکرێت ڕۆژانە و لە کاتی خەوتن لەسەر سک پاڵکەوە، تا پێت دەکرێت خۆت نەخەیتە سەر پشت چونکە بەشێکی زۆری سییەکان (سیپەلاک) دەکەوێتە بەشی پشتەوەو بەمەش ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین چالاکتر و باشتر دەبێت ئەگەر لەسەر سک پاڵکەویت.
2-ھەندێ وەرزشی تایبەت بە سییەکان ھەیە دەتوانی لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت: ڕۆژانە بەیانیان و ئێواران، بۆ نزیکەی ٢٠-٣٠ جار، ھەناسەی قوڵ لە ڕێی لووتەوە ھەڵمژە و پاشان بە ڕێگای دەمتەوە تەواوی سییەکانت بەتاڵ بکەوە، لە کۆتایی ھەر جارێک تا پێت دەکرێت کۆکەیەکی تووند بکە.
3-بۆ ئەوانەی کۆکەی بێزارکەر یان ھەناسە تووندییان ھەیە، جۆرێکی تر لە وەرزشی سییەکان بریتییە لە لێدان لە پشتەوەی سنگ، واتا بەناو لەپی دەستت لە سنگی کەسی تووشبوو دەدەیت بەشێوەیەکی ھێواش و لەسەرخۆ بەجۆرێک بێت لەپی دەستەکانت لە خوارەوەی سنگەوە بۆ سەرەوەی سنگ لێدانەکە بکەیت، ئەمە ڕۆژانە بەیانی و عەسر و شەو ھەرجارە پێنج بۆ دە خولەک بەردەوام بێت.
4-تا پێت دەکرێت بکۆکە و بەڵغەم فڕێبدە دەرەوە و قووتی مەدە ئەگەر بەڵغەمت ھەبێت، تا پێت دەکرێتە بە کۆکە سییەکانت لە بەلغەم خاوێن بکەوە.
5-تا پێت دەکرێت سیڕەپ (شڕوب) ی کۆکە بەبێ پرسی پزیشکی پسپۆڕ بەکارمەھێنە، کۆکە نیشانەیەکی باشی بەرگری سییەکانتە دژی ڤایرەسەکە، تا دەکرێت ئەگەر تەحەممول دەکەیت، سیڕەپی کۆکە بەکارمەھێنە.
6- ھەڵمژینی ھەڵمی ئاوی گەرم لە بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی پێنج خولەکێک، کاریگەریی ئهرێنی ھەیە لەسەر کردنەوەو خاوکردنەوەی ڕێڕەوی ھەناسە و ئەم کردارەش ڕۆژانە دووبارە بکەوە.
7-لە ھەفتەی یەکەم و تا دە ڕۆژی یەکەم ھەوڵ بدە پشووی تەواو وەربگریت، ڕۆژانە لە ژوورەکەت بەیانیان بۆ ماوەی دوو كاتژمێر پەنجەرەکان بکەوەو ھەواگۆڕکێی ناو ژوورەکەت پێویستە.
8-تا پێت دەکرێت خۆت بە خوێندنەوە خەریک بکە جا ھەر شتێک بێت، یان یان ھەر زیکرێکی ئاینیی یان قسەکردن لەڕێگەی تەلەفۆن لەگەڵ خۆشەویستانت و تا دەکرێت تەرکیزت نەخەیتە سەر ھەناسە و سنگت و کەمتریین ماوە ھەوڵ بدە موتابەعەی ھەواڵەکانی تایبەت بە کۆڕۆنا بیت.
9-ئامێری ئۆکسجین پێوی خوێن، با لەلات بێت و ڕۆژانە شەش یان ھەشت كاتژمێر جارێک پێوانهی بکە و ھەرکاتێ دابەزێت، پزیشکەکەتی لێ ئاگادار بکەوە.
PM:04:48:17/10/2020
ئهم بابهته 3944
جار خوێنراوهتهوه