‌پزیشكێك: ئەمساڵی خوێندن بفەوتێت باشترە لەوەی ئۆنلاین بێت

وێستگە ستایل-

له‌باره‌ی‌ خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئه‌مساڵ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ قسه‌و باسی جیاواز ده‌كرێت و هه‌ندێك پێیان باشه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ بژارده‌یه‌كی نه‌شیاوی ده‌زانن، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ماكۆك پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی چاو به‌ چه‌ند خاڵێك ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ ڕوون بكاته‌وه‌ خوێندنی ئه‌مساڵ بفه‌وتێت باشتره‌ له‌وه‌ی‌ به‌ ئۆنلاین بێت.

1-  زۆرینەی ماڵە هەژارەکان منداڵیان زۆرە و لەوانەیە لە یەک کاتدا دوو منداڵ و زیاتریان وانەیان هەبێت، بەمەش پێویستیان بە دوو ئامێری کۆمپیوتەر و زیاتر دەبێت، ئەمە جگە لە مەسرەفی خەتی ئنتەرنێت.

2- سروشتی مرۆڤ وایە ناتوانێت ماوەیەکی زۆر لەسەر خەتی ئنتەرنێت بمێنێتەوە و هەر سەرقاڵی زانست بێت، بەبێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت لینکی بابەتی نازانستی دەکاتەوە و لە ئامانج دوور دەکەوێتەوە.

3- پڕۆسەی خوێندن بەبێ پەروەردە و پەیوەندی نێوان خوێندکاران هیچ بەهایەکی نیە، لە خوێندنی ئۆنلایندا جگە لەوەی پەیوەندی نێوان خوێندکاران بۆ ئاستی سفر دادەبەزێت، پەروەردەش دەچێتە ژێر سفر.

4- خوێندنی ئۆنلاین هەلی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ دروسبوونی پەیوەندی نادروستی نێوان مامۆستای پیاو و خوێندکاری کچ، یان نێوان خوێندکاران خۆیان. دایک و باوکیش بە بیانوی ئەوەی خوێندنەکە ئۆنلاینە کەمتر دەتوانن چاودێرییان بکەن.

5- لە پێشتریش هیچ خوێندن و بڕوانامەیەکی ئۆنلاین بەهای خوێندن و بڕوانامەی ئاسایی نەبووە، ئەمساڵ ببێت بە ئۆنلاین خوێندنی ساڵانی داهاتووش لە پێشچاوی مناڵ سوک دەکات.

6- هەمان ئەو تێکەڵییەی لە قوتابخانەدا دروست دەبێت ئێستا لە ماڵان و کۆڵان و بازاڕدا هەیە، هاتوچۆی ئەو شوێنانە ئاساییە چۆن دەکرێت هاتوچۆی قوتابخانە ئاسایی نەبێت.

7- هیچ دڵنیاییەک نیە پەتای کۆرۆنا چەندین ساڵی دیکەش نەخایەنێت، ناکرێت خوێندنی چەندین ساڵ بکرێت بە ئۆنلاین، وە دەبێت کارێک بکرێت جەستەی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی بگونجێنێت، هەروەکو ئەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی هەڵامەت و ئنفلۆنزا خۆی گونجاندووە، نەک ئەوەی بەردەوام لە سەنگەری ترس و دڵەڕاوکێدا بین.

8- مانەوە بە دیار شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەر چەندین زیانی جەستەی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە کە زۆر زیاترە لە زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


PM:12:16:14/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌