‌10 گرنگترین سووده‌كانی شیری دایك بۆ منداڵ

وێستگە ستایل-


هەمو ساڵێک 1 تا 7 ی‌ مانگی‌ هەشت بە هەفتەی شیرپێدانی_سروشتی دەست نیشان کراوە، کە ساڵانە بۆ ماوەی هەفتەیەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی و چەند رێکخراوێکی تر پێ ی هەڵدەستن و لە زۆربەی وڵاتان چلااکی و کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت بۆ هاندانی دایکان لەسەر شیرپێدانی سروشتی و پێدانی زانیاری لەو بارەوە.

 شیرپێدانی سروشتی سودی زۆر زۆرە و منداڵ دەپارێزی لە هەندێ نەخۆشی کوشندەی وەکو هەوکردنی سییەکان و سکچون کە ساڵانە چەندان منداڵ بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە شیری دایک خۆراکی تەواو بۆ منداڵ دابین دەکات یارمەتی گەشە و تەندروستی منداڵ دەدات، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر سۆران پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی منداڵان 10 گرنگترین سووده‌كانی شیری دایك بۆ منداڵ له‌م بابه‌ته‌دا باس ده‌كات.

1- شیری دایک خواردنێکی تەواو و بێ کەم وکوریە، رێژەی هەمو ماددە سود بەخشەکانی لە پرۆتین و گلوکۆزو چەوری و ڤیتامین و کانزاکانی بە رێژەی هاوسەنگ تێدایە کە بۆ گەشەی مندال پێویستە لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنی. 

2-  هەرس کردن و مژینی شیری دایک له ڕیخۆڵەکانەوە ئاسانترە بە بەراورد لەگەڵ شیری قوتو.

3- شیری دایک توانای خۆ گونجاندنی هه یە لەگەڵ بارودۆخەکان و تام و بۆنیشی دەگۆڕێ بە گوێرەی خواردنی دایکەکە.

4- بەرگری منداڵ بەهێز دەکات بە هۆی بونی بڕێکی زۆر لە دژە تەنەکان و خڕۆکە سپیەکانی خوێن و بەکتریای سود بەخش کە لە شیری قوتو دا نیە.

5-ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن کەمتر توشی نەخۆشییەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵەکان و رێڕەوی هەناسە و گوێ دەبن، وە هەروەها ڕێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و قەڵەوی و نەخۆشی هەستییاری بە گەنم کەمترە.

6- ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن کەمتر توشی هەستیاری دەبن وەک رەبۆ و ئیکزیما.

7- شیری دایک بۆ گەشەی مێشک و ڕێژەی زیرەکی باشترە.

8-  نەخۆشی شێرپەنجە کەمترە لەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن بەتایبەتی نەخۆشی لیوکیمیا.

9- ڕێژەی مردن بەهۆی نە خۆشی و مردنی لە ناکاوی منداڵانی خوار یەک سال بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە لە مندالان کە شیری دایک دەخۆن.

10-  هەموو کات ئامادەیە و لە رووی گەرمی و ساردیەوە هاوسەنگە.


PM:05:18:05/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 3724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل