‌ھۆكار و نیشانە و چارەسەری شیزوفرینیا

وێستگە ستایل-


شیزوفرینیا لە ترسناكترین نەخۆشییە ژیرییەكانە،لەبەرئەوەی تاوەكو ئێستا ھۆكارەكانی نەزانراوە،لەلایەكی تریشەوە بەزۆری توشی ئەو كەسانە دەبێت كە لەئەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرھەم ھێنان و چالاكیدان و  ئه‌مه‌ زاراوەیەكی پزیشكی دەروونیە لە ھەردوو ووشەی (شیزۆ)به‌مانای دابەش بوون وە(فرینیا) بامانای ژیر پێك ھاتووە،واتە مانای دابەش بوونی ژیری مرۆڤە.

بەڵام دابەش بوونی ژیری مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو مرۆڤەی تووشی شیزوفرینیا بوو ئیتر دەبێت بەچەند كەسێك و لە كەسایەتیەك زیاتری دەبێت، وەك زۆرجار گوێ بستی جووتە كەسایەتی یان فرە كەسایەتی دەبین،مەبەست لەوەیە كە پڕۆسیسەكانی ژیری ئەو نەخۆشانە ناتوانن بەكردەوە  و فەرمانی ئاسایی خۆیان ھەڵبستن و تووشی لێك ترازان و تێك چوون دەبن،ھەر لەبەر ئەوەیە كە شیزوفرینیا بە شێرپەنچەی ژیری دادەنرێت.

هاوكات شیزوفرینیا بریتییە(لە جیابوونەوەی كەسە لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی)،واتا جیھانێكی تایبەت بەخۆی دروست دەكات و تێدا دەژیت و ناتوانێت گونجانێك دروست بكات لە نێوان ژیانی واقیعی و ژیانی خەیاڵی خۆی،واتە ناتوانێت خەیاڵ لە واقیع جیابكاتەوە.

ھۆكارەكانی تووش بوون بە شیزوفرینیا چین؟

1- بۆماوە:
بەبڕوای زۆربەی زانایان بۆماوە ڕۆڵی سەرەكی ھەیە،بەڵگەش بۆ ئەوە ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەگەر ئەوە ھەیە لەسەدا یەكی خەڵكی تووشی شیزوفرینیا ببن،بەڵام ئەو ڕێژەیە بۆ لەسەدا دە بەرز دەبێتەوە لەلای ئەو كەسانەی كە كەسێكی نزیكی پلە یەكیان باوك یان دایك یان خوشك و برا پێشتر تووشی ئەو نەخۆشیە بووبێت،ئەو ڕێژەیە بۆ لەسەدا پەنجا بەرز دەبێتەوە لەلای ئەو كەسانەی كە دوانەن و یەكێكیان تووشی ئەو نەخۆشیە بووە.

2- كیمیایی مێشك:
كاتێك كە ھاوسەنگی گوێزەرەوە دەمارییەكان تێك دەچێت ئەوا نیشانەكانی نەخۆشی شیزوفرینیا لای ئەو كەسانە دەردەكەون،كە ئەو ھاوسەنگیەیان تێك چووە،واتا ئەو كەسە گوێبیستی ھەندێك دەنگ دەبێت كەلە واقیعدا بوونیان نیە،وە بیروباوەڕی ھەڵە و نامەنتیقی لەلا دروست دەبێت. 

3- كەم و كوڕتی لەبونیاد و پێكھاتەی مێشك:
ھەندێك لە دەرئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كاتێك پشكنینیان بۆ ھەندێك كەسانی تووش بوو بە شیزوفرینیا كردووە دەركەوتووە كە كەم و كورتیان لە ھەندێك بەشی مێشكیان ھەبووە.

4- ماددە ھۆشبەرەكان:
توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ماددە ھۆشبەرەكان ھۆكارێكی گرنگ و سەرەكیە بۆ تووشبوون بە شیزوفرینیا،بەتایبەتی بەكارھێنانی ماددەی حەشیش لەتەمەنی ھەرزركاریدا.

5- ھۆكاری ژینگەیی و دەروونی:
دەركەوتووە كە كۆمەلێك ھۆكاری ژینگەیی ڕۆڵی ئاسانكار و یارمەتیدەریان ھەبووە بۆ زوو دەركەوتن و سەرھەڵدانی نەخۆشی شیزوفرینیا لەوانە تووش بوونی دایكی دووگیان بە ڤایرۆسی ئەنفلۆزا،تووش بوونی منداڵی ساوا بەنەخۆشی هه‌وكردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆزا،پەروەردەی ھەڵە و فشاری دەروونی زۆر،دیكتاتۆری یەكێك لە دایك و باوكەكان و سوكایەتی پێكردنی منداڵ.....وە زانای دەروونزانی سیگمۆن فرۆید لەو بڕوایەدایە كە كارەسات و زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی مرۆڤ تووشی شیزوفرینیا دەكات.


جۆرەكانی نەخۆشی شیزوفرینیا چین؟

1- شیزوفرینیا گومان:
لەم جۆرەدا نەخۆش گومان لەدەوروبەری خۆی دەكات،خۆی بە قوربانی پیلانێكی داڕێژراو دادەنێت.

2- شیزوفرینیای سادە:
بەزەحمەتترین جۆر بۆ چاك بوونەوە دادەنرێت،نەخۆش حاڵەتەكانی نەخۆشی لێ دیار دەكات وەك گۆشەگیری و ھەڵوەسە .

3- شیزوفرینیای تەختەیی:
نەخۆش لەم حاڵەتەدا ماسولكەكانی ڕەق دەبێت بەجۆرێك ھیچ بەشێك لە لەشی ناجوڵێنێت و چۆن ڕایبگرێت لەو حاڵەتەدا وەكو پەیكەر دەمێنێتەوە.

4- شیزوفرینیای دوای ھێدمە:
ئەم جۆرە دوای تووشبوونی كەسەكە بە حاڵەتێكی ھێدمەیی سەرھەڵدەدات،واتە كاتێ ھەست بەئارامی ناكات و باردۆخی پاڵپەستۆیی زیاد دەبێت،واتا دوای كارەسات و ڕووداوی ناخۆش.

5- شیزوفرینیای قەرەبوو:
لەم جۆرەدا كەسەكە زیادەڕۆیی دەكات لە قەرەبووی ھەستكردن بەكەمی بەجۆرێك بەردەوام باسی پاڵەوانیەتی خۆی دەكات.

گرنكترین نیشانەكانی نەخۆشی شیزوفرینیا كامانەن؟

1- دووركەوتنەوە لە كەسانی تر و حەزكردن بەتەنیایی و گومانكردن لە خەڵكی.
2- پشگوێخستنی پاك و خاوێنی و گرنگی نەدان بەجل و بەرگ و ڕواڵەتی خۆیان.
3- بوونی وەسواسی و ڕاڕایی و عەمەلی.
4- پێكەنینی بەبێ ھۆكار و لەناكاو.
5-  نەبوونی وریایی و بەئاگایی و لاوازی مەمەڵەت دروست لەگەل كەسانی تر.
6- تێكچوونی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و نزم بوونەوەی ئاستی خوێندن و فێربوونی.
7- ھەندێكجار باسی ھەندێك شتی نامەعقول وەك جنۆكەی بینیوە،قسەم لەگەڵ دێوو كردووە.
8- باش قسەنەكردن و بەزەحمەت تێگەیشتن لەقسەكانی.
9- نقووم بوون لەئاین و زیادەڕۆیكردنی تیایدا بەجۆرێكی نائاسایی.
10- زوو زوو ماندووبوون و حەزكردن بەخەوتن.

چارەسەركردنی كەسانی تووش بوون بە شیزوفرینیا:

1- پەیوەندی پتەوی نێوان نەخۆش و پزیشك یان چارەسەركاری دەروونی و كەس و كاری نەخۆش زۆر گرنگە و فاكتەری سەرەكیە بۆ چاك بوونەوەی نەخۆش،لەبەر ئەوە زۆر گرنگە كەپزیشك و چارەسەركاری دەروونی پەیوەندەی بەھێز و خۆشەویستی لەگەل نەخۆش دابنێ تا نەخۆش ھەست بەئارامی و ئاسایش و خۆشەویستی بكات.

2- دەبێت ھەر نەخۆشە و مامەڵەی تایبەت بەخۆی لەگەل بكرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە،دەبێت ھەر نەخۆشە و چارەسەری تایبەت بەخۆی ھەبێت وە دەبێت چارەسەركردنەكە یەك چارەسەر نەبێت بەڵكو دەبێت چارەسەرەكان وەكو داوودەرمان و دەروونی كۆمەڵایەتی و خێزانی و ڕاھێنانی پیشەیی بەكار بھێنرێت.

3- نابێت ئامانجی چارەسەركردن تەنیا ئەوە بێت كە نیشانەكانی نەخۆش نەھێڵدرێت،بەڵكو دەبێت نەخۆش بۆ ژیانی خێزان و كۆمەڵایەتی و پیشەیی ئامادەبكرێتەوە،بگەیەندرێتە ئاستێك كە چونكە ژیانی ئاسایی خۆی بژی.

4- دەبێت بەتەواوی پشكنین پێویست بۆ نەخۆش بكرێت و دڵنیابن كە تووشی شیزوفرینیا بووە ئینجا بیر لەچارەسەبكرێتەوە.چونكە نیشانەكانی نەخۆشی شیزوفرینیا وەكو ھەندێك نەخۆشی تر وایە.

5-پێویستە كاتی گونجاو بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی كەسی نەخۆش بۆ ناو كۆمەڵگا و سەركار و پیشەكەی دیاری بكرێت،چونكە ھێشتا بەتەواوی چاك نەبۆتەوە.

6- دەبێت نەخۆشی تووش بوو بە شیزوفرینیا لەسەروەرگرتن و بەكارھێنانی حەب و دەرمانەكان بەردەوام بێت بەپێی ڕێنمایی و ئامۆژگاریەكانی پزیشكی تایبەتمەند،نابێت لەخۆوە نەخۆش واز لەدەرمانەكانی بھێنێت.

7-چارەسەركردن نەخۆش بەبێ ھاوكاری و یارمەتی خێزان نابێت لەبەر ئەوە زۆر پێویستە كە دایك و باوك و خوشك و برا ڕۆڵی گرنگیان ھەبێت و بەپێی ڕێنمایی پزیشكی تایبەتمەند مامەڵە لەگەل نەخۆش بكەن.

8-خواردنی باش لە ڤیتامین و پڕۆتین و ڕەگەزەكانی تری خواردن لەپاڵ چارەسەركردن نەخۆش بۆئەوەی كەسی تووش بوو بەدخۆراك نەبێت و زووتر چاك ببێتەوه‌.

ئا: فـەرھـاد حسێن-  توێژەری دەروونی 


PM:09:23:03/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 13144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌