‌باشترین سەوزەکان بۆ چاره‌سه‌ری داخوران و ئازاری جومگەکان

وێستگە ستایل-


لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری ئازاری لەش بەھۆی داخوران و ھەوکردنی جومگەکانی لەشەوەیە . و بەپێی توێژینەوەیەک لە ووڵاتێکی وەکو بەریتانیا، ساڵانە (١٠)ملیۆن کەس بەدەست داخوران و ھەوکردنی جومگەکان دەناڵێنن . لێرەدا دكتۆره‌ هه‌ڤین پسپۆڕی ئازار شكاندن باس لەو سەوزانە ده‌كات  کەدەتوانیت زیادی بکەیت بۆ ژەمە خۆراکیەکانتان ، کەھەم لەڕووی بەھای خۆراکییەوە بەسوودن و ھەم لەڕووی مادییەوە نرخیان گونجاوەو ھەموو خێزانێک دەتوانێت بیان کڕێت و لەھەمووشی گرنگتر ئەوەیە جومگەکان دەپارێزن لە داخوران و ھەوکردن .
گرنگترین سەوزەکان کە دەتوانیت ڕۆژانە بیکڕیت ئەمانەن.

- سەوزە گەڵا تۆخەکان :
وەکو برۆکۆلی ، سپێناخ، کەلەرم ، قەرنابیت، سڵق..ھتد، ئەمانە ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسیدیان تیادایە وەکو ڤیتامین ئەی (A) و سی (C) و کەی (K) کە خانەکانی لەشی مرۆڤ دەپارێزن لە ماددەی زیانبەخشی فری ڕادیکاڵ (free radical) ، کەلەئەنجامی تێکشکاندنی خۆراک لە لەشدا دروست دەبن . ھەروەھا ئەم خۆراکانە،ڕێژەیەکی زۆریش کالسیۆمیان تیادایە کە ئێسک دەپارێزن .ھەروەھا برۆکۆلی و کەلەرم و ئەوخێزانە لەسەوزەوات، ماددەی (سولفارافۆن)ی تیادایە کە ھەوکردنی جومگەکان کەمدەکاتەوەو کرکڕاگە دەپارێزێت .

- پەتاتەی شیرین ، گوێزەر ، کولەکەی گەورەی پرتەقاڵی (سکواش) :
ئەم سەوزەو ڕووەکە ڕەنگ پرتەقاڵی و سورباوانە، ڕەنگەکەیان لە ماددەی کاراتینۆیدی وەک : "بێتا_کریپتۆ_کسانسین" سەرچاوەی گرتووە ، کە توێژینەوەکان سەلماندویانە کاریگەری ھەیە لە کەمکردنەوەو دواخستنی داخورانی جومگەکان . ھەروەھا ڕێژەیەکی زۆر لە دژە ئۆکسیدیان تیادایە کەھەوکردن کەمدەکەنەوە .

-بیبەری سەوز ، بیبەری سوور :
بیبەر بەھەموو ڕەنگەکانیەوە، ئەگەر شیرین بن یاخود توون . سەرچاوەیەکی گرنگی ڤیتامین سی (c)ن کە ئێسک و کرکڕاگە دەپارێزێت و ئەگەر ڕۆژانە کەمتر لە( ٧٥) ملگم بۆ ژن و( ٩٠) ملگم بۆ پیاو وەربگیرێت ، ئەوە ترسی توشبوون بە داخوران زیاد دەکات . ڕۆژانە نیو قاپ بیبەری سوور بڕی تەواوت دەداتێ لە ڤیتامین سی .

- پیاز ، سیر ، کەوەر ، پیازی سوور ، تەڕەپیاز :
ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسیدیان تیادایە بەناوی (کیورستین)، کەھەوکردنی جومگەکان کەمدەکەنەوە . ھەروەھا ماددەی ( دایئەلیل دایسەلفین)ی تیادایەکەئەو ئەنزیمانە کەمدەکاتەوە کە کرکڕاگە دەشکێنن .

-زەیتوون :
زەیتون خۆیی یاخود زەیتەکەی دژەھەوکەرێکی زۆر باشن، ئەو زەیتەی لەزەیتوونی تازە پێگەشتوو وەردەگیرێت، ماددەی (ئۆلیکانتۆڵ ) ی تیادایە کە دژە ھەوکردنێکی سروشتییە کە ھاوشێوەی ئازارشکێنی (ئیبۆپرۆفین) کاردەکات.

- تەماتە ، باینجان ، پەتاتە کە پێیان دەوترێت (night shade vegitable):
هەندێک توێژینەوە دەڵێن کە ئەم جۆرە سەوزەواتانە ماددەی (سۆلانین)ی تیایە کەلەوانەیە هەوکردن زیاد بکات لەجومگەکاندا . هەندێکیش دەڵێن لەبەر پێکهاتە خۆراکییەکەی گرنگە لە ژەمە خۆراکییەکاندا . یەکێک لە پسپۆڕەکانی خۆراک دەڵێت باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژەمە خۆراکییەکانتدا کەمیکەرەوە و دوای دوو هەفتە زیادیبکەرەوە ، ئەگەر هەستت کرد ئازاری جومگەت بۆ پەیابوو ئەوا هەوڵبدە دوور بکەوەرەوە یاخود کەمیبکەرەوە خواردنی .

تێبینی : چۆنیەتی ئامادەکردن و لێنانی سەوزە گرنگی زۆری ھەیە ، ھەمیشە باشترە بەشێوەی فرێش یاخود لەزەڵاتەدا بخورێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە نەخورا باشترین ڕێگا لێنانێتی بەشێوەی ھەڵمکردن وەک لە کوڵان و سورکردنەوە . ئەگەر بە ڕێگای کوڵانیش ئامادەکرا باشترە ئاوی کەمی تێبکرێت بۆ ئەوەی ڤیتامین و دژە ئۆکسیدەکان ھەمووی نەچنە دەرەوە بۆ ئاوەکە. ھەروەھا زۆر مەیکوڵێنە و ھەوڵ دە بەسەوزی بیھێڵیتەوە .

لەکاتی سورکردنەوەدا ئەو تاوانە بەکاربێنە کە ڕۆن و زەیتیان کەمدەوێت و قوڵ نین . و باشترە کەوچکێک یان دوو کەوچک زەیتی زەیتون بەکاربێنە بۆ زیادکردنی ماددەی ئۆلیکانتۆل بۆ سەوزەکە .


PM:11:01:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 5128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌