‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌رده‌ كه‌ڕوی نینۆك

وێستگە ستایل-


ده‌رده‌ كه‌ڕوی نینۆك بریتییە لە ھەوکردنی کەڕوویی نینۆکی دەست یان پێ کە دەکرێت ھەرکامێک لە بەشەکانی نینۆک بگرێتەوە، وە ببێتە ھۆی ئازار و نائاساسودەیی و تێکچوونی شێوەی نینۆک، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆره‌ تاڤین باس له‌ هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌كات.

نیشانەکانی ( چۆن بیناسینەوە )
1- تێکچونی رەنگی نینۆک بۆ سپی ، زەرد و قاوەیی .
2- ئەستووربوونی نینۆک .
3- بائاسانی شکانی نینۆکی توشبوو .
4- تێکچونی پێستی دەوری نینۆکەکە , بۆ سوربوونەوە و توێک ھەڵدان و ئاوسان و خوران .
5- ھەندێک جار بوونی ئازار .

 ئەو ھۆکارانەی ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن:
1- زۆر مانەوەی دەست و پێ لە ژینگەیەکی تەڕ و شێدار وەک زۆر کارکردنی خانمان بە ئاو ، ئارەقکردنەوەی دەست و پێ بەبەردەوامی بەتایبەت ئەگەر پێ یەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو پێڵاودا بە تەری بمێنێتەوە .
2- نەخۆشی شەکرە، لاوازی بەرگری .
3- بەساڵاچوون .
4- بوونی نەخۆشیەکی پێستی دیکە وەک کاژۆکی(صدفی) .

چۆنیه‌تی چارەسەر:
1- پارێز : بە پاک راگرتنی دەست و پێ و کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە تەری و شێداری وەک بەکارھێنانی دەستەوانە لەکاتی کارکردن بە ئاو یاخود لەپێ کردنی ئەو پێڵاوانەی ھەواکێشن .
2- چارەسەر لەرێگەی کرێم یاخود خەپلە(حەپ) ئەمەش ئەگۆرێت بەپێی ژمارەی نینۆکی توشبوو ، رێژەی سەختی توشبوون ، پەنجەی توشبوو کە ئایا دەستە یاخود پێ .
3- ھەندێک جار پێویستە ھەردوو چارەسەر پێکەوە بەکاربێت .

 تێبینی :
1- پێویستە ھەموو کەسێک ھاوشانی چارەسەر بەدەرمان پارێزی بکات ، ئەم کەرووە ئەگەری سەر ھەڵدانەوەی زۆرە بۆیە دەکرێت نەخۆش دوای چاکبوونەوە دووبارە توشبێتەوە یاخود سود لە چارەسەر وەرنەگرێ بەھۆی کەمتەرخەمی لە پارێزی ، واتە ھەموو کات پێویستی بە پارێزی دەبێت لەکاتی نەخۆشیەکە وە پاش چاکبوونەوە .

2- زۆر بەی جار کاتی چاک بوونەوە بۆ چەند مانگێک درێژ دەبێتەوە بۆیە پێویستە کەسی تووشبوو ئارامگربێت لەسەر پارێزی و وەرگرتنی چارەسەر بە رێکوپێکی .

3- ئەگەری ئەوە ھەیە نینۆکی توشبوو بۆ ھەمیشە شێوەی ئاسایی وەرنەگرێتەوە یا خود پاش چاکبوونەوە تا ساڵێک بخایەنێت تاکو بەتەواوی شێوەی خۆی وەرگرێتەوە .


PM:01:22:09/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 9700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل