‌هۆكار و چاره‌سه‌ری دەرچوونی حەوز یان جومگەی نێك له‌ منداڵاندا

وێستگە ستایل-


دەرچوونی حەوزی منداڵان یاخود نارێك دروستبوون و گەشەکردنی جومگەی نێك روودەدات بە هۆی كێشە لە جومگەی نێك (حەوز) کە تۆپی یٔێسکی ران و یٔێسکی حەوز دەبەستێتەوە، جومگەی نێك سەری ئێسکی ڕان کە وەك تۆپێکی خڕە بە بۆشاییەکی تایبەت بەو تۆپە لە شێوەی کوپ لە ئێسکی حەوز هەیە دەبەستێتەوە و تێیدا جێگیر دەبێت بەڵام لە کاتێك کە ئەو شوێنەی سەری تۆپەکەی تێدا جێگیر دەبێت نارێكی لە شێوازی درووستبوونی یاخود قووڵایەکەی بە پێی پێویست نەبێت ئه‌وا سەری تۆپەکە لە شوێنی خۆی جێگیرنابێت و دەرده‌چێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر عماد پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شکان، گۆڕینی جومگەکان و نازووری‌ ئەژنۆ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌دات.

زۆر جار کێشەکە لە هەردوو جومگەکە دەبێت بەڵام لە لای چەپ باوترە و لە کچان رێژەکەیان زیاترە بەراورد بە کوڕان و هەروەها لە یەکەم منداڵ زۆرترە و بە ڕێژەی ۱ـ۲ منداڵ لە کۆی ۱٠٠٠ منداڵ تووشی ئەو کێشەیە دەبن و پێویستیان بە چارەسەر دەبێت.

وەکو یەکەم هەنگاو پشکنینی تایبەت لە لایەن پزیشکی پسپۆرەوە دەکرێت بۆ منداڵە تازبووەکان لە ۷۲ کاتژمێری دوای لە دایكبوون، لە کاتێك ئەگەر گومانلێکراو بوو ئه‌وکات دەنێردرێت بۆ پشکنینی سۆناری جومگەی نێك.

- هۆکاری دەرچوونی حەوزی منداڵان چییە؟
هۆکاری سەرەکی دەرچوونی حەوز لە منداڵان روون و ئاشکرا نییە بەڵام چەند فاکتەرێك هەن کە ئەگەری دەرچوونی حەوز زیاد دەکەن لەمانە:
1- شێوەی دانانی منداڵ لە ساڵی یەکەمی ژیانی (لە هەموو خاڵەکان گرنگترە چونکە لە کلتووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردەواری باوە کە منداڵ پێ ی جووت بکرێت لە کاتی (قۆنداغ) کردنی منداڵی تازە لە دایك بوو و پاشان دانانی لە ناو (لانك) کە دەبێتە هۆکاری دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر جومگەی نێك (حەوز) و ئەگەری نارێك گەشەکردن و دەرچوونی حەوز (نێك) زۆر زیاد دەکات.

2-هەبوونی جینێکی تایبەت کە دەبێتە هۆکاری تێکدانی گەشەکردنی ئاسایی جومگەی نێك.

3- مێژووی خێزان و هەبوونی ئەو جۆرە نەخۆشیە لە نێوایاندا.

4-لە منداڵی یەکەم رێژەکە زۆرترە بەراورد بە منداڵی دووەم و سێیەم.

5- کەمی ئاو (شلە)ی تورەكەی منداڵ لە کاتی دووگیانی.

6-نارێکی شێوە و سوڕانی منداڵ لە ناو سکی دایکی (بە تایبەت ئەوانەی رانیان لە خوارەوەیە نەوەك سەریان) لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانی.

7-رەگەز: رەگەزی مێ ئەگەری تووشبونی زیاترە لە رەگەزی نێر.

8-گۆڕانی هۆرمۆنی لە ئافرەتان لە کاتی دووگیانیدا.

9- هەبوونی کێشەی نەخۆشی زگماکی لە پێ و ملی منداڵ لە کاتی لە دایك بوون ئەگەری تووشبوون بە دەرچوونی حەوز زیاد دەکات بە ڕێژەی ۱٠ـ۲٠٪.

- نیشانەکانی دەرچوونی حەوز لە منداڵان:

زۆر جار ئەو منداڵانەی دەرچوونی حەوزیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نییە بەڵام هەندێك جار ئەو نیشانانەی خوارەوەیان لێ بەدی دەکرێت، لەمانە:

1- کەمبوونەوەی جوڵه‌ی ئاسایی جومگەی نێك.
2-جیاوازی لە خەتی نەرمە گۆشتەکانی ران بەراوەرد بە لایەکەی تر یاخود بەراورد لەگەڵ منداڵێکی ئاسایی.
3- جیاوازی درێژی لە نێوان لاقەکان.
4-دابەزینی ئاستی جوولەکردن لە کاتی رۆیشتن بە شێوەیەکی گشتی لە منداڵ.
5- رؤیشتنی منداڵ لەسەر پەنجەکانی پێ یاخود رۆیشتنی وەکو (مراوی) دەبێت.
6- بەدیکردنی خواری لە ران و قاچ و لە کاتی درێژکردنی لاقەکان جیاوازی درێژیان پێوە دیار دەبێت.

- چارەسەری دەرچوونی حەوز لە منداڵان:

1- لە تەمەنی تازە لەدایك بوو تاوەکو ٦ مانگ:
منداڵ لە جۆرێکی تایبەت لە قایش دادەنرێت کە پێی دەگوترێت (پاڤلیك هارنێس ـ Pavlik Harness) بۆ ماوەی ٦ هەفتە تاوەکو ۳ مانگ بە پێی تەمەن و حاڵەتی منداڵەکە بە شێوەیەك کەوا جومگەکانی نێکی لە گۆشەی ۹٠ـ۱٠٠ پلە دادەنرێت تاکو بە شێوەیەكی رێك لە ناو حەوز جێگای خۆی بکاتەوە.

جۆرێکی تر لە قایش هەیە کە منداڵ تەمەنی لە ۲ـ۳ مانگ تێپەڕ دەبێت بە کار دێت پێی دەگوترێت (Abduction Brace) کە هاوشێوەی ئەوەی ترە.

باشیەکانی زوو چارەسەر کردن و قایش دانان ئەمانەن:
ـ منداڵ لە ٦ هەفتەی یەکەمی ژیانی جومگەی نێکی زۆر خێرا گەشە دەکات بۆیە ئەگەر چارەسەر کرا ئەوا خێراتر چاکدەبێتەوە.
ـ قایش وا دەکات کە جومگەی نێك لە شوێنی خۆی لە حەوز بە شێوەیەکی رێك و پێك دابنیشێت و شێوەی سروشتی خۆی وەربگرێت بە پێچەوانەوەی ئەوەی ئەگەر منداڵ لاقەکانی جووت بێت (قۆنداغ کردن و لانك بەکارهێنان) ئەوا جومگەی نێك بەرەو دەرەوە گەشە دەکات و ئەگەری دەرچوونی زیاد دەبێت.
ـ منداڵ زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لاقەکانی بجوڵێنێت لە ناو قایش بۆیە وادەکات گەشەکردن ئاسایی بێت.
ـ گۆڕینی حەفازە زۆر ئاسانە بەراورد بە جۆرکانی تری چارەسەرکردن.

2- لە تەمەنی سەرووی ٦ مانگ:
جۆرێك لە گەچکردنی تایبەت بەکاردێت پێی دەگوترێت (Hip Spica) و بە پێی تەمەنی نەخۆش بۆ ماوەی ۲ـ۳ مانگ بەکاردێت و پاشان لە قایش دادەنرێت بۆ ماوەی ٤ـ٦ هەفتەی تر رۆژانە ۱٦ـ۲٠ کاتژمێر بە پێی پێویستی حاڵەتەکە.

 کەی منداڵ پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت و نەشتەرگەرییەکە چییە و چۆن ئەنجام دەدرێت؟

بە شێوەیەکی گشتی ئەو منداڵانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەی دەبێت ئەو حاڵەتانەن کە پێشتر بە چارەسەرکردنی قایش و گەچکردن سەرکەوتوو نەبوونە یاخود لە تەمەنێکی گەورە دوای یەك ساڵ دەستنیشان کراون.

نەشتەرگەری هێنانەوەی دەرچوونی حەوز بە چەند شێوەیەك دەکرێت و زۆر جار تەنها لە ژێر بەنجی گشتی (عام) جومگەی نێك دەگەڕێندرێتەوە شوێنی خۆی و پاشان گەچ دەکرێت بە بێ کردنەوەی برین بەڵام هەندێك جار ئەو رێگایە سەر ناگرێت و بە ناچاری دەبێت بە نەشتەرگەری کراوە بە کردنەوەی (برین) جومگەکە بگەڕێندرێتەوە شوێنی تایبەتی خۆی لە حەوز و ئەگەر پێویست بکات سەقفێکی ئێسکی بۆ دروست بکرێت بۆ ئەوەی رێگر بێت لە دووبارە دەرچوونی جومگەکە.


PM:05:41:03/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌