‌حه‌وت ڕێنمایی ته‌ندروستی بۆ هه‌موو كه‌سێك گرنگه‌

وێستگە ستایل-


زانینی زانیاری له‌ زانستی پزیشكیدا گرنگه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت بۆ ته‌ندروستی خۆت و  خێزانه‌كه‌ت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر زانا دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا حه‌وت ڕێنمایی پزیشكی گرنگ باس ده‌كات كه‌ هه‌موو كه‌س پێویسته‌ بیزانێت.


1- ھەڵامەت (پەسیو-پەرسیڤ)، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و پێویستی بە وەرگرتنی دەرمانی دژەبەکتریا نییە واتا نابێت حەبەکانی وەک (ئەمۆکسیل و کیفلێکس و زۆماکس) بۆ ھەڵامەت بەکاربھێنیت.

2- بەکارھێنانی شروب یان حەب یان دەرزیی (دیکادرۆن_ دێکسامیتازۆن) بۆ زیادکردنی کێشی لەشت ھەڵەیەکی زۆر گەورەیە و ماک و لێکەوتە سلبییەکانی گەلێک زۆرن وەک (تووش بوون بە زەخت، شەکرە، برینی گەدە، داخورانی ئێسکەکان، بێھێزیی ماسولکەکان، دابەزاندنی بەرگریی لەش، تێکچوونی باری دەروونیی، تێکدانی ھۆڕمۆنەکانی سەرگورچیلەڕژێنەکان و چەندانی تر)، تکایە دووربکەوە لەو ھەڵەیە.

3- ھیچ کات دەرمان جێگرەوەیەکی باشتر نییە بۆ وەرزش و پارێزکردن بۆ دابەزاندنی کێشی لەش، بۆیە تا وەرزشێکی بە بەرنامە و پارێزێکی پوخت نەکەیت، نابێت پەنا بۆ دەرمان ببەیت، تەنھا لە ھەندێك حاڵەتی تایبەت نەبێت.

4- قەستەڕەی دڵ، دێوەزمە و حەزیا نییە مەترسە، ھەر پشکنینێکی ئاسایی پزیشکییە و دەتوانرێت بەھۆی قەستەڕەوە تەندروستیی دڵت بپارێزیت، ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ داوای کرد و پێویستت بوو، تکایە بێ دوو دڵی بیکە و ترس لە قەستەڕە با نەبێتە ھۆی تێکدانی دروستیی دڵت.

5- نێرگەلە جێگرەوەیەکی باشتر نییە بۆ جگەرە بگرە بەپێی ھەندێك توێژینه‌وه‌ و داتای پزیشکیی، زیانەکانی زیاترە، مەڵێ جگەرە ناکێشم و نێرگەلە جێگرەوەی جگەرەیە، نەخێر جێگره‌وه‌ی‌ جگەرەکێشان، نەکێشانیەتی.

6- چوون و سەردانییکردنی پزیشکی دەروونیی (نەفسیی)، عەیبە نییە ئەوەی بچێتە لای پزیشکی دەروونییش، شێت نییە، ھەموو تاکێک لە ئێمە دەشێ زەمەنێک تووشی شڵەژانی دەروونی بێت و پێویستیی بە یارمەتیی و پاڵپشتیی دەروونیی ھەبێت. تکایە نە پزیشكی ده‌رونی شێتە و نە نەخۆشییە نەفسییەکان، شێتن ئەمە زۆر دوورە لە شارستانییەت.

7-فڕێدانی بەڵغەم و تف و پاشماوەی کانیۆلا و پلاستەر و لۆکەی پزیشکیی لە حەوشەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان، لە لوتکەی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی و خوویەکی ناشارستانیی و بێ هەستانەیە، بەڕێزم دڵت دێت لە ماڵەکەی خۆت ئەو هەڵسوکەوتە بکەیت، تکایە نەخۆشخانە ماڵی ھەموو میللەتە.


PM:12:10:17/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 4816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل