‌ئەگەر ده‌ته‌وێت پلەت بكرێتەوە لە شوێنی کارەکەت ئەم ھەنگاوانە بنێ

وێستگە ستایل-


هه‌وڵدان و چه‌ند هه‌نگاوێكی سادده‌ هاوكارت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شوێنی كاره‌كه‌ت پله‌ت به‌رز ببێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانیت سوود له‌م هه‌نگاوانه‌ وه‌ربگریت.

1-  ھەوڵبە کێشەکان چارەسەر بکەیت، نەک دابنیشیت و لۆمەی ئەوانە بکەیت کە بونەتە ھۆی کێشەکە، کاتێک کێشەیەک رودەدات، ھەروەک چۆن رویداوە، ئاوەھاش چارەسەری ھەیە، بۆیە دەستەوسان دامەنیشە بەلایەوە، مەکەوەرە بۆڵەبۆڵ بەسەر ئەوەدا کە کێشەکەی دروست کردوە، ھەستەو ھەوڵبە چارەی بكه‌یت،  خۆ ئەگەر نەگەیتە چارەسەریش تۆ ھەوڵی خۆت داوە، بۆیە هه‌میشه‌ بەڕێوەبەرەکان ئەوانەیان خۆش دەوێت کە ھەوڵیان داوە، نەک ئەوانەی دانیشتون و بۆڵاندویانە.

2-  باوەڕت بەخۆت و ئەو کارە ھەبێت کە دەیکەیت، ھەرچی پۆستێکت ھەبێت ئەوەی گرنگە بۆ ئەوانی تر رادەی بەشداری و جوڵەکانتە (Contribution) ئەمەش رونادات ھەتا باوەرت بە خۆت و بەو کارە نەبێت کە دەیکەیت، ھەتا بەشداریت زیاتر بێت جێگای متمانەی زیاتر دەبیت.

3-  ئەرێنی و وابەستە بە (Positive & Engaged)، کاتێک دەڵێین ئەرێنی و پۆزەتیڤ بە مانای ئەوە نیە بەردەوام خەریکی زەردەخەنەو قاقا لێدان بیت. نەخێر، مەبەست لێی ئەوەیە شارەزاو پڕ زانیاری بە دەربارەی ئەو کارەی دەیکەیت و، ھەمیشەش ئامادەو کراوە بە بۆ ھاوکاری، کاتێک ئەم جەوی کارکردنە لە دەوری خۆت دەخوڵقێنیت بەردەوام لەلایەن بەڕێوەبەرەوە ھەستی پێ دەکرێت، کاتێکیش بەرز دەکرێیتەوە ئەوانی چواردەورت دژایەتیت ناکەن.

4- پرس بەوانی دیكه‌ بكه‌، کاتێک کێشەیەک ھەیە، بیرۆکەیەک ھەیە، یان شتێکی نوێ لەئارادایە، بەردەوام پرس بەوانی تر بکە، پرسکردن و رێگەدان بەوانی تر تا بەشداربن لەگەڵت متمانەت بۆ دروست دەکات و پەیوەندیەکان باشتر دەکات.

5- واز لە بۆڵەبۆڵی بەردەوام و فیتنەیی بھێنە،  ئەم کارە بە تەواویی دەتکاتە کەسێکی نێگەتیڤ،  بەرێوەبەری باش ھەرگیز دورویی و قسەھێنانی پێباش نیەو بگرە پێی دەشکێیت ئەگەرچی لە به‌رژه‌وه‌ندی ئەویش بێت قسەکانت، ئەو کەسانەشی خۆش ناوێت کە بەردەوام دەبۆڵێنن، زۆر ئاگات لەمە بێت.

6-  با چاوت لەسەر بەرێوەبەرەکەت بێت،  ئەمە مانای ئەوە نیە ماستاو بکەیت یان بلکێیت پێیەوە، نا، مەبەست لەوەیە لێی تێبگە کە دەیەوێت چیبکات، پلانی داھاتوی بزانە، ئه‌گەر ئەمەت زانی ھەندێکجار دەکرێت ھەنگاوێک پێش ئەو بکەویت و بێ ئەوەی داوات لێبکات ئەرکی داھاتوت بۆ ئەنجام دابێت، ئێ بەمەش دەبیتە جێگەی سەرنج و پرۆئەکتڤ دەردەکەویت نەک تەنھا ئەکتڤ.

7- داوای فیدباک و رەخنەو پێشنیار بکە، ھەر کارمەندێک خۆی داوای فیدباکی کرد مانای وایە کارەکەی مەبەستەو دەیەوێت پێش بکەوێت.

8-  ئارامیی خۆت لە دەست مەیە کاتێک لەژێر فشاردایت یان کێشەیەک چارەسەر دەکەیت، ھەتا ئارام و لەسەرخۆ بیت لەو کاتانەدا زیاتر سەرنجڕاکێش دەبیت و دەبیتە نمونەی لیدەر.

ئا: ئاراس عومەر


PM:01:19:22/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل