‌جیاوازی نێوان PRK و LASIk دوو جۆر له‌یزه‌ری چاو چیه‌؟

وێستگە ستایل-


(PRK) و(LASIK)هەردوکیان نەشتەرگەری لەیزەرن کە بەکار دەهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی توانای بینین ، لەگەڵ ئەوەی کە PRK ماوەیەکی زیاترە بەکار دەهێنرێت واتا دۆزینەوەیەکی کۆنترە لە LASIK , بەڵام هەردووکیان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە شێوەیەکی فراوان بەکار دەهێنرێن، دكتۆره‌ چرۆ کەمال پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی چاو وورده‌كاری ئه‌م دوو جۆره‌ له‌یزه‌ره‌ بۆ چاو ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

هەردوو تەکنیکەکە بەکاردەهێنرێن بۆ گۆڕین و ڕێکخستنی شێوەی بیلبیلەی چاو (cornea) ، لە بنەڕەتتدا بیلبیلەی چاو پێکدێت لە پێنج چینی تەنکی گوێزەرەوە لە شانە ، کە دەکەونە بەشی پێشەوەی چاو .

- لە PRKدا پزیشکەکە هەڵدەستێت بە لابردنی چینی دەرەوەی گلێنەی چاو( Epithelium ) پاشان بەکارهێنانی لەیزەر( lasers ) بۆ ڕێکخستنی شێوەی چینەکانی دیکەی بیبیلەی چاو ، وە چاککردنی هەر ناڕێکیەک .

- لە LASIKدا پزیشکەکە هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی تیغ ( گوێزانێکی بچوک ) بۆ بڕینی بەشێکی بچوک لە چینی دەرەوەی گلێنە،  پاشان بەکارهێنانی لەیزەر بۆ ڕێکخستنی شێوەی گلێنەی چاو ،، وە پاش تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە ئەو چینە هەڵدراوەی گلێنە ، دادەرێتەوە بەسەر گلێنەی چاودا وە پاش چەند مانگێک خۆی چاکدەبێتەوە .

- هەردوو تەکنیکەکە بەکاردەهێنرێن بە مەبەستی - چارەسەرکردنی :
1- نزیکبینی ( Myopia )
2- دووربینی ( Hyperopia)
3- ئەستیکماتیزم (Astigmatism )

لە PRKدا پێویست بە کاتێکی زیاتر دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی توانای بینین کە نزیکی چەند مانگێک دەبێت ، هەڵبەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای بینین زیاتر دەبێت، بەڵام LASIK خێراترە وە لە ماوەی چەند ڕۆژێک توانای بینین بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات .

لە هەردوو باردا پێویستە چەند مەرجێک لە نەخۆشەکە هەبێت تا بتوانرێت ئەو نەشتەرگەریانەی بۆ ئەنجامبدرێت دیارترینیان :
- تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت .
- ماوەی ساڵێک یان زیاتر دەرەجەی چاوی نەگۆڕابێت .
- ئەستووری گلێنەی گونجاو بێت .


AM:10:59:18/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 4656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌