‌ئازاری گەشەی قاچی منداڵ چیە و چۆن چارەسەر ده‌كرێت؟

وێستگە ستایل-

ئازاری گه‌شه‌ی‌ قاچی منداڵ ئازارێکی زۆری ماسولکەکانی پەلەکانی خوارەوەیە کە هەندێ منداڵی تەمەن ۳ بۆ ٥ ساڵ تووشی دەبێت لەکاتی ئێوارە یان کاتی نووستن و بەو هۆیەوە خەبەری دەکاتەوە، دكتۆر پشدەر عبداللە اسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ پێویست له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌دات .

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هەندێکجار لە تەمەنی ۸-۱۲ساڵ جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە و منداڵەکە و دایک و باوکی تووشی ناڕەحەتیەکی زۆر دەکەن، ڕاستە پێی دەڵێن ئازاری گەشە بەڵام تا ئێستا نەسەلمێنراوە پەیوەندی بە گەشەی منداڵەوە هەبێت.

لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە زیاتر پەیوەندی بە جووڵەو چالاکی منداڵەکەوە هەیە و ئازاری گەشە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە، لە هەندێکیاندا ئازارەکە زۆرە، بەڵام لە هەندێکیاندا کەمترە، زۆربەی منداڵەکان ئازارەکەیان هەمووڕۆژێک نیە.

ئازاری گەشە دێت و دەڕوات واتە لەوانەیە چەند ڕۆژێک بێ ئازار بن و دواتر چەند ڕۆژێک ئازاریان هەبێت و  لەوانەیە ئەوەندە زۆر بێت منداڵەکە لە خەو خەبەر بکاتەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر بەیانیەکەی کە خەبەری بوویەوە زۆر باشەو هیچ ئازارێکی نیە.

ئازارەکە بەزۆری لەهەردوو قاچیدا بەتایبەتی بەشی پێشەوەی ڕان و بەشی دواوەی ئەژنۆو ماسوولکەکانی پشتەوەی بەشی خوارەی قاچدا هەیە.

پێویستە لەم کاتەنەدا یەکسەر سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت:

۱-ئەگەر تای هەبوو.

۲-ئەگەر ئارەزووی خواردنی کەمی کرد.

۳-ئەگەر گیانی پەڵەپەڵە بوو ،یان سوور بوویەوە.

٤-ئەگەر جوومگەکانی قاچی ئاوسان ، سووربونەوە، یان گەرم بوو.

٥-ئەگەر منداڵەکە زوو زوو هەستی بە هیلاک بوون کرد.

٦-ئەگەر هەستت بە لاوازی ماسوولکەکانی منداڵەکە کرد.

۷-ئەگەر کێشی منداڵەکە کەمی کرد.

۸- ئەگەر منداڵەکە لە جووڵە کەوت بەهۆی ئازاری قاچیەوە.

چارەسەرکردنی ئازاری گەشە:

۱-مه‌ساجی قاچی بۆ بکە.

۲-هەوڵ بدە قاچی گەرم دابپۆشیت یان گەرم کەرەیەک بۆ ماوەیەک نزیک قاچی دابنێیت بەڵام نابێت لەکاتی خەودا نزیکی بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سووتانی.

ئەگەر سوودی لەمانە نەبینی پێویستە سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت بۆ ئەوەی دەرمانی ئازارشکێنی وەک پاراسیتامۆڵ یان بڕۆفینی بۆبنوسێت ، پێویستە پزیشکی منداڵ بڕی دەرمانەکە دیاری بکات ،تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارنەهێنیت بۆ منداڵ.


AM:10:15:10/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 8004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌