‌چارەنوسى جامى جیهانى خوار ٢٠ ساڵان تەمومژاوییە بەهۆى ئیسرائیلەوە

وێستگە سپۆرت-

وێستگەنیوز-

ئەلجەزیرە: بە هۆی ناڕەزایی ئەندۆنیزیا لە بەشدارییکردنی تیمی تۆپی پێی ئیسرائیل؛ یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) ڕاکێشانی تیروپشکی جامی جیهانیی خوار ٢٠ ساڵانی لەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو هەینیی داهاتوو لە دوورگەی (بالی) بەڕێوە بچێت، پاڵەوانێتییەکەش بڕیارە لە ٢٠/٥-٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت.

هۆکاری ئەو دواخستنەش بریتییە لەوەی لەسەر ئاستی سیاسیی و جەماوەریی بەرفراوان ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاپاگیر هەیە بەرانبەر بەشدارییکردنی ئیسرائیل لەو پاڵەوانێتییەدا، کە ئەمەش بە وتەی ئەریا سینۆلینگا ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی تۆپی پێی ئەندۆنیزیا هەڵوێستێکی زۆر هەستیار و ناخۆشە بۆ وڵاتەکەی و ئەگەری ئەوە هەیە ئەندۆنیزیا ڕووبەڕووی سزای توندی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) بکاتەوە و وڵاتەکەشی دەبێتە وڵاتێکی "بێزراو" لە گۆڕەپانی وەرزشی نێودەڵەتییدا.

سینۆلینگا باسی هەوڵەکانی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی ئەم پرسە چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکایەتی وەزیران و وەزارەتی دەرەوە و زۆر لایەنی دیکەی پەیوەندییدار لە گفتوگۆدان، بەڵام ئەو بەرپرسە نەیشاردۆتەوە کە گەشبین نییە بەو هەوڵانە و کەسیش نازانێت سەرەنجام چارەنووسی پاڵەوانێتییەکە بە کوێ دەگات.

کێشەکە لە کوێوە دەستی پێ کرد؟

سەرەتای ئەم کێشەیەش لەوێوە دەستی پێ کرد کە وایان کۆستیر؛ فەرمانداری دوورگەی بالی بە نووسراوێک وەزیری وەرزش و لاوانی ئەندۆنیزیای ئاگادار کردوە کە ئامادە نیین ڕێ بە بەشداریی تیمی ئیسرائیل بدەن لە پاڵەوانێتییەکەدا، پاساوی ئەوەشی بەوە داوە کە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیی لەنێوان ئەندۆنیزیا و ئیسرائیلدا نییە.
ئەوەی مایەی سەرنجە و زۆر چاوەڕێنەکراو بوو لەم پرسەدا ئەوەیە دوورگەی بالی کە ناوچەیەکی زۆرینە هیندۆسیین و ئەوانیش تێیدا باڵادەستن، بە هەموو جۆرێک بەشدارییکردنی تیمی ئیسرائیل لەو پاڵەوانێتییەدا ڕەت دەکەنەوە، لەکاتێکدا بەهۆی ئەوەی هیندۆسییەکان تێیدا زۆرینەن، حکوومەت و بەرپرسانی وەرزشیی ئەندۆنیزیا شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی تیمی ئیسرائیلیان لەوێ جێگیر کرد و بڕیار وابوو هەر لەوێش یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەی بکات.

پێشینەی هەیە

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە و ڕێلێگرتن ببێتەوە لە ئەندۆنیزیا، پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٨ و بە فەرمانی ئەحمەد سووکارنۆ؛ سەرۆکی پێشترینی ئەندۆنیزیا، تیمی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئامادە نەبوو لە پاڵاوتنی جامی جیهانییدا بەرانبەر ئیسرائیل یاریی بکات، دواتر و لە ساڵی ١٩٦٢ لە پاڵەوانێتیی وەرزشیی ئاسیای ١٩٦٢ لە جاکارتا ئیسرائیل بانگهێشتی ئەو پاڵەوانێتییە نەکرا و هەموو هۆکارەکەش سیاسیی بوو و پەیوەندیی بە دۆزی فەلەستینەوە هەبوو.  

ئەسڵی کێشەکە سیاسییە

هیدایەت نوور وەحید جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی ئەندۆنیزیی، داوای لە وەزیری وەرزشی وڵاتەکەی کرد بە هیچ جۆرێک ڕێگە نەدات تیمی ئیسرائیل لەو پاڵەوانێتییەدا بەشدار بێت و سیاسەتی فەرمیی وڵاتەکەشی بەبیردا هێنایەوە کە بریتییە لە پشتگیرییکردنی دۆزی ڕەوای فەلەستین، ئەوە جگە لەوەی کە ئەندۆنیزیا هیچ پەیوەندییەکی فەرمیی و نافەرمیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و بەپێی سیاسەتی فەرمیی ئەندۆنیزیا هەر چەشنە پەیوەندیی و ئامادەبوونێکی فەرمیی و نافەرمیی ئیسرائیل لەسەر خاکی ئەندۆنیزیا قەدەغە کردووە و فەلەستین بە خاکێکی داگیرکراو دەناسێنێت و ئیسرائیلیش وەکو داگیرکەر.

ڕەتکردنەوەی جەماوەریی

وا پێدەچێت شەقامی ئەندۆنیزیی و زۆرینەی هێزە سیاسییەکان دژی بەشداریی تیمی ئیسرائیل بن لە پاڵەوانێتیی تۆپی پێی جیهانی بۆ خوار تەمەنی ٢٠ ساڵ لەو وڵاتە، هەر بۆیە چەند ڕۆژێک لەوەوبەر لە جاکارتای پایتەخت خۆپیشاندان دژی بەشداریی ئەو وڵاتە لە پاڵەوانێتییەکەدا کرا و هەندێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییش هۆشدارییان بە دەسەڵاتدارانی ئەندۆنیزیا دا لەوەی کە نابێت ڕێ بدەن تیمی ئیسرائیل لەو پاڵەوانێتییەدا ئامادە بێت. 


چارەنووسی پاڵەوانێتییەکە

هەربۆیە چارەنووسی ئەم پاڵەوانێتییە بە تەواوەتیی ناڕوونە، یەکێک لەو پێشنیارانەی کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەندۆنیزیا بەنیاز بیخاتە بەردەم یەکێتیی تۆپی پێی جیهان ئەوەیە کە ئیسرائیل لە وڵاتێکی دیکە یارییەکانی بکات، بەڵام بە وتەی ئەریا سینۆلینگا، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی تۆپی پێی ئەندۆنیزی؛ ئەم پێشنیارە هەر پێش پێشکەشکردنی ڕەت دەکرێتەوە، چونکە ئەندۆنیزیا تەنیا ئامادەکار و ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیە و لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکە دۆسێی میواندارییکردنی پێشکەش نەکردووە هەتا ڕێ بدرێت لە وڵاتێکی دیکە یارییەکان بکرێن.

پێناچێت یەکێتیی تۆپی پێی جیهان لەم پرسەدا هیچ نەرمییەک بنووێنێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر ئەندۆنیزیا ڕێی نەدا تیمی ئیسرائیل لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدار بێت، ئەوا یەکێتییە جیهانییەکە بیر لە ڕێگەچارەی دیکە بکاتەوە، لەوانەش: گواستنەوەی پاڵەوانێتییەکە بۆ وڵاتێکی دیکە بۆ نموونە یابان کە زۆر نییە ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆی ٢٠٢٠ی ڕێکخستووە، یان بۆ هەر وڵاتێکی دیکە کە توانای ڕێکخستنی ئەو پاڵەوانێتییەی هەبێت.

هەڵوێستی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان و جیانی ئینفاتینۆ-ی سەرۆکی زۆر هەستیارە و ڕووبەڕووی گەردەلوولێک لە ڕەخنە و ناڕەزایی دەبێتەوە ئەگەر ڕێگە بدات ئەو پاڵەوانێتییە لە ئەندۆنیزیا و بەبێ بەشداری تیمی ئیسرائیل بەڕێوە بچێت بە تایبەتی دوای ئەوەی بە هۆی مۆندیالی قەتەڕی ٢٠٢٢ەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایی زۆر بووەوە، لە پێش هەمووشیانەوە ناڕەزایی و ڕەخنەی وڵاتە ئەورووپیی و ئەمریکیی و خۆرئاواییەکان بەگشتیی لەسەر هەندێک دۆسێی پەیوەندییدار بە ئایین و ئازادیی تاکەکەسیی و پرسی هاوڕەگەزخوازانەوە.

ئەگەرەکان 

ئەوەی چاودێریی ئەم پرسە بکات دەزانێت کە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە هەم بۆ ئەندۆنیزیا و هەم بۆ یەکێتیی تۆپی پێی جیهانیش، ئەگەرەکان سنووردارن و لە چەند حاڵەتێک تێناپەڕن: 

ئەگەر ئەندۆنیزیا ڕێگە بە بەشداریی تیمی ئیسرائیل نەدات ئەوە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان تووشی دۆخێکی زۆر نالەبار دەکات، چونکە بەپێی لائیحەی یەکێتییەکە ئەمە دژی هەم

ئەگەر ئەندۆنیزیا ڕێگە بە بەشداریی تیمی ئیسرائیل نەدات ئەوە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان تووشی دۆخێکی زۆر نالەبار دەکات، چونکە بەپێی لائیحەی یەکێتییەکە ئەمە دژی هەموو پرنسیپەکانی یەکێتییەکەیە بەتایبەت لە دژایەتییکردنی ڕەگەزپەرستیی و بەتایبەتییش ئەوەی پەیوەستە بە ئەنتیسمیتیزم (دژایەتییکردنی جوولەکە)، هەربۆیە زۆر ئەستەمە یەکێتییەکە ئەمە قبوڵ بکات. 

خۆ ئەگەر قبوڵیشی نەکرد ئەوا دیسانەوە یەکێتییەکە تووشی سەرئێشەیەکی دیکە دەکات و دەبێت دەستبەجێ بڕیار بدات کە پاڵەوانێتییەکە دوا بخات (کە ئەمەش ئەستەمە چونکە یەکێتییەکە دەیان پابەندبوونی یاسایی و مێدیایی و ئابووریی لەگەڵ چەندین لایەن هەیە)، یان دەبێت پاڵەوانێتییەکە بگوێزێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کە ئەمەش دیسانەوە سەرئێشە و گرفتێکی زۆر گەورەترە بۆ یەکێتییەکە.

ئەگەری هەرە قورسیش پەیوەستە بە ئەندۆنیزیاوە، ئەگەر ئەو وڵاتە بڕیاری دا ڕێ بە بەشداریی تیمی ئیسرائیل بدات، ئەوە چاوەڕێکراوە لەسەر ئاستی ناوخۆی ڕووبەڕووی پشێویی و ناڕەزایەتییەکیی گەورەی سیاسیی و جەماوەریی ببێتەوە و دوور نییە وڵاتەکە نەخاتە دۆخێکی سیاسیی زۆر ئاڵۆزەوە، خۆ ئەگەر ڕێ بە بەشدارییکردنیش نەدات، ئەوا پێدەچێت ڕووبەڕووی سزای زۆر توندی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان ببێتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە میواندارییکردنی هەر پاڵەوانێتییەک بێبەش بکرێت، ئەوە جگە لەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە ئەندۆنیزیا زیانێکی گەورەی بەر دەکەوێت، بە تایبەتیی کە داهاتێکی زۆری لە ئامادەکاریی بۆ پاڵەوانێتییەکە خەرج کردووە، ئەوە جگە لەوەی بە هەڵوەشاندەوەی پاڵەوانێتییەکە و نەهاتنی هاندەران و گەشتیاران دیسانەوە زیانە ئابوورییەکانی دوو هێندە دەبنەوە.


PM:12:56:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌