غه‌ززه‌...من باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانی منداڵه‌كه‌ ده‌كه‌م

‌تاریق ئه‌لحه‌مید

راسته‌وخۆ دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی چوار رۆژه‌ له‌ غه‌ززه‌، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی منداڵێكی غه‌ززاوی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ی ته‌نها 27 چركه‌یه‌ و بووه‌ سه‌ردێڕی هه‌واڵی میداكان له‌و رۆژه‌دا.

منداڵه‌كه‌ له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا، به‌و په‌ڕی به‌رائه‌ت و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ری ئومێدبه‌خش-ئه‌گه‌رچی به‌ده‌ر نییه‌ له‌ دڵشكان- به‌تایبه‌ت به‌شی هه‌ره‌ زۆری قوربانیانی ئه‌م شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ منداڵن، ده‌ڵێت: دونیا به‌م شێوه‌یه‌ جوانه‌.. كوڕینه‌ ده‌نگی فڕۆكه‌ نییه‌.. ده‌نگی فڕۆكه‌ ده‌بیسن؟

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "كوڕینه‌ ئاگربه‌سته‌.. به‌و خوایه‌ هه‌ر كه‌ بیستم ئاگربه‌سته‌، زۆر دڵخۆش بووم"، پاشان ئه‌گه‌رچی زه‌رده‌خه‌نه‌ عه‌فه‌ویه‌كه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر رووخساریه‌تی، به‌ڵام به‌ جۆرێك له‌ دڵشكانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "به‌س ئه‌م ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌ و ته‌نها بۆ ماوه‌ی4 رۆژه‌".

دواتر ئاوا كۆتایی به‌ قسه‌كانی ده‌هێنێت: "خودایه‌ له‌م ئاگربه‌سته‌دا مه‌سه‌له‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و ئاگربه‌سته‌كه‌ ببێت به‌ هه‌میشه‌یی"، ئینجا ئه‌و رسته‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌ هه‌مو ویژدانێك ده‌هه‌ژێنێت: "به‌و خودایه‌ دونیا به‌م شێوه‌یه‌ جوانه،‌ بێ زڕه‌ی زنجیری تانك و زرێپۆشه‌كان.. كوڕینه‌ زۆر دڵخۆشم.. زۆر زۆر دڵخۆشم".

من زیاتر باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانی ئه‌م منداڵه‌ ده‌كه‌م، تا قسه‌ و قسه‌ڵۆكی بازرگاكانی جه‌نگ و وێرانكاریی. چونكه‌ ده‌نگی ئه‌و منداڵه‌، ده‌نگی مرۆڤێكی سروشتییه، ئاخرهیچ كه‌سێك جه‌نگی ناوێت و جه‌نگ چاره‌سه‌ر نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ماندا و له‌ ململانێی ئیسرائیل- فه‌له‌ستین رووده‌دات، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕێكی بێهوده‌ و خۆكوشتنی به‌كۆمه‌ڵ.

ئه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ گرنگه‌، گوێگرتنه‌ له‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی دانیشتوانی غه‌ززه، نه‌ك ده‌نگی بازرگانانی جه‌نگ یان ده‌نگی ئایدۆلۆژیسته‌ ئالوده‌بووه‌كان به‌ دروشمی "هاتوهه‌را"ی ناوچه‌كه‌. گرنگترین شت گوێگرتنه‌ له‌ ده‌نگی مرۆڤه‌ راسته‌قینه‌كان، نه‌ك كه‌سانی دووڕووی ده‌مامكدار یان توندڕه‌وه‌كانی ئیسرائیل.

لێره‌وه‌ پێویسته‌ له‌ ئێستادا، ئامانجه‌كه‌ ئاگربه‌ستی چه‌ند رۆژه‌ یان چه‌ند ساڵه‌ نه‌بێت، بگره‌ پێویسته‌ ئامانجه‌كه‌ هه‌وڵدانبێت بۆ ئاشتی و دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ و كۆتاییهێنان بێت به‌م ململانێ وێرانكه‌ر و خوێناوییه‌ و رێگریكردن له بازرگانانی جه‌نگ به‌ دۆزه‌كه‌وه‌، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ ئێران و رێگریكردن له‌ توندڕه‌وه‌كانی ئیسرائیل، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ ناتانیاهۆ.

له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو كاره‌سات و وێرانكارییه‌دا، من له‌و بڕوایه‌دام ناوچه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ئاشتی. بگره‌ ناوچه‌كه‌ داوای ئاشتی كردووه‌ و داوای ده‌كات. وڵاته‌ میانڕه‌وه‌كانی وه‌ك سعودییه‌ و میسر و ئیمارات و ئه‌رده‌ن، ئه‌و داوایه‌یان هه‌یه‌، لوتكه‌ی عه‌ره‌بی- ئیسلامی له‌ ریاز و له‌ به‌یاننامه‌ی كۆتاییدا و به‌ واژۆی ده‌وڵه‌تی ئێرانیشه‌وه‌، ئه‌و داوایه‌یان هه‌بوو و هه‌یه‌.

جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، قسه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وروپییه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و داوایه‌یان هه‌یه‌. هه‌ندێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان، له‌ ئێستادا، هه‌وڵده‌ده‌ن ددان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا بنێن، پێوسته‌ ئه‌م رێچكه‌یه‌ رانه‌وه‌ستێت و هاوشانی رێچكه‌ی بردنه‌ پێشه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی بێت. نه‌ك ته‌نها ناوچه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ئاشتی، بگره‌ دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ش ئاماده‌ن بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی.

ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، من زیاتر باوه‌ڕم به‌ قسه‌ی ئه‌و منداڵه‌ هه‌یه،‌ نه‌ك به‌ قسه‌كانی ئیسماعیل هه‌نییه‌. ئاخر هه‌نییه‌ دوای وتاره‌ ئاگرینه‌كانی و سوپاسگوزاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م، ئه‌وه‌تا داوای ئاگربه‌ست و ده‌ستكردن به‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌كات. باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانی منداڵه‌كه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌و له‌ غه‌ززه‌ له‌ژێر بۆردومان و ئاگردایه، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئیسماعیل هه‌نییه‌ له‌ دۆحه‌یه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌، ناكرێت باجی كوشتنی نزیكه‌ی 15 هه‌زار كه‌س له‌ غه‌ززه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان ژن و منداڵن، ته‌نها ئاگربه‌ستێكی چه‌ند رۆژه‌بێت. بگره‌ پێویسته‌ خاڵی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی بێت، له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی كه‌ پایته‌خته‌كه‌ی قودسی خۆرهه‌ڵات بێت.

هه‌نووكه‌ كاتی پێشكه‌شكردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بێ وێنه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا، بۆ گه‌یشتن به‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌. ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بخرێته‌ڕوو، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ سعودییه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تایبه‌ت به‌ خێراكردنی پرۆسه‌ی ئاشتی به‌ گوێره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سعودی- عه‌ره‌بی.

پوخته‌ی قسه‌كه‌، كاتی ئاشتی هاتووه‌ و كاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مو لایه‌كه‌وه‌، رێگه‌ له‌ توندڕه‌وه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندخوازان و بازرگانانی جه‌نگ بگیرێت.

سه‌رچاوه‌
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2023


PM:04:24:28/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی