بــــا، نەچین بۆ بەغداد، هەولێر نزیکترە

‌بەهرۆز حاجی

بڕیاری گواستنەوەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، بۆ ساحەی تەحریر دەکرێت خوێندنەوەی وردتری بۆبکرێت،چونکە ئەگەر پێمان وانەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم،لایەنی یەکەم و سەرەکی نەبن،لەو دۆخە درووستکراوە ناتەندروستەی بۆ پرۆسەی پەروەردەو بێ مووچەیی و ڕاوەستانی پلە بەرزکردنەوە دەساڵە هاتۆتەپێش،کەئامانجی خۆپیشاندانەکانە، ئەوە هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت.

ئەگەر هەندێک پێی وابێت فشارەکان لەڕێی بەغدادەوە بێت بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوە مانەوەی دۆخەکەیە وەک خۆی، بگرە خزمەتێکە بۆ دەسەڵاتداران لەهەرێمەکە، چونکە ئەوان قازانج دەکەن، لەڕێی گواستنەوەی ئەو خۆپیشاندانەوە و لەڕێیەوە دەبێتە فشارێک بۆ بەدەستهێنانی بڕێک لەقەرزی تر بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2023 و ئەوکات هەرێم سەر ڕەقتر دەبێت و بەئاسانی مل نادات تەنانەت بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی خۆی لەگەڵ بەغداد لەڕابردوودا بەموژدانە پێی دەفرۆشتینەوە، نەک ڕێککەوتی نوێش.

وەلێ شەرعییەتدانێکیشە بەوەی کە بەغدادیش تاوانبارە لەو دۆخەی سەرمووچەخۆران، لە ڕاستیدا کە وەها نییە، هەرچەند زۆر هەوڵدراوە و سکاڵاش کراوە لەڕێی دادگای فیدراڵی کە یاری بەژیان و قووتی مووچە خۆرانەوە نەکرێت، لەلایەن هەرێمەوە، یاخود ڕاستەوخۆ موچە لەبەغدادەوە دابەشبکرێت، بەڵام دادگا ڕەتیکردۆتەوە ئەوەی لە ئەدای کاری ئەوان بێت و لایەنی هەرێمی بە پەیوەست بۆ گرفتانەوە زانیوە، بۆیە کاتێک ئێمە سەر بەئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری فیدراڵین، دەکرێت تەواوی فشارەکانیشمان هەر لەسەر ئەو ئیدارەیەبێت.

بۆیە لەبری چوون بۆ بەغداد، باشترە بریار لە چوون بەرەو هەولێر بدرێت گەر لە بازگەی یەکەمی پارتیش ڕێگری کرا، (کە دەشکرێت)، ئەوە پەیامەکە باشتر دەگات و پێویستە ئامانجی خۆپیشاندانەکە فشاربێت لەسەر یەکێتیی و پارتی هەتا پابەندی ڕێککەوتنەکانبن و ئەوەی لەزیادکردنی ئەو هەموو باجو گومرگانەو فرۆشتنی نەوت بەتانکەر دەستیان دەکەوێت بۆخزمەتی خەڵک ومووچەخۆر بەکاری بێنن و ڕوولەبەغدادبن بۆ ئەوەی جێگیرییەک و پابەبەندبوونێک لە ڕێککەوتنەکاندا بێتەدی هەتا ئەوەی دەگوزەرێ دووبارە نەبێتەوە.
بەهرۆزحاجیی


AM:11:21:21/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی