فۆبیای هەڵبژاردن

‌رێبین عومەر ‎

دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، بەتەواوەتی دیموكراسی لەهەرێم دووچاری ئیفلیج بوون دەكات. پێشتر هەرێمی كوردستان وێردی زوبانی دەسەڵات دیموكراسی و فرەیی و گەرانەوە بوو بۆ گەل. دەسەڵاتی سیاسی زۆر شانازی بەنموزەجی هەرێمەوە دەكرد. وەك ئەزموونێكی تاقانەوە نموونەیی لە ناوچەكە باسی لێوەدەكرد. لە راستیدا خەڵكی كوردستان خەباتی زۆری بۆ چەسپاندنی ئازادی و سەربەستی و فەراهەمەكردنی دیموكراسی و پایەكانی كردووە، و لەو رێگەیەش قوربانی زۆرای داوە.  

ئەوەی گەل بەدەسەڵاتی سیاسییەوە گرێدەدات بەشدارییەتی لە هەڵبژاردن كە مافێكی سەرەتایی خەڵكی كوردستان و چوار ساڵ جارێک ئەزموونی دەکات. 

خەریكە بە سیاسەتی بگرەو بەردە لەپێناو بەرژەوەندی تەنگی سیاسی، ئەو مافە لە خەڵكی كوردستان زەوت دەكرێت. 
وای لێدێت ئەو پرۆسەیە كە بەندە بەنوێبوونەوەی دیموكراسی بەتەواوەتی رادەستی عەقڵیەتی خۆسەپاندنی ببێت. 

تێبینی سیاسی نێو لایەنەکان جێگەی نیقاش و گفتووگۆی قوڵی سیاسییە. بەڵام پەكخستنی جوڵەو رەوتی هەڵبژاردن بەتەواوەتی كردەیەكی مەترسیداری سیاسییە کە دواجار فاشیزم بەرهەم دێنێت..!

بەمەبەست هێزێكی سیاسی كوردی؛ پێگەی سیاسی لەدەسەڵات بەكار دەهێنێت بۆ پەكخستنی ئەو پرۆسەیە و دیزاینكردنی بەو شێوەیەی خۆی گەرەكییەتی، ئەوەش دووبارە هەرێم دەخاتەوە دۆخی تەنگەژەی سیاسی و قوڵبوونەوەی زیاتری غەرەندی ململانێکان. 

ئێستا كە باس لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن دەكرێت لەوادەی خۆیدا، هیچ گەرەنتی نییە؛  لە سێبەری ئەم سیاسەتەدا کە گفتووگۆ بەستوویەتی؛  ئەو پرۆسە دیموكراسییە لە هەرێم ئەنجام بدرێت. 

هەموو ئەم پەكخستنە زیانی گەورە دەگەیەنێت بە مۆزایەكی سیاسی و  فرایی و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێم كە خەڵكی كوردستان باج و قوربانی زۆریان بۆ داوە. 

لەکۆتاییدا پرسیار ئەوەیە کە رەنگە فۆبیای هەڵبژاردن وابکات کە هەڵبژاردن هەرنەکرێت..؟!


PM:09:06:17/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی