بەسەرهاتێکی سۆن و چەند پەندێک

‌رێبین عومەر ‎

ئەم نموونەیە زیندووە بۆ هەموو سەردەمێک کە میرخاسێکی شاری سلێمانی گرێی دەروونی داگیرکاری بە حیکمەت کردەوە.

لە نێوان ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٢١ (مێجەر سۆن) بوو بە حاکمی سیاسی لە شاری سلێمانی، هەوڵیدەدا دەماری نیشتمانی و هەستی بەرزی میللی لەناو خەڵکدا بمرێنێت و کۆتایی بە تەوژمی نەتەوەیی بهێنێت و گەل ملگەچی خواستەکانی بکات. 

لەوسەردەمەدا سۆن بڕیارێکی دەرکرد کاتێ بەناو شاردا دەڕوات، دەبێت هەموو کەسێک لەم شارەدا لەبەری هەڵسێت و رێز بنوێنێت..! 
میرزا خوڵام دەیویست بەزۆر خەڵکی رێز دەربڕن، و وەک خاکی و خۆیی بیبینن.

لە کاتێکدا لەناو گەلدا میرزای ئینگلیز داگیرکەرو حاکمێکی سەپاوی دوای عوسمانی بوو دین و دنیا رێگەی پێنادات کە گەل جڵەوبکات.
جارێک مێجەرسۆن بە بەردەمی دوکانی (مەلا عەلی مۆرهەڵکەن)دا دەڕوات، مەلا عەلی لەبەری هەڵناسێت! دواتر مێجەرسۆن دەنێرێت بە شوێن مەلاداو هەڕەشەی لێدەکات.

 مەلاعەلی لە وەڵامدا دەڵێت: کەس بە زۆر ئیحترامی کەس ناگرێت و بەزۆر نییە..!
 ئەگەر بە زۆر بێت، ئەوا تۆ داگیرکەریت لەم وڵاتەدا.

 ئیمانەکەم ڕێگەنادات لەبەرت هەڵسم!
 (مێجەر سۆن) وازی لێدێنێت، بەڵام دەیهێڵێتەوە بۆ پلانێکی تری ئینگلیزانەی خۆی. 

پاش دوو مانگی تر دەنێرێتەوە بە شوێنیا و پێی دەڵێت: بۆمان دەرکەوتووە تۆ پیاوێکی باش و ڕاستیت، لەبەر ئەوە بڕیارماندا مانگی ٤٠ ڕوپییەت بۆ ببڕینەوە لە پایی چاکی و پیاوەتیت. 

مەلاعەلی دەڵێت: من کە ئیمانەکەم ڕێگەنەدا لەبەر تۆ هەڵسم؛ بێشک ڕێگەشنادات پارەی دەم کوتکردن لە تۆ وەربگرم! 
سۆنیش پێی دەڵێت: بڕۆ خوا بە قوربانی عەقڵی خۆتبکات، بەخوا ئەو پارەیەت وەرگرتایە، خۆم دەمزانی چیم لەگەڵدا دەکردی. 

ڕێگەی ماڵی خۆتانت نەزانیایە لە کوێیە؟! 
(ئەم ڕووداوە، پەندو وانەی گرنگی تێدایە) بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ کە مرۆڤەکان جوانییەکانیان بە پول ساخ دەکەنەوە، کە هەڵوێستەکانیان بە دراو دەگۆڕنەوە کە مێژووەکەیان سفر دەکەنەوە، لەم سەردەمەدا بەرژەوەندی و کڕین و فرۆشتنی ئینسانەکان ئاسانترە، لە بەر رووی بەرژەوەندی کەمن ئەوانەی وەک مەلا عەلی رەتی بکەنەوە


PM:06:56:26/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی