قوباد تاڵەبانی لە مێپس چی گووت و چەند سەرنجێک

‌رێبین عومەر ‎

لە کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک قوباد تاڵەبانی کە سیاسییەکی ژیرو بەدیقەتی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە. 

زۆر بەروونی تەنگەژە ناوخۆییەکانی خستە روو. پەیامەکانی دڵخۆشکەربوون؛ بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە تونێلی چارەنوسی کورد لە هەرێم، ئەوسەری دیار نییە..! 
جگە لە قەیرانی دارایی کەبەرۆکی هەرێمی گرتووە؛ 

حکومەتی ئیتحادی سزای خەڵک بە پێنەدانی مووچەکانیان دەدات. ئێستا حکومەتێک لە بەغداد هەیە؛ کە لەدەرەوەی خۆی بەرێوەدەبرێت، و لەژێر هەژموونی فەوزای گروپ و لایەنە سیاسییە سەردەستەکاندایە کە ئەمڕۆ سێبەریان بەسەر بڕیاری سیاسییەوە هەیەو حکومەت لەوسێبەرە دەرناچێت. 

لە ئێستادا بەغداد وەک ناوەندێکی حکومڕانی بێمنەت لەبەرامبەر بەخەڵکی کوردستان. پلانی تەنها هیلاککردن و سوتانی زیاتری کارتەکانی دەستی هەرێمە. 
هەڵوێست و گفتەکانی زوو زوو دەگۆڕێت.

لەم قۆناغەدا بەغداد یەک ئامانجی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەرێم زیاتر لەوەی هەیە لاوازتر بکرێت. 

لە بارەی ئاشتەوایی ناوخۆیی و تەبایی نێوماڵی کورد جێگری سەرۆک وەزیران لە ئاستی بەرپرسیارێتی پەیامی پێکەوەیی یەکێتیی و پارتی وەک دوو ئەکتەری مێژووی خستە روو کە بەقبوڵکردنی یەک و فرەیی سیاسی دەتوانن زۆر ئاڵەنگاری تێپەڕبکەن. 

هەنگاوێکی ئیجابیانەیە کە لایەنە سیاسییەکان هەردوو هێز سەرباری جیاوازییەکانیان پێکەوە هەڵبکەن و یەکتر بە جیاوازییەوە پەسەند بکەن و لە ئاستی دەرەوەی هەرێم لەمەڕ پرسە چارەنوسسازەکاندا؛ یەک هەڵوێست بن.

 لە رابردوو دا، دوو کارەکتەری مێژووی مام جەلال لە بەغدادو کاک مسعود لە هەرێم بە هاوتەریبی کاری زۆرو دەستکەوتی گەورەیان بۆ کورد بەدەست خست. 
ئەوکات کورد خاوەن پێگەبوو لە عێراقدا. 

ئێستا کورد لە عێراق بەهۆی ناتەبایی ناوخۆیی سەنگ و قورسایی وەک پێشتر نییە. 

چارەیەک بوونی ناوخۆییە کە زۆرێک لە تەنگەژەکان تێپەڕدەکات و هەرێمیش وەک قەوارەیەکی تاقانەی کورد لە رۆژهەڵایی پڕکێشەدا دەپارێزێت.


PM:02:14:21/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی