دەنگی ژنان ، لە توندوتیژییەوە بۆ دەسەڵات و گۆڕان

‌نەجیبە مەحمود

٢٥ی ئەم مانگە وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کراوە. ئەم ڕۆژە لە کۆمەڵگای جیهانیدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان، هۆشیاری و ڕێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە بەرەوپێش دەچێت. لە کۆمەڵگای ئێمەشدا ئەم ڕۆژە وەک دەرفەتێک بەکاردێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر توندوتیژی دژی ژنان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی لەم بوارەدا.

بەڵام جیاوازیەکەی لەگەل کۆمەلگای ئێمە  لێرەدا ئەوەیە کە چاڵاکی جۆرا جۆر وبەرنامەی جۆراوجۆرە هەیە ،بەلام هیچ هەنگاوێکی جددی بەدی ناکرێت لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی و سزادانی تاوانباران  , بگرە بە پێچەوانەوە زۆرجار تاوانباران داڵدەدەدرێن و دەپارێزرێن لە رووبەرووکردنەوەیان لەگەل یاسا ،یان بە سوڵحێکی عەشایەری  و لە بنکە کۆمەڵایەتیەکان کێشەکەیان  بە حیساب بۆ چارەسەر دەکرێت ، زۆر جار چارەسەرەکانیش ،کچەکان باجەکەی دەدەن ،. بۆ نموونە لە بری خوێن دەدرێن  بە بنەماڵەی کوژراوەکە ،بێگومان ماڵێک کە ژنێک لەبری خوێنی کەسێکی کوژراوی بنەماڵەکەیان وەردەگرن ، دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ؟!

 هەرچەندە بەڕای من دامەزراندنی ئەو بنکە کۆمەڵایەتیانە لەلایەن هێزە سیاسیەکان ، تەنها بۆ مانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی خۆیان ونەهێشتنی بەها و کاریگەرییە یاسایی بۆ دادگاکانە ، ئەوەش جۆرێکە لە خزمەت کردن بە مانەوەی کۆمەڵگایەکی توندوتیژ و ناسارستانی.

توندوتیژی دژ بە ژنان هەر جۆرە کردارێک یان ڕەفتارێکە کە پێشێلکاری ژنان و هەراسانکردنیان و پێشێلکردنی ماف و تایبەتمەندییەکانیان بکات. ئەمەش توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، دەروونی و ئابووری ، سیاسی دەگرێتەوە. توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە پرسە جدییەکان لە کۆمەڵگا جیهانییەکاندا و بەتایبەت لە کۆمەڵگا دواکەوتووکان و لەناویشیان کوردستان ، و پێویستی بە هۆشیاری و خۆپاراستن و شەڕێکی جدی هەیە بۆ نەهێشتنی.

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ و هاوکاری نێوان  دامەزراوە کانی حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگا هەیە.  چەند ستراتیژییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەخەمە روو ،لەوانە :

1.  هۆشیاری  پەروەردەکردن لەسەر بابەتی توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە زۆر گرنگە. ئەنجامدانی هەڵمەت و وتار و بڵاوکردنەوەی کەرەستەی پەروەردەیی و پێشخستنی کولتوری یەکسانی جێندەری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی هۆشیاری و کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە.

2.  پێویستە یاساکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان بەهێزتر و جێبەجێ بکرێن و یاسای نوێش دابنرێت کە سزای ئەم دیاردەیە بدات. هەروەها دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و دروستکردنی پاراستنی یاسایی بۆیان دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت.

3-  دامەزراندنی سەنتەری پاڵپشتی و ڕاوێژکاری بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی، دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، نیشتەجێبوون، پاڵپشتی یاسایی و ئابووری، و ڕێنمایی سەبارەت بە هەلی کار دەتوانێت یارمەتی ژنان بدات بۆ دەرچوون لە دۆخی توندوتیژی.

4- زۆر گرنگە نەوەی نوێ لە قوتابخانە و خێزانەکاندا فێری ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری بکرێت. ئەم ڕاهێنانانە دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرگەگرتوو و سەرنجڕاکێش پێشکەش بکرێن بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتریان هەبێت.

 5-  ڕەخساندنی هەلی کار و ئابوری بۆ ژنان و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و ڕاهێنانی تواناکانی کار دەتوانێت یارمەتی سەربەخۆیی ژنان بدات و توندوتیژی بەرامبەریان کەمبکاتەوە. بە جێبەجێکردنی هاوکاتی ئەم چارەسەرانە و هاوکاری نێوان تاک و ڕێکخراوەکان، بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرتر لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.


PM:09:07:21/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی