ئەو هەڵانەی کە کورد نابێت ئێستا بیانکات!

‌عادل باخه‌وان


۱. سەماحەتی سەید موقتەدا  سەدر ڕاستدەکات کە دەیەوێت  دەستور هەمواربکاتەوە، چونکە ئەو دەستورەی ئێستای عێراق لە بەرژەوەندی عێراقیەکاندا نیە.

۲. هەروەها شێخ قەیس خەزعەلی ڕاستدەکات کاتێک پێیوتم : عێراق هەرگیز نابێت بە وڵاتێکی سەقامگیر بەبێ کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان.

۳. من پێموایە کورد هەڵە دەکات گەر هەر لە ئێستاوە ئۆپۆزیسیۆنی خۆی بۆ هەموار کردنەوەی دەستور دەرببڕێت. ئەم دەستورە ئیفلیجە و تەنها مورەکەبە لەسەر وەرەقە.

٤. بەبۆچوونی من کورد دەبێت ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ هەموارکردنەوەی دەستور بەڵام بە مەرجی پەڕینەوە لەفیدارڵیەوە بۆ کۆنفیدراڵی!

٥. واتە بەڵێ بۆ گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی، بە مەرجێک برایانی شیعەش بەڵێ بکەن بۆ کۆنفیدراڵی هەرێمی کوردستان.

٦. ئەمەش دڵی سیاسەتە : واتە شتێک لە بەرامبەر شتێکدا، نەک ڕەتکردنەوەی شتێک بە ڕەهایی.

۷. کورد دەبێت تێبگات لەوەی کە عێراقی پاش ۳٠ تەموز هەرگیز عێراقی پێش ۳٠ تەموز نیە و کاتی ئەوە هاتوە لە هاوکێشە کۆنەکان بێنەدەرەوە.

۸. هەڵەیەکی دیکە ئەوەیە کە پێمانوابێت داگیرکردنی پەرلەمان لەلایەن سەدرەوە کۆتایی یاریەکەیە! نە ئیتار هێندە لاوازە کە وا بە ئاسانی فڕێبدرێتە پەراوێزەوە، نە تەیاریش هێندە بەهێزە کەبتوانێت کودەتا بکات.

۹. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت لەوە تێبگات کە هیچ حکومەتێک بە سەماحەتی سەید موقتەدا دروستنابێ، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هیچ حکومەتێک بەبێ ئەو دروستنابێ! ئیتر عێراقی نوێ بەم شێوەیەیە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.


PM:11:09:01/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی