بڕیارەکەی ICC و پیشەسازیی نەوتی هەرێم

‌مەحمود بابان

بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بە دروستی چەند مانگێک پێش ئێستا دەرکراوە و لایەنی عێراقی و تورکی، تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری نێوەڕۆکی بڕیارەکە بوون، بەڵام ئەوەی كە لە رۆژی 25ی ئاداری 2023دا روویدا تەنیا بە فەرمی راگەیاندنی بڕیارەکە بوو.

بەپێی زانیارییەکان لە رۆژی 23ی ئاداری 2023وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی هەڵگیراوە، بەڵام لە نیوەڕۆی 25ی ئاداری 2023وە هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی بۆ تورکیا راگرت و وەزارەتی نەوتی عێراقیش پێشوازیی لە بڕیارەکەی دادگەکە کرد، هەروەها هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد كە بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا نابێت، بەتایبەتیش کاتێک تورکیا رەزامەندیی داوە کەوا بەبێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق نەوت هەناردە نەکات. ئەمەش رێک لەو کاتەدا دێت کە هەمووی ماوەیەکی زۆر کورتە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت و بەتایبەتیش بەرهەمهێنان و بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی 2023ی فیدراڵی رێککەوتوون!

خاڵیکی دیکەی زۆر گرنگ لە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە، پەیوەستە بە توانای گلدانەوە (کۆگاکردن)ی نەوت لە کۆگاکانی کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. ئایا ئەمە تاوەکو چەند کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و مەترسیی لە داخستنی کێڵگەکان یاخود ئەگەری راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان دێنێتە ئاراوە؟ چونکە ئەمە پرسێکی تەواو تەکنیکی و کاریگەرییەکی گەورە و زیانێکی زۆر گەورە بە بیرە نەوتییەکان و پرۆسەی پیشەسازیی نەوت و و کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەیێنێت، ئەگەر بە زوویی نەگەنە رێککەوتن بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لەڕاستیدا، دیوێکی دیکەی ئەم پرسە، شارەزابوونی حکومەتی عێراقە لە دۆسیەکە و شێوازی تۆمارکردنی دۆسیەکە لە دادگە. دۆسیەکە لە دژی تورکیا و پابەندنەبوونی تورکیایە بە رێککەوتنی ساڵی 1973 بۆری هەناردەکردنی نەوت لەنێوان تورکیا و عێراقە، کە لە 2010دا هەموار کراوەتەوە. دیارە پرسەکەی نەبەستووەتەوە بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا کە نەوتی هەناردە کردووە.

لێرەدا هەڵوەستە لەسەر نێوەڕۆکی بڕیارەکە و هۆکاری پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکە و دەستکەوتەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی ئەم بڕیارە و لە سەروو هەمووشیانەوە لێکەوتە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی پشت ئەم بڕیارە لەسەر پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکەین.

نیوەڕۆکی بڕیارەکە و هۆکاری پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەوە چییە؟

کۆمپانیای سۆمۆ بە وەکالەتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئایاری 2014دا داوای لە دادگە تۆمار کردووە، ئەویش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. لەو کاتەدا پەنابردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردە کردنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ، بەهۆی بڕینی بەشە بودجەکەیەوە بوو لەلایەن بەغداوە، هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی تەنیا بەستووەتەوە بە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و کۆنترۆڵی کۆمپانیای سۆمۆوە.

بەپێی رێککەوتنی ساڵی 1973، بۆریی هەناردەکردنی نەوتی نێوان عێراق و توركیا لەلایەن کۆمپانیای بۆتاشەوە بەڕێوە دەبرێت، درێژییەکەی 970 کیلۆمەترە و، رۆژانە توانای هەناردەکردنی 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، تیرەکەی 40 - 46 ئینجە و، هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیاش هاوبەشی کۆمپانیای بۆتاش دەکەن. هەروەها، ئەم رێککەوتنە لە ساڵی 2010دا هەموار کراوەتەوە بەپێی رەزامەندیی هەردوولا، بەو شێوەیەی کە هەیە تاوەکو 2025 درێژ كراوەتەوە.

هەروەها لە ساڵی 2011وە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆڕییەکی نوێی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە خورمەڵەوە تاوەکو پێشخابوور راکیشا، کە توانای هەناردەکردنی نەوتی لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام لە دیوی تورکیاوە بەستراوەتەوە بە بۆڕییە کۆنەکەوە. هەڵبەت پرسی سەرەكی لە دۆسییەكەدا لەبارەی سەروەریی هەناردەکردن بووە نەوەک بەکارهێنانی بۆڕیی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت وەک ئەوەی لە قەرەبووەکەدا هاتووە و ئاماژەی بۆ کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا رەزامەندیی داوە لەسەر قەرەبووکردنەوەی 1.5 ملیار دۆلار پێش سوودی بانکی بۆ ماوەی نێوان ساڵانی (2014-2018)، لە کاتێکدا عێراق داوای قەرەبووی 26 ملیار دۆلاری کردبوو لە دادگە. هەروەها، کەیسێکی دیکە کە درێژکراوەی هەمان داوای عێراق لە دادگەیە بۆ ماوەی نێوان 2018 تاوەکو ئێستا ماوە، کە چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی دوو ساڵێکی پێبچێت بۆئەوەی ئەمەش یەکلایی بکرێتەوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی تورکیا رەزامەندیی داوە بە قەرەبووکردنەوەكە و پابەندبوون بە بڕیاری دادگەوە، ئەمە مژارێکی گرنگە و جێگەی هەڵوەستە کردنە. هەربۆیەش لە رۆژی 23ی ئاداری 2023وە دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، بە فەرمی حکومەتی عێراقی لە پابەندبوون بە بڕیارەکە ئاگادار کردووەتەوە، کە وا لێکدەدرێتەوە بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تورکیا لە مانگی ئایاری 2023 و دۆخی پارتی داد و گەشەپێدانەوە بووە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان پێشتر رەزامەندیی دابوو لەسەر چاودێریکردنی هەناردەکردن لە بەندەری جەیهان و هەبوونی نوێنەری سۆمۆ لە بەندەرەکە بۆ چاودێریکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

دیوێکی پابەندبوونی تورکیا پەیوەستە بە هەبوونی کارتی گوشار لە هەمبەر عێراق، کە ئەویش پرسی بەردانەوەی ئاوە بۆ عێراق، بەتایبەتیش ئاوی رووباری دیجلە، کە بەپێی زانیارییەکان لە سەردانی ئەم دواییەی سوودانی بۆ تورکیا باسی لێوە کراوە و دوای سەردانەکەش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای کرد کەوا بەشی بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە زیاتر دەکات، کە ئەمەش بۆنی رێککەوتنێکی پێشوەختە و تێکەڵکردنی کارتەکان بەیەکدیی لێدێت، واتە چاوەڕوان ناکرێت تورکیا بە پارە قەرەبووی عێراق بکاتەوە.

دەستکەوتەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بڕیارەکە چین؟

وا دەردەکەوێت حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامەوە کاری لەسەر دۆسیەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتیش پرسی وزە (نەوت و گاز). ئەگەر بە خێرایی چاو بە دوو دەیەی دوای رووخانی رژێمی پێشوودا بخشێنین بەڕوونی دەردەکەوێت، کە هەرێمی کوردستان لە کوێوە گەیشتووەتە کوێ. لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکان دا رێککەوتن کرا و لە پرۆژە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانیەوە هەناردە بكات و داهاتەکانی دەبێتە داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی."

لە بڕگەیەکی دیکەی پرۆژە یاساکەدا سەبارەت بە داهاتی نەوتی هاتووە، "سەرجەم کۆی داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یەک هەژماری بانکی دادەنرێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی رادەسپێردرێت دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و هەژمارەکە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە چاودێری دەکرێت و سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی دیکە دادەخرێن."

رۆژی 26-03-2023 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان، کە وەکو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نابێت، بەڵام ئایا بەغداش وەکو پێش بڕیارەکەیە یاخود جیاوازە؟

ئێستا، پرسیارەکە ئەوەیە کە بەغدا بە چ میکانیزمێک دووبارە رێگە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەدات، ئایا دووبارە چاو دەخشێنێتەوە بەو رێککەوتنەی بۆ بودجە کراوە یاخود بە هەمان میکانیزم بەردەوام دەبێت؟ چونکە لە دووەمین بەیاننامە لەسەر ئەم پرسە ئاماژە بەوە دەکات کەوا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن سەبارەت بە شێوازی هەناردەکردنەوە، کەواتە ئەگەر ئەو میکانیزمە نەبێت کە بۆ پڕۆژە بودجەی 2023 رێککەوتنی لەسەر کراوە، دەبێت چۆن بێت؟

دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە ئێستا نەك تەنیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەڵکو 70 بۆ 80 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکیش راگیراوە، کە بەغدا ساڵی رابردوو بەهۆی ئەم هەناردەکردنەوە نزیکەی سەروو دوو ملیار داهاتی هەبووە. ئەگەر کێشەکە بە زوویی چارەسەر نەکرێت و هەناردەکردن دەست پێنەکاتەوە، ئەوا بەغدا زیانی بەر دەکەوێت، نەك تەنیا هەرێمی کوردستان.

خاڵێکی دیکەش کە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عێراق لە بردنەوەی ئەم دۆسیەوە بیگرێتەبەر، ئەویش کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە، کە چەند بێت نەوەکو تەنیا ئەو بڕەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023دا رێککەوتنی لەسەر کراوە، هەربۆیەش بۆ وەڵامدانەوەی کۆی پرسیارەکان دەبێ چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوو بکەین بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، چونکە جگە لە لێکەوتە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی لەسەر پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان، لێکەوتەی گەورەی لەسەر بازاڕەکان دەبێت، ئەگەر ئەم راگرتنە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت کە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکات، دەبێ بزانین هەڵویستی وڵاتانی زلهێز و بەکارهێنەری نەوت و تەنانەت بەرهەمهێنەری نەوتیش لەسەرووی هەموویانەوە ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی چی دەبێت.

لێکەوتەكانی بڕیارەکە لەسەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان

ئەم بڕیارە و پابەندبوونی تورکیا و باڵادەستبوونی عێراق لەسەر ئەم پرسە لێکەوتەی گەورەی لەسەر پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەبێت، تەنانەت کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە پیشەسازی نەوت  و گازی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام لێرەدا ئاماژە بە لێکەوتە کورتخایەنەکانی وەک:

- کاریگەریییەکی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر بەزوویی رێککەوتن نەکرێت و دووبارە هەناردەکردن دەست پێنەكاتەوە. بەپێی زانیارییەکان کۆگای کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەکان تاوەکو 5 رۆژ بەش دەکات.

- لێکەوتەیەکی دیکەی کورتخایەن کاریگەری لەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانە، بەتایبەتیش ئەو کۆمپانیانەی دوای لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا دەستیان بە دووبارە لێدانی بیری نوێی نەوت لە کێڵگەکان کردبوو.

- قۆناخێکی نوێی مامەڵکردن لەسەر شێوازی پارەدانەوەی کۆمپانیاکان دەبێت، بەشێوەیەک کەوا خۆی ئێستا نزیکەی مانگێک دواکەوتووە و ئەمەش کاری زیاتر دەکاتە سەر کاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان.

- لێکەوتەیەکی کورتخایەنی دیکە پەیوەستە بە شێوازی فرۆشتنی نەوتی خاو، کە دوای ئەم رووداوانە توانای هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵکردن لەگەڵ کڕیارەکان کەمتر دەکاتەوە، دیارە ئەگەر سۆمۆ کۆی پرۆسەکە نەگرێتە ئەستۆ.

هەروەها، بڕیارەکەی دادگا لێکەوتەی درێژخایەنیشی هەیە. ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت کارتی گوشار لە هەمبەر تیمی حکومەتەکەی سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بخاتەڕوو. چونکە ئێستا تەرازووی باڵادەستی دانوستاندنەکان بەلای بەغدا شكاوەتەوە. بۆ نموونە لە سەرەتای سوێندخواردنی کابینەکەیدا، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق بەڵینی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا دابوو. ئێستا نزیکەی پێنج مانگی تێپەڕیوە و هێشتا دەرنەکەوتووە کە کار لەسەر چ پڕۆژەیەک بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە دەکەن، هەربۆیەش چاوەڕوان دەکرێت وەک بردنەسەری بەڵینەکەی لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بێتە گۆڕێ و پەرلەمانیش بە زۆرینەی دەنگ تێیپەڕێنێت، هەربۆیەش ئەم بڕیارەی دادگا لێکەوتە درێژخایەنی وەك ئەمانەی خوارەوەش دەبێت:

- کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەبێت، دەستی بەغدا لە چۆنیەتی داڕشتنەوەی بڕگە یاساییەکان زاڵتر دەکات، بەتایبەتیش کە لە چەند مانگی رابردوودا مەرجەکانی بەغدا بەشێوەیەک بوون لەلایەن هەولێرەوە قبوڵ نەکراوبوون. هەروەها نزیکەی 16 ساڵە لە 2007وە دەرکردنی پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمان دوادەکەوێت.

- کاریگەری گەورەی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دەبێت، ئەویش بەو میکانیزمەی توانای هەناردەکردن دەکەوێتە سەر حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق.

- لەمەودایەکی درێژخایەن کاریگەری لەسەر شێوازی پەرەپێدان و هەڵکەندنی بیری نوێ و تەنانەت پەرەپێدانی بیرە کۆنەکانیش بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە کە بەغدا بڵێ بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆ بەکاربێت و لە بەندەری بەسرە و کێڵگەکانی باشوور نەوت هەناردەی دەرەوە دەکەین.

- کاریگەری لەسەر پرسی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی دەبێت، کە بەم دواییەش حکومەتی فیدراڵیی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کریست پیترۆڵیۆم واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی باشووری عێراق.

کۆتایی

بڕیارەکەی دادگا کاریگەری تەواوی لەسەر کۆی پرۆسەی پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، شێوازی پەیوەندییە نیوخۆییەکان و، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دادەنێت.

تورکیا بەدەر لە رەوشی هەڵبژاردن، ئەو چەکەی لە بەردەستدایە کە بتوانێت لەبەرامبەر بەردانەوەی ئاو، سازش بە عێراق بكات.

ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی فیدراڵیی عێراق باس لە میکانیزمێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە بەگوێرەی سۆمۆ بێت، هەرچەندە ئەم دواکەوتنە یاخود گەیشتنە رێککەوتنە بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردن دوابکەوێت، ئەوا زیان بەر عێراقیش دەکەوێت بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی کەرکووک، کە نزیکەی سێ رۆژ تێپەڕێوە و بەپێی زانیارییەکان کێڵگەکان تاوەکو 5 رۆژ دەتوانن لە بەرهەمهێنان بەردەوام بن، ئەگەرنا دەبێت بەرەو داخستن بچن بەهۆی مەترسی پڕبوونی ئەمبارەکان و داخستنی کێڵگە نەوتییەکان، کە زیانەکانی سەتان باری ئەوەیە کە کێ کۆنترۆڵی هەناردەکردنی نەوت بکات.

خاڵێکی دیکەش کۆنترۆڵکردن یاخود رێککەوتنە لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ دووبارە دەستپێکردن بەهەناردەکردن و پابەندیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بۆ رەوانەکردنی پشکی بودجە و پرسەکانی دیکە زیاتر دەکات کە نزیکەی 9 ساڵە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە خۆی لێ دزیوەتەوە.

راستە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی دۆخێکی نوێ بووەتەوە لەڕووی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت و گاز، بەڵام بەواتای ئەوە نایێت کە دەستی بەغدا لەم پرسەدا ئاوەڵایە تەنیا بە بردنەوەی دۆسییەکی دادگا لە هەمبەر تورکیا. گۆڕانکارییەکانی رۆژانی داهاتوو و زانیارییەکان بۆ رێککەوتن نێوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگا زیاتر روون دەکاتەوە. بۆ نموونە زانینی هۆكارەكانی ئەوەی كە بۆچی عێراق كە داوای قەرەبووی 26 ملیار دۆلاری کردووە، ئێستا بە 1.4 یان 1.5 ملیار دۆلار رازیبووە گرنگە، عیراق ئەگەر گەڕی دووەمی دادگاش بباتەوە هەموو ئەو قەرەبووەی كە وەریدەگرێت ناگاتە سەرووی 3 ملیار دۆلار.

لەکۆتاییدا، هەر میکانیزمێک بگیرێتەبەر، پێویستە رەچاوی لایەنی تەکنیکی کێڵگەکان و توانای بەرهەمهێنانی بیرە نەوتییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی تووشی زیانی داخستن نەبن، کە گەلی کوردستان و عێراقیش تێیدا زیانمەند دەبن.


PM:01:54:27/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی