کەرکوک، کەرکوک، کەرکوک

‌دکتۆرە شیلان فەتحی

چاوی زەقی دوژمنکارانەی ڕژێمی بەعس و ویستی تەماحکاری دەوڵەتانی دراوسێ و بەرژەوەندی زلهێزان لە سەردەمە جیاوازەکان بەسەر کەرکوکەوە لە خۆڕایی و مەرامێکی سەرپێی نەبووە، هەر بۆیە بەگشتی کوردەکان، وە بەتایبەتی لە ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا ترس و ئەگەرەکان لە هەموو قۆناغە جیاوازەکان ئیش لەسەرکراو بوونە بۆ هەر پێشهاتێک.

دەمێکە لە زاری هەڤاڵ مام جلالەوە بەمەبەستی حاڵی کردنی ناحەزان و دوژمنان چواندنێک کراوە لە نێوان(قودسی عەرەب - قودسی کوردان) تاکو بزانن گرینگی و پێگەی کەرکوک و پیرۆزی خاکەکەی بەلای کوردانەوە چەندە.

درێژەدان بە ژیان و کورد بوون لە کەرکوک لە هەموو قۆناغ و دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی عیراقی بە ئێستاشەوە جیاوازە، بەجۆرێک کە پشوو درێژی و ئیرادە و بەرەنگاری و ئومێد پێویستییەکی کەرکوکییەکانە، ئەگەرنا لەناو جوگرافیایەکی تەندراو بە تان و پۆی بەرژەوەندی و مەرامی دەوڵەتان بێ پسانەوە، ئاسان نیە کوردبوونی کەرکوکییانە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە و پیلانگێڕی ناوەخۆیی و دەرەکی کە تا ئێستاش ناسنامەی نیشتیمانی و خاوەنداری گەلێکی لە گیرفانە، ماوە ماوەش (بەشانازییەوە) تاوانبار دەکرێت بە هاوکاری کوردانی چوارپارچە، بە جێگیری ویست و دید و ئامانجی لەمەڕ کەرکوک ئاشکرا و بێ ڕتوشە، وە بە هەموو شێوەیەک تاکە بەرگریکاری خاک و خەڵکەکەیەتی.

ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شارەکە یەکێکە لە دەستکەوتە هەر پیرۆزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە هەم یەکێتی و هەم خەڵکی شارەکە پێی دەنازن.

گەیاندنی دواین پەیامی ڕێکخستنەکان بە چرپە چرپ، جرت و فرتی ئازاکان، نزای پیرەپیاوێکی کوڕ شەهید، بانگی دایکێکی کەوتو لەداخی سێدارە، سەرەتاتکێی کچان بۆ بەسەلامەت گەیشتنی مەفرەکانی پێشمەرگە بە گەڕەکە خامۆشکراوەکان، سەری ساڵی کوردی و نەورۆز و ڕاپەڕین و ڕزگاری، لە بەهاری ڕاپەڕیندا بوون بە تاجی شانازی گەلێک، بەیەکەوە هەمووان وەک یەک جەستە ڕووبەڕووی زوڵمی لەمێژیینەی دەسەڵاتەکە بوونەوە، بە قارەمانیەتی پێشمەرگە خەونی چەندین ساڵەی ئازادییان کرد بە حەقیقەت، کەرکوک لە نەخشەی ڕاپەڕیندا، وەک سەدان بەڵگە و دێکۆمێنتی مێژووی تر کوردستانییە، وەک چۆن دوا شاری ڕزگار کراو بوو لە دەستی بێگانە.

لەم یادەدا
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هەمان ئامانج و جۆشی ڕاپەرین بەگوێرەی ژینگە و دۆخی سیاسی و هاوکێشەکان تێدەکۆشێ بۆ کەرکوک، دەستبەردار بوون لە کەرکوک جاڕی نەمانی ئەو حزبە تێکۆشەرەیە، حزبێک کاتێک دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرۆکەکەی دەپرسن پەیامتان چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: کەرکوک و کەرکوک و کەرکوک.


AM:11:57:20/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی