تۆڵەکردنەوەکانی لەش: لەشی ژن

‌مەریوان وریا قانع

لە دونیای ئێمەدا لەشی ژن، موڵکیەتێکی گشتییە، موڵکی نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ، و خێزان و بنەماڵەیە، وەکچۆن موڵکی دین و دیدگا ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیاکانە. لەشی ژن موڵکی ھەموو ئە شتانەیە بەیکەوە و بەتەنھا، تەنھا موڵکی خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە ژن خۆیەتی، نییە. لەشی ژن لەشێکی تەئمیم کراوە. ھەموو ئەو لایەنانەی ناومبردن ئەم لەشەیان بە خۆماڵیی و تەئمیمکردوە. ئەوەی لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەرکراوەتەوە دەرەوە، خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەو لەشەیە، کە ژنان خۆیانن. 

کردنی لەشی ژن بە موڵکی ھەموو ئەو لایەنانە دوو دەرەنجامی سەرەکیی لێدەکەوێتەوە. یەکەمیان، مامەڵەکردنی ھەموو ئەو لایەنانەیە بۆ ئەو لەشە بە موڵککراوە بەشێوەی ئەمر پێکردن و سنووربۆدانان و ئاراستەکردن، ئەوان خاوەن موڵکن و ئەمر بەسەر موڵکەکەیاندا دەکەن، ئەوەی حەزی پێدەکەن بەسەریدا دەسەپێنن. واتە  ھەموو ئەمانە بە زمانێک لەگەڵ ئەو لەشەدا ئەدوێن کە ڕێزمان و یاساکانی ئەمرکردنێکی قابیلی ڕەتنەکردنەوە دایڕشتوە. ئەو ئەمرانەش دەستنیشانی شێوازیی بوون و ئامادەگیی و دەرکەوتنی ئەو لەشە دەکات، واتە دەیکاتە لەشێکی ئەمرپێکراو و ئاراستەکراو و سنووربۆدانراو. 

دووھەمیان، سەندنەوەی ھەموو توانایەکی ھەڵبژاردنی سەربەخۆ و نیمچەسەربەخۆ لەو لەشە، ئەمەش کردەیەکی بەردەوامی بێھەڵبژاردەکردن و لەھەڵبژارخستنی ئەو لەشەیە. ئەم دوو دۆخە وادەکەن لەشی ژن بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر سانسۆری ھەموو ئەو لایەنانەدا بێت کە ھەم ئەمری پێدەکەن و ھەم توانای سەربەخۆبوون و ھەڵبژاردنی لێدەسەننەوە. ھەرجارە و سانسۆری لایەنێکیان یان چەند لایەنێکیان بەیەکەوە زاڵبن و ئەو لەشە بە ئەمر و نەھی و حەڵاڵ و حەرامەکانی خۆیان مەحکومبکەن. کە لەزۆربەی ھەرەزۆری دۆخەکاندا پیاو نوێنەرایەتیی ڕەگەزەکانی ئەو سانسۆرە ھەمەلایەنە دەکات و بەناویانە ئەمرەکانی دەردەکات. 

ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین بەگژاچوونەوەی ژنان و ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە لەدەرەوەی سانسۆرەکانی ئەو لایانانەدا بیردەکاتەوە و دونیا دەبینێت. بەگژاچوونەیان بەڕووی ئەو دۆخەدا کە دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیاتی باڵادەست دروستیانکردوە. واتە ئەو دۆخی داگیرکردنەی لەش لەلایەن دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیی پیاوە دەسەڵاتدارەکان و لەلایەن نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ و بنەماڵە و خێزانەوە، دروستکراوە. 

ئەو دۆخەی لەم ساتەدا ھەم لە کوردستان و ھەم لە ئێراندا لەئارادایە، ئەو دۆخەیە کە لینین ناوی ”دۆخێکی شۆڕشگێڕانە"ی لێدەنێت بەڵام بە بێ ئەگەری گۆڕانی بۆ شۆڕش، لانیکەم تا ئەم ساتەی ئێستاشمان. دۆخێک تیایدا یاخیبوونێکی گەورە ھەیە، بەڵام بکەری گەیاندنی ئەو یاخیبوونە بە ئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە لەئارادا نییە. 

ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات بەگژاچوونەوەی لەشە بەڕووی ھەموو ئەو شتانەدا کە کۆنترۆڵی دەکەن، بەگژ دین و ئەخلاق و ئایدیۆلۆژیادا کە ئەرکی سەرەکییان گۆڕاوە بۆ دیسپلین و لە لەشخستنی لەشی ژنان. ھەر لە ئێستاشەوە سەرجەمی ئەو ھێزانەی ئەم دۆخە نائینسانییە گەورەیەیان بۆ لە لەشخستنی  لەشەکان دروستکردوە، ھاتونەتە قسە، وەک ھەمیشە جنێو و زمان پیس. ئەمیان یاخیبوون و توڕەبوونەکان بە ”تۆڵەی قەحبە لە حیجاب" ناویدەبات و ئەویتریان بە ”پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە موقەدەساتی خەڵک"، سێھەمیان بە ”ھێرش بۆسەر شەریعەت و ئیسلام". ئەم تۆمەتانە، وەک چەندانجار لە واقیعدا بەچاوی خۆمان بینیومانە، دەشێت لە قسە و زمانێکی ئیھانەکەرەوە بگەڕێن بۆ کردار، کردارێک دەتوانێت تا ئاستی کوشتن و ڕەجمکردن بڕوات.


PM:05:41:22/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی