پای نێتوەرک، ئەو بەرنامەیەی مەترسییە بۆسەر هەموو کەسێک!

‌سەربەست نەجمەدین

پای نێتوەرک بەپێی زمانحاڵی داهێنەرانی، تۆڕێکی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنییە، هی کەس نییە و هەموو کەسێکیش خاوەنیەتی مەبەست ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن دەبنەخاوەنی، لەرێگەی بەرنامەیەکەوە کارەکانی دەکات کە بۆ مۆبایلە زیرەکەکان بەردەستە (ئایفۆن، گەلاکسی، هواوەی، شاومی..)، بەدراوەکەشی دەوترێت پای کۆین.

تائێستا هیچ شوێن و جێگەیەک لەسەرئاستی جیهان ئامادەنییە مامەڵە بەم دراوە واتە پای کۆینەوە بکات، ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان تەنها بانگەشە و هاندانە (دیسان چەند خەڵکێکی داماو دەبنە قوربانیی)

واتە پای نێتوەرک، تا ئەم قۆناغەی ئێستای، هیچ بڕە پارەیەکت پێنابەخشێت بەڵکو تەنها کۆینت دەداتێ ئەم کۆینانەش ناتوانی لە هیچ شوێنێک ساغی بکەیتەوە، چونکە وەک وتمان کەس کۆینت بۆ ناگۆڕێ بۆ پارە و شتی پێبکڕیت وەک ئەوە وایە تەنها خاوەنی ژمارە بیت و بەس.

تائێرە زانیمان ئەو دراوە چییە و چۆنە، ئەوەی گرنگە و ئەمەوێ باسی بکەم لایەنی سیکورێتی (Security) یەکەیتی، کە لەکاتی دابەزاندنی بەرنامەکە و ئەزموون کردن و تێستکردنی وەک لایەنی تەکنیکی (نەک بەشداریی کردن)، سەرنجی ڕاکێشام و لام بووە جێگەی پرسیار.

بەرنامەی پای نێتوەرک، بۆ خۆتۆمارکردن بە چەند هەنگاوێکدا دەڕوات، دوای قۆناغی داخڵکردنی ژمارە مۆبایل و کۆدی بانگهێشتنامە و چەند زانیارییەکی تر، داوات لێدەکات بەم مەرجانەش رازی بیت، ئەگەر رازی نەبیت ناتوانی بەشداریی بکەیت.

مەرجەکان:

١- دەبێت کۆمپانیاکە ئەو زانیارییانە بزانێت دەربارەی هەموو ئەو هێڵی ئینتەرنێتانەی بە مۆبایلەکەتەوە کۆنێکت دەبێت

٢- زانینی هەموو ئەو ژمارە مۆبایلانەی لەناو مۆبایلەکەت خەزن کراون

٣- وەرگرتنی زانیارییەکانی پەیوەندی کردن، بەنموونە ئی مەیڵ، یان هەر وەسیلەیەکی دیکە

٤- زانینی ئەو زانیارییانەی تۆ وەک بەکارهێنەر چۆن دەستتدەگات بە ریکلام

٥- زانینی سیستمی مۆبایلەکەت (ئەندرۆید، ئای ئۆ ئیس..)

٦- زانینی لۆکەیشن (شوێنەکەت چرکە بە چرکە)

٧- دەستگەیشتن بە هەستیارترین بەشی مۆبایلەکەت ئەویش (log file) کە بەرپرسە لەهەموو ئەو پەیوەندییانەی کردوتن یان بۆت هاتوون، بە وەڵام دانەوەبێت یاخود وەڵام نەدانەوە، بەهەموو کات و بەروارەکانەوە.

٨- دەستگەیشتن بە بەشی میدیا گەلەری مۆبایلەکەت (وێنە، ڤیدیۆ)

بەکورتییەکەی وەک ئەوە وایە مۆبایلەکەتی پێببەخشیت و ئەو رێگەت پێبدات چۆن بەکاریبهێنیت!

باشە ئەگەر بەرنامەیەک ئەم زانیارییە مەترسیدارانە لە بەکارهێنەرانی داوابکات وەک مەرج، دەبێت چ نیەتێکی لە پشت بێت؟ بۆیە هیچ شتێک شایەنی ئەوەنییە ئەم نهێنییانەی پێببەخشیت.

گرنگە پێش بەکارهێنانی هەر بەرنامەیەک ، هۆشیاری لەبارەیەوە وەربگریت..

ئەمە تەنها باسکردنی لایەنی ئاسایش و پاراستنەکەی بوو، دیوەکەی تری با بۆ کەسانی تربێت قسەی لەسەر بکەن.



 


AM:10:14:14/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی