بەهێز حوسێن.
تەواوی هێزەکانی شیعە لە دواین هەڵبژاردنی گشتی لەعێراق 2.5 ملیۆن دەنگیان کەمی کردووە لە چاو دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی 2018 ، کە بووە هۆی کەمکردنی 62 کورسی پەرلەمان.
لە بەرامبەردا سوننەکان و بێلایەن و گەنجانی دیموکرات ئەو 62 کورسیەی شیعەیان پڕکردەوە ، ئەم ئەنجامەش هەرگیز بە دڵی زۆربەی شیعەکان و ئێران نەبووە ، شیعە خۆی بە دۆڕاو دەزانێت ، بۆیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی بە پیلانێکی هاوبەشی ئیمارات - تورکیای جەمسەرەکانی سوننە و بە هاوکاری و دەستێکەڵکردنی یۆنامی لەگەڵ سونە ناوبرد ، ئێران و شیعەکان لە عێراق کەوتنە داڕشتنی سیناریۆ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بارە لارەی شیعە.
بۆ ئەم مەبەستە موقتەدا عاقڵترانە ڕەفتاری کرد و خۆی کردۆتە خاوەنی شیعە ، بە پەکخستنی پەرلەمان و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر موقتەدا دەخوازێت شیعە دەنگەکانی بەرزببێتەوە و لانی کەم 62 کورسییە لەدەستچووەکەی بەدەستبهێنێتەوە و بەر بە دەنگی ئەو شیعانەش بگرێت کە لە ئێران و مەرجەعییەت هەڵگەڕابوونەوە و لە چوارچێوەی هێزی گەنجانەی تشرین و بێلایەندا هاتبوونەپێش.
بێگومان لە پاڵ ئەم خواستەشدا پەراوێزێک هێڵراوەتەوە بۆ ململانێی ناوخۆی لایەنەکانی شیعە و پاکتاوکردنی هەندێکیان ، بەمەرجێک کارنەکاتە سەر دەنگ و سەنگی شیعە لە عێراقدا.
کورد و سوننە پەلەیان کرد لە خۆدانەپاڵ ئەم بەرە و ئەو بەرەی تری شیعە ، لەوە تێنەگەیشتبوون کە دواجار شیعەکان هەموویان دەکەن بە قوربانی ئەجێندای خۆیان و شتێک لە بەرنامەی ئەواندا نییە ناوی دیموکراتی و پڕۆژەی نیشتمانی و عێراقی شەریکایەتیی ڕاستەقینە.
کۆتایی ئەم گەمەیە لە بەرژەوەندی شیعەدایە و موقتەدا و مالیکی و عامریی و عەممار و خەزعەلی و کازمیی و فەیازیش هەموویان لە چوارچێوەی ئەجیندایەکی ئێرانی کاردەکەن و خێریان بۆ عێراق ناوێت.
AM:09:59:06/08/2022
ئهم بابهته 1716
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی