ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی و چەند سەرنجێک

‌سامان سیوەیلی

ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی - خولی یەکەم - کۆتایی ھات و دوێنێ شەو ٢٠٢٢/٧/٢٨ ئەنجامەکان ڕاگەیەندرا، وەک گەواھیدەر و ھاونیشتیمانییەکی کوردستان، نەک وەک فەرمانبەرێکی خاوەن پێگەیەکی کارگێڕی لە وەزارەتی پەروەردە، دەخوازم ئەم سەرنجانەم بخەمە ڕوو:

١- لەدوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گەورەترین پرۆسەی نیشتیمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەییە، کە بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی ١١٥ ھەزار قوتابی و خوێندکار بەشداری تێدا دەکەن، بۆ ئەمساڵ سەروو ١٠٧ ھەزار قوتابی و خوێندکار بەشدارییان تێداکرد.

٢- ئیدارەدانی پرۆسەیەکی نیشتیمانی وا گەورە کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی ھەموو ساڵێک لەسەروبەندی تاقیکردنەوەکاندا ھەزاران کەس دەخوازن بە خراپ کەڵک لە ھەر کەلێنێک وەربگرن کە بێتە پێشیان بەتایبەتی بەھۆی تەکنیکی ئامێرە تەکنەلۆژییەکانەوە، جگە لەوەی دەیان کەس و پەیجی بێ ناسنامەش ساڵانە کار لەسەر تێکدان و شێواندنی دەروونی قوتابیان و خوێندکاران و لەکەدارکردنی ئەم پرۆسە نیشتیمانییە گەورەیە بە ناڕەوا دەکەن.

٣- ئەمساڵ خودی بەڕێز وەزیری پەروەردە خۆی سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆی پرۆسەکەی کرد، چەند مانگێک پێش وادەی تاقیکردنەوەکان شەو و ڕۆژ لەکاردا بوو لەگەڵ لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان و ھەموو ئەو لایەن و کەسانەی پەیوەندییان بەم پرۆسەیەوە ھەبوو، دوای بەدواداچوونی زۆر و لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی بەڕێوەبردنی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی لە ساڵانی ڕابردوو، کۆمەڵێک بڕیاری پێویست و ھەنگاوی گونجاو نرا بەمەبەستی ڕێگەگرتن لەھەر بەخراپ کەڵک وەرگرتنێک و نەھێشتنەوەی بچوکترین کەلێن لەمبوارەدا، گرگنترین بڕیار و ھەنگاوەکان ئەمانە بوون:

- قەدەغەکردنی بردنی ھەموو جۆرە مۆبایلێک بۆ ناو ھۆڵی تاقیکردنەوەکان.

- دابینکردنی مۆبایلی نازیرەک بۆ سەرجەم ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە، لەگەڵ دابینکردنی سیمکارتی تایبەت و یەکەی پێویست بۆ ڕایی کردنی کاروباری ھۆڵەکان لەلایەن بەڕێوەبەرانی ھۆڵەکانەوە.

- پێکێھێنانی تیمی تایبەت بە بردنی پرسیارەکان لە وەزارەتی پەروەردەوە کە شەوانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان و ھەڵسەنگاندنەوە پرسیارەکانیان بۆ سەرجەم پەروەردەی قەزاکان دەبرد، شانبەشانی بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردە و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزاکان و پیاوانی پۆلیس، بەجۆرێک شەوانی تاقیکردنەوەکان دەست بەجوڵە دەکرا بەگوێرەی دووری و نزیکی پەروەردەکان، واتە پرسیاری تاقیکردنەوەکان پێش دوو یان سێ کاژێر دەگەیشتە پارێزگاکان و پێش کاژێرێک دەگەیشتە قەزاکان و پێش چەند خولەکێک لە دەستپێکی تاقیکردنەوەکان دەگەیشتە ناو ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان، بەدرێژایی ھەموو شەوێکی تاقیکردنەوەکان ئەو تیمە تایبەتانەی وەزارەت و بەرپرسانی دیکەی پەروەردە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان بێدار و ئێشکگر بوون تا بەسەلامەتی و بەڕێوشوێنێکی ئەمنی توندەوە پرسیارەکانیان گەیاندۆتە بەردەستی قوتابیان و خوێندکاران، ئەم تیمانە لە واتسئەپ گروپیان دروستکردبوو، کاتی جوڵەکردن و گەیشتنیان لە گروپەکەدا دەنووسی.

- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان چەند ھەنگاوێکی گرنگیان لەڕووی تەکنیکییەوە گرتەبەر بۆ دەسنیشانکردنی ھەر خروقاتێک لە ھەر ھۆڵێکی تاقیکردنەوە ڕووبدات.

٤- خۆشبەختانە بەرھەمی ڕەنج و ماندووبوون و شەونخوونی بەڕێز وەزیری پەروەردە و تێکڕا ھەموو ئەو بەڕێزانەی لەم پرۆسەیەدا بەشداربوون بەفیڕۆ نەچوو، بەھەڵسەنگاندنی من کە ساڵانێکە دوور و نزیک ئاگاداری ئەم پرۆسە نیشتیمانییە گەورەیەم، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی ئەمساڵی خوێندن (٢٠٢١ - ٢٠٢٢) باشترین و پاکترین و مەحکەمترین و بێ کێشەترین بوو بەراورد بە ھەموو ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو.

٥- بەڕێز وەزیری پەروەردە لەپای دڵسۆزی و ماندووبوونی ھەموو ئەو بەڕێزانەی لەم سەرکەوتنە گەورەیەدا بەشدارییان کردووە لە مامۆستایانی چاودێر و بەڕێوەبەری ھۆڵ و یاریدەدەرەکانیان و سەرپەرشتیارانەوە تا دەگاتە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان، بەفەرمی ڕێز و سوپاسی خۆی پێشکەشیان دەکات، منیش وەکو ھاونیشتیمانییەکی ئەم کوردستانە سوپاسی بەڕێز وەزیری پەروەردە دەکەم بۆ ئەو خەمخۆری و سەرکەوتنە.

٦- لە کۆتاییدا دەڵێم، وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی ئاسانە، ئەوەی سەختە مرۆڤ بتوانێت لە ئاستی ئەو  بەرپرسیاریەتییەدا بێت کە پێی سپێردراوە، بێ ھیچ ڕیاییەک بەڕێز وەزیری پەروەردە زۆر خەمخۆرانە ڕووبەڕووی ھەموو ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە و ھیچ ساتێک لە ساتەکانی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکەی سەرشانی بەفیڕۆ نادات، چونکە بەقوڵی لەمانای بەرپرسیارێتی بەرامبەر خوای گەورە و گەلەکەی تێگەیشتووە، تەنھا ویستم بۆ مێژوو ئەم گەواھییە بدەم.

سامان سیوەیلی


AM:08:56:30/07/2022

ئه‌م بابه‌ته 952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی