کاك نەوشیروان و ساڵڕۆژی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی

‌بارزان شێخ عوسمان

32 ساڵ لەمەوبەر لە بەشە رزگارکراوەکەی ئەوێ دەمێ ی هەرێمی کوردستانی عێراق   ،بۆ یەکەمین  جار دەنگدەران بە ئازادیی دەنگیان دا و نوێنەری خۆیان هەڵبژارد ، حەوت ساڵیش لەمەوبەر  خەمخۆر و بەپەرۆشی  سەرخستنی ئەو ئەزمونە بێ وێنەیە ، سەرکردەی گەورەی گەلەکەمان و بزوتنەوەی رزگاریخواز و دیموکراسیی کاك نەوشیروان مستەفا  بۆ یەکجاریی ماڵئاوایی لێکردین.

رێکەوتی ماڵئاوایی کاك نەوشیروان لەگەڵ ساڵڕۆژی هەڵبژاردنەکە  وەك ئەوەیە کە خۆی دیاریی کردبێت تا ببنە دوانە.
بەڕێزیان  لەگەڵ  ئەوەی  سەرکردەیەکی قاڵبوی نێو خەباتی چەکدار بو، لەو پرۆسە دیموکراسییەشدا  زۆر  بە لێهاتویی، رۆڵی  رێبەرایەتیی،  سەرکردایەتیی و ئاڕاستە کردنی   بینی، هەم  لە پێناوی سەرخستنی پرۆسەکە بە پاك و بێگەردیی، هەم بۆ پیشاندانی وێنەیەکی گەشی حزبە سیاسییەکان لەوانە (ی، ن، ك) لە  خەباتی مەدەنیی و دیموکراسییدا.

هەر لەو روانگەیەشەوە بو کاك نەوشیروان  بەرپرسیارێتی گەورەی لە ئەستۆ گرتبو، هەر لە دیاریکردنی کاندیداکانی لیستی سەوز  تا  ئامادەکردنی بەرنامەو هێڵە گشتییەکانی  هەڵبژاردن و شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن.

کاك نەوشیروان هەر زو دوای راپەڕین و دوای پاشەکشێی ئیداریی رژێمی سەدام لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ، داوای  گواستنەوەی  حوکمداریی شۆشگێڕیی کرد بۆ مەدەنیی و پەرلەمانیی.  

بەو پێیەی لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکە تا  یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان لە خزمەت بەڕێزیاندا بوم بۆ روماڵکردنی   چالاکیی، سیمینار، کۆبونەوە گشتیی و جەماوەرییەکانی پەیوەست بە  هەڵبژاردن و بانگەشەکان، ئەو راستییەم  زیاتر و قوڵتر لا بەرجەستە بو  کە (ی،ن،ك)  چەندە بە جدیی، چەندە بە پەرۆشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی و ئۆقرەیی و پایەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەروەر یی و باڵا دەست بونی قانون، لە بەشێکی ئازاد کراوی خاکی کوردستاندا. ئەوەش راستگۆیی (ی،ن،ك) بو لە بەرامبەر بەڵێنەکانی دا لە سەردەمی خەباتی چەکدار  کە دابوی بە گەلەکەمان  بە گشتیی، پێشمەرگە و  ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەی خۆشی   لە بارەی شێوازی بەڕێوەبردن لە سەردەمی دوای خەباتی سەختی چەکداریی.

ئەوەی بەدیم دەکرد کاك نەوشیروان لە میانەی سیمینار و کۆبونەوە بەرفراوانە حزبیی و جەماوەرییەکانیدا ،زۆر بە شارستانیی و مەدەنییانە  بانگەشەی دەکرد   بە مەبەستی بەدەستهێنانی  دەنگەکان بۆ لیستی سەوز . تەنیا باسی بەرنامەکەی لیستەکەی دەکرد کە چی دەکات ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ، بەمەش ئەوەی سەلماند کە (ی،ن،ك) رێزی قانون  و رێساکانی  هەڵبژاردن  بە پێودانگە جیهانییەکان و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەگرێت (ئاخر ئەو کاتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبو).

لە کۆبونەوە حزبییەکانیشدا بە هەمان نەفەسی  مەدەنییانە  رێنمایی پێشکەش دەکرد  بە مەبەستی  پاراستنی ئارامیی لە کاتی بانگەشە و  خۆ بەدور گرتن لە تەزویر و شەڕە جنێو .هەمیشە ئەو  قسەیەی سەرۆك مامجەلالی دوپات دەکردەوە و دەیفەرمو" ئێمە پێویستمان بە تاوانبارکردن و سوکایەتیی هیچ لایەنێك نیە ،هەر وەك مامجەلالیش دەڵێت هەر هەڵوێستە نەگۆڕ و سەروەرییەکانمان بەسە بۆ ئەوەی  بە بیر دەنگدەرانی بهێنینەوە تا  دەنگی پێویست  بهێنین".
 
ئای کاك نەوشیروان چەندە  توڕە و خەمبار بو  ئەو بەیانییەی  15ی مەی / ئایار کە  عەرزیان کرد مەرەکەبی (پەنجەکە)  کاڵ دەبێتەوە  و دەنگدەر دەتوانێت لە دەنگێك زیاتر بدات. توڕە بونەکەی  و خەمبارییەکەی هەردوکیان بۆ ئەوە بو کە بۆچی  کورد لەیەکەمین ئەزمونیدا بە ناشارستانیی  ناوبانگ دەربکات ،لە  کاتێکدا  ژمارەیەکی زۆری  رۆژنامە نوس و سیاسەتمەداری بیانی بۆ بینینی یەکەمین پرۆسەیی لەو جۆرە لە کوردستانن ،بۆچی ببینە سینەمای داخ لەدڵان و دوژمنەکانمان و بۆچی دۆستەکانمان لێمان نیگەران بن و شەرمەزاریان بکەین.

هەر بۆیە زو کەوتە جوڵە و شانبەشانی سەرۆك مامجەلال و هەڤاڵانی تری سەرکردایەتیی و لایەنەکانی بەشدار بوی پرۆسەکە ،تا بە زوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و بە زویی لە ماوەی چەند سەعاتێکدا  وادەیەکی  نوێ دابنرێت . ئەوە بو لە بری ١٧ی مەی/ئایار،١٩ دیاریکرا واتە دورۆژ  دواتر.

ئیتر دوای ئەوە کاك نەوشیروان زۆر گەشایەوە و پێی وتین  ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە نەکرێت ئەوا خراپترین ناوبانگ بۆ خۆمان تۆمار دەکەین  لە مێژودا ، چونکە ئەم هەڵبژاردنە سەرباری ناوبانگمان ،گەورەترین وەرچەرخانە لە ژیانی سیاسییماندا ،بۆ حوکمڕانیی و قانونگوزارییش  بە هەمان شێوە.

دوای هەڵبژاردنیش ئەم سەرکردە خەمخۆرەی ژیانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا  لە پاڵ راپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکانی وەك جێگری سکرتێری گشتیی (ی،ن،ك) یەکێك بو لە سیاسەتمەدارە دیارەکان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی قانون و ئۆقرەیی بەو پێیەی  ئەوە ویست  و خواست و ئامانجی خەباتی (ی،ن،ك)ە بە ئێستاشەوە.

یاد و یادەوەرییەکانی ئەم سەرکردە مەزنە هەر بە نەمری دەمێننەوە لە بیر و هزری گەلەکەماندا و ئەو سەرمایە گەورەیەی  نوسین و دانراوەکانیشی وەك سەروەرییەك بۆ هەتایە لە لاپەڕەکانی مێژودا پارێزراو دەبن.


AM:10:55:19/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی