بۆ رۆژی جیهانیی ژنان

‌بارزان شێخ عوسمان

رۆژی جیهانیی ژنان. بۆ ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ نییە بەڵکو بۆ هوشیارکردنەوەی ژنان و کچان خۆیانە تا بە سوربن لەسەر خەباتی بەدەستهێنانی مافەکانیان و شەرم نەکەن، پیاوانیش بە خۆدا بچنەوە کە ژن کاڵایەك نییە پیاو بۆ دامرکانەوەی ئارەزوەکانی و راییکردنی کارەکانی بەکاری بهێنێت.

بە گوێرەی بروسکە و پەیامەکان بێت کە ئەمڕۆ سەردێڕی هەمو هەواڵەکانی  قۆرخ کردوە ،دەبێت ژنانی کوردستان و عێراقیش هیچ کێشەیان نەبێت.

نەك لە کۆمەڵێکی دواکەوتوی وەك ئێمە لە سایەی دەسەڵات و سیستمێکی باوی بە رواڵەت پێشکەوتو و ناوەڕۆك دەربەگایەتیی و دواکەوتو تریش ،بەڵکو لەسەرتاسەری جیهاندا تەنانەت ئەوروپای شارستانیی و لە ناویاندا  دەوڵەتانی ئەسکەندەناڤیا(Skandinavien)  هێشتا ژنان و کچان بەدەست جیاکاریی و چەوساندنەوەوە دەناڵێنن .دیارە  پێگەی چەوساندنەوە و بەشخوارانی ژنان لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا بەراورد ناکرێت لەگەڵ   ئەو وڵاتە پێشکەوتوانەدا،کە ئەوەی ئێمە سەد بەرابەرە.
 
هێشتا لای ئێمە زۆرینە ژن بە زەعیفە و بێ دەسەڵات، ژن بە  کاڵاو کەرەسەیەکی هەرزان  ،ژن  ئابڕو  و شەرەفی خێزان سەیر دەکرێت .لای ئەوانەی لافی عەلمانیەت و پێشکەوتوخواز لێ دەدەن هەر بۆ پڕوپاگەندەی حزب و رێکخراو و مەرامی شەخسیی  گەورەیی ژن و هاوتا کردنی لە ئەرك و مافدا دەخەنە رو ،بەشێکی ئەو کەسانەی خۆیان بە فیمینیست لەقەڵەم دەدەن، نەك راستگۆ نین لە قسەکانیاندا بەڵکو خۆیان مایەی چەوساندنەوەی ژن و  دڵڕەقین لە ئاست ژنەکانی خۆیان و خانەوادەکانیان ،بەکارهێنانی دەستەواژەکانی یەکسانیی کۆمەڵایەتیی ،ئابوریی ،سیاسیی  یان تەنیا بۆ مەرام و موکیاژێکی دیمەن و روخساریانە (وەك وتم هەمویان نا).

تا ئێستاش لە کۆمەڵی کوردستاندا  هەر  جموجۆڵ  دەرکەوتنێکی  ژن و کچ بە پێچەوانەی   ئەوەی پێی دەڵێن نەریتی ئاینیی یا کۆمەڵایەتیی، بە بەدرەوشتیی و ئابڕوچون لێکدەدرێتەوە .تا ئێستاش لە نێو کاری سیاسیی و هەڵبژاردنەکاندا ژنان و کچان بە سواڵ و سەدەقەی کۆتا سەردەکەون ،تائێستاش ژنان و کچان لە بەشە (وەرەسە)لە براکانیان کەمتر وەردەگرن، تا ئێستاش هەندێك  حزب لەرێی دەزگا موخابەراتییەکانیانەوە  ژن بەکاردێنن وەك کاڵایەکی هەرزان بۆ شکاندنی نەیارەکانیان، تا ئێستاش بازرگانانی  مرۆڤ  بۆ قازانجی  زیاتر لە سۆشیال میدیاکان  ژنان وەك کاڵا بەکاردێنن.

لەولاشەوە ئیسلامچییەکان  هەر خەریکی تۆقاندنی ژنان و کچانن بە ئاگری دۆزەخ هەزاران خورافاتی تر تا ناچار بن ببنە موحەجەبە، ئاخر ئەوان چێژ لە ژن و کچی ئەودیو عەبا و لەش شاراوە دەبینن !، ئەوەش بەشێکە لە بە کاڵا روانین لە ژن  و چەندین کۆت و بەندی تر کە ئاماژەیە بۆ زاڵ بونی پیاوان لە هەمو بوارەکاندا بەسەر ژناندا.

کەموکورتییەکان زۆرن بۆیە تا گۆڕانکارییەکی مەدەنیی و شارستانیی هاوچەرخ لە پەروەردەی قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگاو زانکۆکاندا نەکرێت بونیادی کەسێتیی مرۆڤەکاندا نەکرێت، مەحاڵە ئەو کۆت و بەندەی ملی ژنان و کچان لە خۆرەڵاتی ناوەڕاست کە کوردیش بەشێکێتی بشکێنرێت.


PM:07:12:08/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی