خۆزیا خوشکانی یەکگرتو لە بارەی مەهستا خانمەوە قسەیان نەکردایە!

‌بارزان شێخ عوسمان

هاوڕێ و برای ئازیزم تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین کاک سەرکۆی عوسمان میرزا لە واڵەکەی خۆی لە فیسبوک، پلارێکی کورت و زۆر بەهێزی سەبارەت بە بەیاننامەکەی خوشکانی یەکگرتوی ئیسلامیی بڵاو کردبوەوە.

منیش کۆمێنتێکم نوسی، بەڵام بەیاننامەکە هێندە کاریکاتۆریانە و  لاواز بو کە هەر  کۆمێنتەکە بەس نەبو (دیارە دەستەیەکی سەر بە یەکگرتوی ئیسلامیی دەبێت هەروا هەڵوێستی شەرمنانە و هەڕەشە ئامێز بنوسێت).

زیاتر ئەوەی خوشکانی ئەم حزبە ئیسلامییەی هانداوە بەیاننامە بڵاو بکاتەوە مەسەلەکە ئەوە نییە دژی کوشتنی ئەو ژنە هەڵوێست وەربگرێت، بەڵکو لەبور ئەوەیە حوکمەتێکی شیعە بەرپرسیارە دەنا ئەگەر لە  سعودیەی عەرەبیی یا ئیمارات یاخود قەتەڕ و تورکیای ئیخوانچی بوایە ئەگەر دەستخۆشییان نەکردایە ئەوا هەر گوێیان پێ نەدەدا.

ئەوە بۆچی ئەو خوشکە ئیخوانچیانە  هیچ بەیاننامە و هەڵوێستێکیان نەنواند لە ئاست  کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە شەنگال و فرۆشتنی ژنان و کچانی شەنگالیی لە بازاڕی  نەخاسە وەک سبایا هەڕاج دەکران و ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرا؟!

ئەوە بۆچی لە ئاست رەشە کوژیی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش هیچ قسەیەکیان نییە؟!.
ئەو دەستەی خوشکانە ئیسلامییانە مافی خۆیانە بێ دەنگ بن چونکە شەرع و ئاینەکەیان  لە پیاو سالاریی بەرهەمێکی تری پێ نییە.

بەڵام کە دێنە دەنگ  و بەگژاچونەوەی روسەریی و حیجاب ئیدانە دەکەن و بەپێشیلکردنی ئازادیی  موحەجەبەکانی لەقەڵەم دەدات، رێک ئەو پەندە عەرەبییە بەسەر ئەو دەستەیەدا دەچەسپێت کە دەڵێت سکت دهرا و نگق کفرا.

خوشکانی ئازیز بەو قسەیەتان زۆر مەسەلە دەوروژێنن .ئێوە  و حزبەکەتان دەڵێن   سەپاندنی ئاین  (کە حیجاب بەشێکە لەو ئاینە) پێچەوانەی چەمکەکانی قورئانە وەک  ئەوەی خۆتان هاوکات لەگەڵ حملە ئیمانییەکەی سەدام دا  دەستتان نەکرد بە سەپاندنی حیجاب، بە تفەنگ و شەق نا، بەڵکو بە مەرجەکانی خێر بەخشینەوە و هەتیوانە و فەقیرانە دەستتان پێکرد ئەو ناڵ و ژن و کچ و ژوڕانەی نەدەبون بە پێڕی ئێوە جارێکی تر چاوی بە پلە گۆشت و فلسێکی سور نەدەکەوت.

دواتریش بە کردنەوەی ماڵەکان بۆ فێربونی دەرس و بەشودانی کچان و بێوەژنانی فێرخواز بە پیاوانی جیهادی نەرمو نیانیی، پاش ئەوەش دەستتان کرد بە بڵاوەپێکردنی مامۆستا ئیسلامییەکان بە گوند و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێ بون و قوتابخانەی ناوچە هەژار نشین و شەعبییەکان تا ترس و خۆفی ئەو دنیا وەک ژەهر بکەنە مێشکی  مناڵانی کچ و کوڕ.

بەڵێ ئێوە و حزبەکەتان دەستتان خۆش بێت بۆ ژەهراوی کردنی کۆمەڵ  بەو ئسلوبە نەرمو نیانییە بەو غەزوە نەرمو نیانییەی ناوتان نابو میانڕەوی ،بەو مەشق و راهێنانە بە نەرم و نیانی و بێ زۆرەملێی  تا لە دواییدا ئامادە بن بۆ  بەشی دوەمی تراژیدیای  گەمژاندنی خەڵک  و جیهادی وەک  حەرەکە و دەستە ئیسلامییە چەکدارەکان ،قاعدە و داعش ،یاخود  ساز و ئامادە بن لە رێی  دیموکراسییەوە  بچنە سەر کورسیی حوکم و ئەو کاتە شەریعەتەکەی ئیسلام وەک خۆی جێ بەجێ بکەن.

لە بەیاننامەی ئەو خوشکە ئیسلامییانەدا دەستەواژەی (لا اکراە فی الدین )بەکار هاتوە،بەڵێ پێغەمبەری ئیسلامیش تا لە مەککە بو وای دەوت ،ئەی کە چوە  یەسریب   و دینەکەی لە پەیقەست بونی تاک و دروستکەرەکەیەوە گۆڕی بۆ ئیسلامێکی سیاسیی چی کرد؟!،  دەوڵەتی سیاسیی و دینی پێکهێنا، بۆ ئەوەش پەلاماری دەقروبوری دا، تاڵانیی کاروانی بازرگانیی کرد، بەشمشێر و تیرو کەوان ئەوانیتری کردە ئیسلام تەنانەت هەڵی کوتایە سەر جوەکان و فەلەکانیش لەو ناوچەیە تا جگە لە شەرع و حوکمەکەی ئیسلام هیچ شتێکی تر نەناسرێت، بەوەش  ئیتر (لا اکراە فی الدین) نەما و  بەسەرچو.

خومەینیش هەمو هێزە شیوعی و مارکسیی و چەپ و دیموکراتییەکانی دڵنیا کردەوە کە هەقی سیاسەتی نییە، کەچی وا چل و سێ ساڵە ئیسلام حوکمی وڵات دەکات. مەهستا یا ژینا خانم بۆچی کوژرا ئایا هەر لەسەر ئەوە نەکوژرا کە قژی نەشاردۆتەوە؟! کەواتە بۆچی توڕ هەڵدانی حیجاب و سوتاندنی ئەو قوماشە نەفرەت لێکراوە  پێشێلکردنی هەستی ژنانی موحەجەبەیە، لە کاتێکدا حیجاب رەمزی خۆ جیاکردنەوەی کەسانێکە لە خەڵکی تر بەو حسابەی موحەجەبە پاکیزەتر و شەریف ترە لە ژنان و کچانی قژ دانەپۆشراو.

ئێوە کە بەو حیجابە خۆتان پێ باشتر،  پاکتر و ئیماندارترە و لە نێو مێگەلی گەمژەکاندا سیمبولن، ئاماژەیەک نییە کە (لا اکراە فی الدین) ناخوات و باوی نەماوە،؟!. بە و پێ یە بێت ژنان و کچانی بیست و شەش ساڵ لەمەوبەر  پێش هەڵتۆقینی حزبەکەتان و بە ئاشکرا کارکردنتان، نوێژ، حەج و رۆژوەکانیان وەرنەگیراوە چونکە موحەجەبە نەبون، جلی نوێژیان لەبەر نەدەکرد لەکاتی نوێژ دا، بۆیە ئێستا هەمومان دەبێت بۆ دایک و نەنک و ژنان و کچانمان کە نوێژیان کردوە و  و رۆژو یان گرتوە یا حەجیان کردوە بگرین.

بۆیە خۆزیا خوشکانی یەکگرتو هەر بێ دەنگ بونایە، تا برینەکەی کەسوکاری خەمباری ژینا خانم هێندەی تر بریندار نەبوایە  تا ئێمەش لاپەڕەیەکی تری  خۆسەپاندن و خۆ بە باشتر و پاکتر زانیەکانی ئێوەمان هەڵنەدایاتەوە. تا ئێمەش وەک مامۆستا مەریوان وریا قانع فەرموی "بۆیە لەشی دینیی بەگشتیی، بە تایبەتیتر لەشی دینیی ژن، زمانی سەرەکیی قسەکردنی ئیسلامی سیاسییە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایانەدا کە دەچێتە ناویانەوە. لەشی ژن لە ئیسلامی سیاسیی بسێنیتەوە، کەلێنێکی ھێجگار گەورە لە زمانی قسەکردنیاندا دروستدەبێت و لەزۆر سەرەوە لە قسەکوتن دەکەون".


PM:05:44:21/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی