دۆستان و هاوڕێیانی باشوور ئەوانەی کە ئەم نامە دەخوێننەوە

‌ئاڵا هۆشیار

من تەمەنم چل ساڵە و زیاتر لە بیست و چوارساڵە کە لە شارەکەم مەریوان ئاوارە بووم و لە گەڵ ئێوە و لە سلێمانی گەورە بووم، ئەو کاتەی هاتمە سلێمانی من هەرزەکارێکی تەمەن شانزدە ساڵ بووم، لە گەڵ هەموو ئازاری ئێوە گەورە بووم و لە گەڵ ئێوە لە خۆشی و ناخۆشیدا بووم، بە جۆرێک زۆرینەی وزەی خۆم و لەوەی کە دەیزانم لێرە سەرفی دەکەم، بۆ ئەم خاکە بریندار بووم بێ ئەوەی هەست بکەم خەڵک وەک غەریب سەیرم دەکات.

ئیستا کە دۆخێک لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، تکایە پاڵپشت بن، نەک ئەوەی بە ناوی بەرگری لە ئیسلام قەوانی ڕزیوی کۆماری ئیسلامی لێ بدەنەوە، ژنان لە ئێران ئەگەر لەچکەکانیان دەسوتێنن، بە نیشانەی دژایەتی کردنی ئیسلام نییە، ئەگەر مزگەوت دەسوتێنن بە نیشانەی دژایەتی کردنی خودا نییە، ئەوان لەوێ ئیسلامی سیاسی سەرکوتیان دەکات، مزگەوتەکان شوێنی داڵدەدانی پاسدارەکانن و هەر لە مزگەوتەکانەوە خەڵک بە قەناس و چەکەکانیان خڵتانی خوێن دەکەن، ئێوە ئەگەر یەک دیمەن لە سوتاندنی لەچکێک دەبینین، دڵنیابن بۆ دیمەنی سوتاندنی لەچکێک، چل و سێ ساڵ زوخاو، چل و سێ ساڵ ئازار و سەرکوت بوونی هەیە. 

ئیسلامی سیاسی لە ئێران نەیتوانی وڵامدەرەوەی ژیان و ژینی خەڵک بێت، تێگەیشتن لە دۆخی ئێران و ئەو پاشخانەی کە ئیسلامی سیاسی بە درێژایی ئەو چەند ساڵە لەو کۆمەڵگا دروستیکردوە، پێویستی بە هەڵوێستە کردنی زیاترە. ناکرێت مایک بە دەستێک کە لە ئەلف و بێی سیاسەت نازانێ بە ناوی بەرگری لە لەچک هەمان قسەکانی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە، ناکرێت مەلایەک بە ناوی بەرگری لە دین بێت بە دەمڕاستی ئەو کۆمارە نگریسە کە دەیان ساڵە ڕۆڵەی ئێمە لە ماڵ و حاڵی خۆیدا دەکوژێت.

ئەگەر پاڵپشتی ئەو خەڵکە ناکەن تکایە بێدەنگ بن.


PM:01:16:21/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی