کەرامەتی مرۆڤ لەنێو تێوری و پراکتیکدا

‌کنێر عەبدوڵا

کەرامەت؛ بریتییە لە مافی تاکەکەس کە پێویستە بەهادار و ڕێزی لێبگیرێت و بە شێوەیەکی ئەخلاقی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ویەکێکە لە پرەنسیپە مرۆییە جیهانییەکان کە لەنێو دەوڵەتاندا دانپێدانراوە. هەروەها کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ مرۆڤەکان کە تێیدا یەکسانن. وەک لە بەندی یەکەمی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە: "هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و لە ماف و کەرامەتدا یەکسانن".

 تایبەتمەندێتیەکانی کەرامەتی مرۆڤ ئەوەیە گشتگیر وگشتین وهیچ پەیوەندیەکیان بە ڕەگەز، ڕەنگ، ئاین و شوێنەوە نییە. وڵاتە شارستانییەکان یاسای ڕەوای خۆیان دەرکردووە بۆ پێناسەکردنی مافی خەڵک ودەسەڵاتی بەرپرسان و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات مافی کەسانی دیکە پێشێل بکات تا هەمووان بێ ترس ودڵەڕاوکێ بژین بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەی لەلایەن ڕژێمە دەسەڵاتدار وگەندەڵەکانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکرێن کە زۆرینەی هاوڵاتیان هەست بە سەلامەتی و پارێزراوی و جێگیری ناکەن. 

چەند نموونەیەک
پیشێلکردنی مافە ئابوری وکۆمەڵایەتی ورۆشنبیرییەکان کاتێک روودەدات کە دەوڵەتێک لە ئەرکی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی بەهرەمەندبوونی ئەو مافانە بێ جیاوازی یان لە ئەرکی رێزگرتن و پاراستن وجێبەجێکردنی ئەو مافانەدا شکست دەهێنێت.چەند نمونەیەک لەو پێشێلکردنانە بریتین لە :

- دەرکردنی زۆرەملێی خەڵک لە ماڵەکانیان ( مافی نیشتەجێبونی گونجاو)،
- گەرەنتینەکردنی کەمترین مووچە کە بەس بێت بۆ ژیانێکی شایستە (مافی پەیوەست بەکار)،
- شکستهێنان لە رێگریکردن لە برسێتی ( ئازادی لە برسێتی)،
- پیسبوونی ئاو بەپاشماوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان (مافی تەندروستی)، 
- دابڕانی سیستماتیکی مناڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانە ئاساییەکان (مافی خوێندن)،
- خاوەنکاران قەدەغەنین لە جیاکاری لە دامەزراندندا (لەسەر بنەمای رەگەز، کەمئەندامی، بۆچونی سیاسی، بنەچەی کۆمەڵایەتی (مافی کارکردن)،
- رێگرینەکردنی لایەنە گشتی و تایبەتەکان لە لەناوبردن یان پیسکردنی خۆراک وسەرچاوەکانی وەک زەوی و ئاوی کشتوکاڵی (مافی خۆراک)،
- دانەنانی سنورێکی گونجاو بۆ کاتی کارکردن لەکەرتی گشتی وتایبەتدا (مافی پەیوەست بەکار)،
-قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کەمینەکان یان زمانی رەسەن (مافی بەشداریکردن لە ژیانی رۆشنبیری)، 
-گەرەنتینەکردنی مۆڵەتی منداڵبوون بۆ دایکانی کار ( پاراستن و هاوکاری خێزان)،
- بڕینی ئاو بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و نایاسایی بۆ بەکارهێنانی کەسی ناو ماڵ (مافی ئاو).

بنەماکانی کەرامەتی مرۆڤ زۆرن لەوانە؛ مافی ژیان کە نابێت هیچ کەس بە شێوەیەکی ستەمکارانە و دوژمنکارانە لە ژیانی خۆی زەوت بکرێت یان ستەمی لێبکرێت. هەروەها مافی یەکسانی لە ماف و ئەرکەکاندا ، کە مافێکی بنەڕەتییە و ناتوانرێت پێشێل بکرێت، چونکە مرۆڤ مافی سروشتی خۆی هەیە لەوانە؛  مافی (خوێندن، دیاریکردنی چارەنووسی ، چاودێری تەندروستی،  ئازادی ئاینی و ئازادی پەرستن، وڕادەربڕین  وهتد) . لەو روانگانەوە دەردەکەوێت چەمکی کەرامەت پەیوەندیدارە بەگشت بوارێک ، پرسیاری جدی کە هەر کەس لای خۆیەوە گرنگە وەڵامدەرەوەی بێت ئەوەیە ئایا کەرامەتی مرۆڤەکان لە کۆمەڵی کوردیدا لە کوێی بنەما مرۆڤایەتییەکانە؟ ئایا بەپێی بنەماکان تا چەند پارێزراوەو تاچەند هەست بە شکاندنی کەرامەت دەکەیت؟ وەڵامدانەوەی راشکاوانەو راستگۆیی هەرکەسێک دەبێتە هەنگاوی جدیی کارکردنی ودواتر هەنگاوی دەستەجەمعی لەپێناو گۆڕانکاری کە خودی هەر گۆڕانێکی ئەرێنی وجیاواز بێدەستپێکردنی خود نایەتەبوون ودەستپێکردنی خودیش بێزانیاری و تێگەیشتن وباوەڕبوون  نابێت و دواتریش بێ کاری بەکۆمەڵ ویەکگرتوویی تاکەکان نایەتە بەرهەم.

پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ ئەرکی کێیە؟ 
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، ئەرکی هەموو تاکێکە و لە خودی مرۆڤەوە دەستپێدەکات، پاشان رۆڵی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دێت، ئەرکی حکومەتە کە لەڕێی دەستوورەوە هەموو کەسێک ناچار بکات ڕێز لە بنەماکانی کەرامەتی مرۆڤ بگرێت. کاتێک پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دەستەبەر دەکرێت، مرۆڤ ئامانجدار و باڵا دەکرێت، ئاسایش و ئاشتی دێتەئاراوە و ژیان مانایەکی بەرزتر و شکۆدارتری دەبێت، بۆیە پاراستنی بەرپرسیارێتیەکی گەورەی هەموانە و مافێکی سەرەکی مرۆڤە قبوڵی پێشێلکارییەکان نەکات و بێدەنگ نەبێت، چونکە هەنگاوەکانی دیکە بۆ خۆشگوزەرانی وخۆشبەختی کۆمەڵ وژیانکردن لەنێو ژینگەیەکی کۆمەڵگەیی سروشتیدا ئەو کات رێچکە راستەکەی خۆی دەگرێت کاتێک مرۆڤەکان لەخۆیانەوە دەستپێبکەن. ئەو کات دەتوانن بەرگری لە لاوازبوونی شکۆی ئەوانیتر بکەن.و ئیدی هەمووان پێکەوە دەبنە هێزێکی تۆکمەی یەکلاکەرەوە بۆ چەسپاندنی یاسای دادپەروەر وجێبەجێکردنی کە ببێتە مسۆگەرکەری شکۆمەندی خەڵک.


PM:05:28:17/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی