هەگبەی ژن
پشتیوانیکردن کلیلی چاره‌سه‌ره
کنێر عەبدوڵا
مه‌سه‌له‌ی ژنان ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌کی گشتگیر‌و جیهانییه، به‌ربه‌ست و رێگرییه‌کانی به‌رده‌می کارکردنیشی جۆراوجۆره و له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی دیکه گۆڕانکاری و جیاوازی به‌خۆوه‌ده‌بینێت، به‌ڵام خه‌باتکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان به‌رده‌وامییه‌تی هه‌یه و میکانیزم و رێگه‌ی جیاوازیش ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ گه‌یشتن پێی، له پێناو هێنانه‌دی کۆمه‌ڵێکی مرۆڤدۆست و مه‌ده‌نی و دوور له جیاکاری. به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ژنان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک نییه، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک گوزارشتی لێده‌که‌ن کێشه‌یه‌ک هه‌یه به‌ناوی ژنان ئه‌وه‌نده‌ی گرێدراوی جیاکارییه‌کانه که به‌هۆی جیاوازی ره‌گه‌زییه‌وه ده‌رهه‌ق به ژنان دەکرێت، بۆیه ئه‌رکی هه‌موو ژنانه بێ جیاوازی ته‌مه‌ن و ئایدۆلۆجی و شوێنی جوگرافی له شوێن و پێگه و ناوه‌ندی رێکخراوه‌یی و..هتد له هه‌وڵ و کارکردن‌دا بن بۆ گه‌یشتن به‌و زه‌مینه مرۆییه‌ی له سایه‌یدا نه‌ک ژنان، به‌ڵکو کاریگه‌ری بۆ پیاوانیش هه‌یه، تا به‌هۆیه‌وه خۆیان و ره‌گه‌زه‌که‌ی تریش زیاتر وه‌ک مرۆڤ بناسن .
راسته ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان له ئاستی جیهان به‌گشت و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له سه‌ده‌ی بیستویه‌کدا به به‌راورد له رابردوو ده‌ستکه‌وتی زۆری به‌خۆوه دیوه، ژن بۆته سه‌رۆکی (وڵات، په‌رله‌مان، پارتی سیاسی، رێکخراو، که‌ناڵی راگه‌یاندن، زانکۆ و فراکسیۆنی حزب له په‌رله‌مان) و چه‌ندین پۆستی جیاجیا به رێژه‌ی زیاتر له رابردوو، به‌ڵام به به‌راورد له گه‌ڵ مێژووی کارکردن و خه‌باتی ژناندا ده‌ستکه‌وته‌کان له ئاست ئامانجه‌کاندا نییه و تێگه‌یشتن و هۆشیاری و لایه‌نی هزری و فکری له ئاست گشت و خودی پیاوان و ژنانیشدا زۆری ماوه بۆ کارکردن، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کان پشتیوانی و پاڵپشتی خودی ژنان بۆ خۆیان کلیلی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ره‌کانه، که له واقعی کۆمه‌ڵدا به‌تایبه‌ت له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات بوونی ئه‌و که‌لێنه زیاتر د‌رکی پێده‌کر‌ێت، ئیره‌ییبردنی ژنان به یه‌کتری، چاوهه‌ڵنه‌هێنان به توانا و ده‌ستکه‌وتی ژن له‌لایه‌ن ژنه‌وه، ده‌ستگیرۆیی و پشتیوانینه‌کردنی له کاتی پێویست و هه‌ڵوێسته‌کاندا، لاوازی بوونی یه‌کهه‌ڵوێستی ژنان به‌هۆکاری جیاواز و دروستکردنی گرفت و تێکشکان و ئاره‌زووکردن به زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نه نه‌رێنییه‌کان و شاردنه‌وه‌و ده‌رنه‌خستنی لایه‌نه ئه‌رێنییه‌کانی یه‌کتری هه‌موو ئه‌وانه به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کین له چه‌قبه‌ستوویی دۆخی ژنان و سستی هه‌نگاوه‌کانی خه‌بات و نه‌گه‌یشتنی ژنان به ئامانجه گشتییه‌کان، بێگومان له‌م نێوه‌نده‌دا سیاسه‌تی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و ره‌نگدانه‌وه‌ی له هزری بڕیارده‌ران و حوکمڕانان له‌م دۆخه‌دا به‌رپرس و هۆکارێکی تره ده‌رئه‌نجام بوونی ئه‌و دۆخه له سوود و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پیاواندا ده‌شکێته‌وه و دواتر نه مه‌سه‌له‌ی ژنان هه‌نگاو رووه و گه‌شه‌کردن ده‌نێت و نه کۆمه‌ڵیش گۆڕانکاری ریشه‌یی به‌خۆوه ده‌بینێت رووه و پێشکه‌وتن و حوکمڕانی دروست که ئه‌مه‌ش راکێشی نه‌وه‌یه‌کی سه‌رلێشێواو نادروست ده‌کات و درێژه به‌و ره‌وڕه‌وه رابردووه ده‌هێنێ که له به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا خۆی نابینێته‌وه، گرنگی گه‌یشتنی خه‌باتی ژنان به ئامانجه‌کانیان له یه‌کگرتوویی و پاڵپشتی و کۆده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی ژناندا به‌دیده‌کرێت پێش هه‌ر کار و هه‌نگاوێکی تر، ئه‌مه‌ش ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی تاک به‌تاکی ژنانه.
PM:03:17:06/01/2022
ئه‌م بابه‌ته 1996
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی