داگیرکردنی تاریکی یان سەرەتای رووناکی

‌دلێر محەمەد نوری

ئەوەی کەمێک لە کتێبەکانی بەڕێز ئۆچ ئالان، بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر یان بیروڕاکانی ئیسماعیل بێشکچی یاخود هەر نەبێت ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەڕێز بەختیار عەلی خوێندبێتەوە، بۆی دەردەکەوێ کە دەسەڵاتی یان ڕژێمی تورک چ جۆرە دوژمنێکە؟ دوژمنێک جیاواز لەوانی دیکە لە بیرکردنەوە، لە ڕق و کینە، لە شێوازی لەناوبردن و سیاسەتی نەگۆڕی ڕەتکردنەوەی بوونی کورد.

 بەڕای من بەڕێز بەختیار عەلی سودی لە هەموو ئەو ئەدەبییاتانە وەرگرتووە تا بتوانێ بەو چڕوپڕییە لە ڕۆمانێکی مێژووییدا باس  لە ماهییەتی دوژمنایەتی ڕژێمەکانی تورک بکات بۆ گەل و خاک و زمانی کورد. زیاتر لە سەدد ساڵ دژایەتی و لێدان لە گەلێک بە بەکارهێنانی سەددان ڕێگە و پیلان و چەکی قەدەغەکراو و جینۆسایدی ڕێکخراو و یاسا و پیلان بۆ داڕێژراو.

بەندە هەمیشە وتوومە دوژمنانی کورد چوار دوژمنن کە هەر چواریان یەک ئامانجیان هەیە بەڵام بە تێکڕا سییانەکەی دیکەیان بارتەقای ڕژێمەکانی تورکیا سوور نەبوون لە جگە لە داگیرکردنی خاک و وێرانکاری، لە ناوبردن و سڕینەوەی هەموو ئاسەوارێکی زمانیی و کولتوری و مێژوویی کورد لە تورکیادا. بگرە نەک لە سنوری تورکیادا بەڵکو وەکو خۆیان دووپاتی دەکەنەوە گەر کورد لە سەر مەریخیش کیانێکی هەبێ ئێمە دژی دەوەستین.

ڕژێمەکانی تورکیا بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە یەک سیاسەتی نەگۆڕیان لە هەمبەر کورد پیادە کردووە. ئەمەش لە بەر ئەوەی تورکەکان وا پەروەردەکراون، سەرسەختترینییان دژی کورد چانسی مانەوەی لە دەسەڵات زیاترە. ئەردۆغان ئەگەرچی لە ڕووی فیکرییەوە وەکو ئیخوانییەک هاوسۆزە لە گەڵ هودا پاری کوردی باکور و یەکگرتووی ئیسلامی باشور بەڵام ئەمە هیچی لەوە نەگۆڕیوە کە گورگە بۆرەکان و ئەتاتورکییەکانیش شانازی پێوە بکەن و بە نوێنەری خۆیانی بزانن. چونکە ئەردۆغان لە هەموو شۆڤێنییەک شۆڤێنیتر و لە هەموو ڕەگەزپەرستێک ڕەگەزپەرستتر کار لە سەر توانەوەی کورد دەکات.

ئەوەی کە زیاتر ئەمڕۆ قوڕەکەی بۆ خەباتی سیاسی کوردانی باکور و خەباتی چەکداری برایانی قەندیل خەستتر کردۆتەوە، هاوسۆزی و هاوبەرژەوەندی رژێمەکەی ئەردۆغان و پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەوان بوون بە مشەخۆر لە سەر جەستەی یەکتری، بە جۆرێک پارتی تاکە هۆکاری مانەوەی خۆی لە خوڵقاندنی پشێوی و ئاژاوە لە زۆنی خۆی و واڵاکردنی دەرگاکان بۆ لەشکرکێشی تورک بۆ قوڵایی خاکی هەرێم و جەنگ بەرپاکردن دژی پەکەکە دەبینێتەوە.

تورکیای ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە هاوکاری سەربازی و سیخوڕی پارتی لە شەڕی دژی پەکەکە بە تاکە ڕێگەی کۆتایی هێنان بە پەکەکە دەبینێتەوە.

گرنگە لێرەدا بەبیری تورکیای بهێنینەوە، کە بەرهەڵستی کورد بۆ تورکیا و هێز و توانای سەربازی و تەکنیکی و مرۆیی پەکەکە و کوردی باکور هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ لە لوتکەدا نەبووە. ئەمە دەرئەنجامی زیاتر لە سەدد ساڵ دژایەتی کورد و مەسەلە ڕەواکەی بووە لە باکوری کوردستان. ئاخۆ تورکیا بە نیازە بەم لەشکرکێشییە نوێیە بگات بەچی؟ پەکەکە لە ناو ببات یان زیاتر و زیاتر لە دڵ و دەروونی کوردی هەرچوار پارچەکە جێگەی بکاتەوە؟  ئەشپرسین ئاخۆ ئەگەر هاوکێشەکە بۆ خودی ئەردۆغان و تورکیا وەهابن، دەبێ حزبێکی وەکو پارتی و یەکگرتوو بە نیازن لە دژایەتی پەکەکە و سیخوڕی و هاوکاری بۆ میت و تورکیا چی هەڵکڕێنن لە بنکڕی دەستکەوتەکانی ئەردۆغاندا؟

ئەو لەشکرکێشییە گەورەیەی تورکیا کە ئەم ماوەیە پەرەی پێدەدرێ لە سنوری پارتیدا و جموجۆڵی دیبلۆماسی و سیخوڕی تورکیا لە گەڵ هەولێر و بەغدا لە دوو هەفتەی پێشوو و تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە تێوەگلان لە سووتاندنی بازاڕە میللیەکاندا، جگە لە زنجیرەیەکی ئاکتی سیناریۆ بۆ داڕێژراو و تێوەگلانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، پێمان دەڵێن کە تاریکی دگیرکارییەکی تورکی دەستی پێکردووە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هەرکاتێک تورکەکان پێیان خستبێتە خاکێکەوە بە شەڕ نەبێت چۆڵیان ەنەکردووە.

ئەمجارەیان ئەپرسم ئاخۆ حکومەتی عێراق و پارتی بیریان لە دەرئەنجامی ئەم دەرگا خستنە سەرپشتە بۆ لەشکرکێشی تورکیا کردۆتەوە؟ ئاخۆ ئەم کردەی سیاریۆبازییەی پاراستن و میت لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا، جێگەی چڵەپووش بۆ پارتی ئەگرنەوە، تا  خۆی لە خنکانی مسۆگەری هەڵبژاردن و نەمانی شەرعییەتی سیاسی و لە دەست دانی شەرعییەتی شۆڕش گێڕی، پێ بپارێزێت؟

یاخود داگیرکردنی تاریکی تورکیا وەکو پەڵە هەورە ڕەشەکان دوای بارانێکی خوێناوی بەخوڕ، ڕووناکی دادەهێنێ بە سەر دۆزی کورد لە کوردستان بە گشتی و لە باکوریش بە تایبەتی؟


PM:12:39:02/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی