فریای ئێستا و داهاتوی منداڵ بکەون

‌نەوزاد شوانی



تەمەنم حەوت هەشت ساڵان بو رۆژێک لە رێگای گەڕانەوەم لە خوێندنگا بۆ ماڵەوە بینیم کۆمەڵێک خەڵک لە بەردەمی ماڵی مام سەید«سەیدە شەلە، پیاوێکی کەمئەندامی گوندەکەمان بوو پشتێنکی سەوزی ئەبەستا و خۆی بە نەوەی پەیامبەر ئەزانی و خەڵک رێزیان لێ ئەگرت» کۆبوبونەوە و دەرگای ماڵەکەی لەسەر پشت بوو. بە نیوان خەڵکەکەدا چومە ژورەوە  بۆ ناو حەوشەکە بینیم مام سەید قایشەکەی پشتێ خستۆتە ملی کوڕەکەی کە (صرع یا Epilepsy)  هەبوو و فێ گرتبوی و وەک مریشکی سەربڕاو ھەڵدەپەڕی و باوکی بە زنجیر لێی ئەدا.  
ھەر لەو سەردەمانەش زۆر جار دایکـم لەبەر ھاریی و نەوەستاوی  ھەڕشەی ئەوەی لێم ئەکرد کە باوکم سەرم ئەبڕێ.
 ئەو رۆژە ھەرەشەکەی دایکم و دیمەنی مام سەید و کوڕەکەی «کە پێم وابوو سەری ئەبڕێ جونکە بێعاری کردووە»  لە زەینی منداڵانەی مندا یەکانگیربون و دۆزەخێکیان بەرپا کرد هەر خۆی دۆزخ.  بۆ ماوەیەکی زۆر مێشک و دەرونمی داگیرکردو هەموو چرکەیەک لە بیرمدا بو.  بەشەو خەونی ترسناکم ئەبینی و بەھاوار و گریان ھەڵئەسام. ئەترسام بڕۆمە دەرەوە بۆ میزکردن و شەوان جێگاکەم تەڕ ئەکرد. کەسیش لە نهێنی ئەو ترس و ھاوار و شڵەژاویەی من ناگەیشت. نە من ئەموێرا باسی ھۆی ترسەکەم بکەم و نەکەسیش ئامادەبوو گوێم بۆ بگرێت. لە ھەموشی ترسناکتر ئەوەبو دەرودراوسێ پێشنیاری ئەوەیان ئەکرد بمبەن بۆ لای مام سەید نوشتەم بۆ بکات و دوعام بەسەردا بخوێنێت. ئیتر من زیاتر زارەترک ئەبوم.  ئەو ترس و بیمە تا ماوەیەکی زۆر لەگەڵما ژیا و پێموایە ئێستاشی پێوە بێت کاریگەری بەسەرمەوە ھەیە. 

ئەوەی ئەو روداوەی ھێنایەوە یادم سەردانی ماڵی خوشکێکم بو لەھەولێر کە کچ و کوڕێکی جمکی تەمەن ٩ ساڵانی ھەیە لە ساڵی سێھەمی قوتابخانەن. لە کاتێکدا کە خۆیان ئامادە ئەکرد بۆ قوتابخانە ھەردوکیان بە تۆنێکی پڕ لە ترس و نیگەرانیەوە باسی ئەوەیان ئەکرد کە مامۆستای ئایین پێیانی گوتوە ئەبێ فێری نویژکردن بن و نوێژ بکەن (خشتەیەکی کاتەکانی نوێژیان بەدەستەوە بوو لە قوتابخانە پێیان درابوو)، ئەگەرنا لە گۆڕدا لەگەڵ نەکردنی ھەر نوێژێک و هەر گوناهێک بلۆکەکانی دیواری گۆڕەکەیان تەنگتر ئەبنەوە ھەتا تەواوی جەستەیان ئەپلیشێنێتەوە و ورد ئەبن. 

بە شڵەژاوی ئەیانگێڕایەوە، چۆن مامۆستا وینای خودای بۆیان کردوە کە لە ئاسمان دانیشتوە و چاودێریان ئەکات و کارە خراپەکانیان تۆمار ئەکات و پاشتر سزای توندیان ئەدات.  لەو کاتەدا  خوام وەک بەڕێوبەرێکی دڵرەقی  قوتابخانە ھاتە پێشچاو کە بە دارێکەوە چاودێری منداڵەکان ئەکات و هەرکەس گوێڕایەڵی فەرمانەکانی نەبێت دارکاری ئەکات.  سەردەمی منداڵی خۆمم بیرهاتەوە کە کاتێک هەر خۆمان بوین لە گۆڕەپان و رارەوەکانی خوێندنگا چۆن چێژمان لە پێکەوەبون و یاریکردن ئەبینی.  بەڵام ئەگەر بەڕێوبەر یا مامۆستایەکی دڵڕەق یا هەتا کارگوزارێک چاوی بەسەرمانەوە بوایە چۆن وەک بەندی لە گۆڕەپانی بە کامیرا تەنراوی بەندیخانەیەک رەفتارمان ئەکرد تا بەر سزای بەرێوبەر و مامۆستاکان نەکەوین.. 

رۆژی دواتر کە گەڕامەوە، بینیم هەردوو منداڵەکە بە شێوازی نوێژی جەماعەت وەستاون و لەجکێکێان کردۆتە سەری کچەکە و خانمێکی میوانیان فێریان ئەکات جێ بڵێن و چی بکەن بۆ نوێژێکی قبوڵکراو، سەرەتا لای مامۆستای ئاین و دواتر خودا. 

خانمەکە ئەیگوت (سبحانە ربی الاعلی نحمدە و نشکرە، سبحانە ربی الاعلی نحمدە و نشکرە) بەڵام منداڵەکان گرفتیان هەبوو لە گوتنەوەی بە ڕەوانی. 
هەرکەس لایکەمی پرۆسەکانی پەروەردە وفێرکردن شارەزا بێت ئەزانێت ئەمەی ئەو منداڵانە ئەیانگێڕایەوە فڕی بەسەر پەروەردەوە نیە و ترساندن و تێکشکاندنی دەرونی منداڵە.
سادەترین پێناسەی ترسیش ، هەر شتێکە کە هەرشەی زیان پێگەیاندن و ئازاری جەستەیی یا دەرونی بێت، بەرجەستە و فیزیکی بێت یا خەیاڵکرد، تۆژینەوەکان لە بواری  نیۆرۆلۆجی منداڵ  ھیچ گومانێک ناھێڵنەوە کە ترس و دڵەراوکێ لە تەمەنی منداڵیدا ئەبێتە ھۆی گەشە و گەورەبونی سەنتەری ترس«Amygdala» لە سەر حیسابی بەشەکانی تری مێشک و پەیوەندی ئەمیگدالا بە بەشەکانی تروە ھەستیارتر و خێراتر ئەکات و کارێک ئەکات ترس باڵ بکێشێت بەسەر ھەموو پرۆسەکانی تری مێشک وەک لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و پێشبینی و یادەورەی وشادی و...ھتد.

ترس کاریگەری نەگەتیفی هەیە لەسەر گەشەیhippocampus کە بەشێکە لە  temporal lobe و رۆڵی سەرەکی ئەگێڕێت لە پرۆسەی فێربوون و دروستکردنی یادەوەری درێژخایەن و وئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان یادەوەری درێژخایەن و یادەوەری کورتخایەن. 
ترس ئەبێتە رژانی هۆرمۆنەکانی Cortisol و Norepinephrine و Adernaline لە دۆخی تەنگەتاودا کە بەرپرسن لە کاردانەوەی غەریزی و ئامادەبوون بۆ بەرگری. ترسی دورماوە ئەبێتە هۆی رژانی بەردەوامی ئەم هۆرمۆنانە و هێشتنەوەی مێشک و جەستەی مرۆڤ لە دۆخی تەنگەتاو دورخستنەوەی لە بیرکردنەوەی عەقڵانی. 

سەپاندنی ریچواڵی ئاینی لە رێگەی ترساندنەوە بە سەر منداڵدا ترسی درێژخایەن دروست ئەکات،  کە ئەبێتە ھۆی لاوازبوونی پەیوەندیگرتن و کارلێکی لەگەڵ دەوروبەردا و  ئەبێتە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی تواناکانی لە فێربوون و دوای ئەخات لە پرۆسەی خوێندن و لە قۆناغەکانی تری ژیانی رەنگدانەوەی نەرێنی ئەبێت. 
لە رووی جەستەیشەوە ترسی دوورماوە ئەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری سروشتی جەستە و زیان گەیاندن بە سیستەمی دڵ و سوڕی خوین. هەروها یەکێک لە سەرەکیترین هۆکانە بۆ نەخۆشیەکانی کوئەندامی هەرس و قورحەی گەدە و نەخۆشیەکانی ریخۆڵەکان و سیندرۆمی هەستیاری کۆلۆن. 

ترس ئەبێتە هۆی بیرکردنەوەی لە پێویست بەدەر لە پرۆسەی بڕیارداندا کە هەندی کات ئەبێتە هۆی لەبەرچاوگرتنی هەندێ فاکتەری ناپەیوەندیدار، یا بە پێچەوانەوە فاکتەری گرنگ فەرامۆش بکرێن کە ئەبنە هۆی بڕیاری نادروست و کارەساتاوی.
 ترس و دڵەڕاوکێ پرۆسەی بڕیاردان لەسەر بچوکترین بابەت ئەکات بە کارێکی سەخت. بۆیە ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان هەیە زۆر جار دەستەپاچەن لە بڕیاردان لەسەر لەبەرکردنی کام جل و هەندێک کات چەند کاتژمێڕێکی پێویستە و ئەبێتە هۆی دواکەوتن و گرفت بۆ کار و کاتەکانیان. 
.
ئەو منداڵانەی ئەزمونی ترسی دورماوە ئەکەن  لە ژینگەی ئاسایی خۆیاندا. ناتوانن مەترسیە دەرکیەکان بناسنەوە جونکە هەمان هەستیان تیا دروست ئەکات کە لە ژینگەی خۆیاندا ئەزمونی ئەکەن.  

زانستی دەرونناسی منداڵ پێمان ئەڵێ، سەپاندنی بڕوای ئاینی بەسەر منداڵدا کە شێوازێکە لە شێوازەکانی توند و تیژی بەرامبەر منداڵ،  لە قوناغەکانی پاشتر ئەبێتە هۆی توشبوون بە فۆبیا و خەمۆکی و ئەگەری ئەوە زیاد ئەکات لەداهاتودا ببێت بە مرۆڤێکی توندوتیژ و بەڕەوای ببینێت  بڕوا و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر خەڵکی تردا ، جونکە خۆی قوربانی ئەو شێوازە بوە و کەسیش گوێی بۆ نەگرت و نەیپاراست.  بۆیە سەیر نیە ئەو کۆمەڵگایانەی وانەی ئاین (بەوشێوازەی لە کوردستان ئەخوێنرێت) لەتەمەنێکی بچوکدا ئەخوێنن و گرنگی زیادیان پێ ئەدرێت خاکێکی بە پیتن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم. 
بۆیە دروستە چەند پرسیارێک ئاراستەی دایکان و باوکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم:

- ئایا وانەی ئاین بەم شێوازە گونجاوە بۆ منداڵ؟ ئایا هزر و دەرونی منداڵ گونجاوە بۆ فێربوونی بابەتگەلی وەک گوناە و پاداشت و سزا و گۆر و بەهەشت و دۆزەخ و…هتد؟ 

- ئایا رەوایە فێربوونی ئەمانە بسەپێت بەسەر منداڵدا کە هێشتا ئاشنا نەبون بە ژیان، خوێندنگاش ئامادەیان ئەکات بۆ مەرگ و گۆڕ و وڵامی ئینکیر و مونکیر؟
- ئایا پەیام و ئەرکی خوێندنگا گەشەپێدانی هوشیاری و زانستە یا گەشەپێدانی ئیمانە بە ئاینێکی دیاریکراو؟  ئەگەر ئەرکی خوێندنگا گەشەپێدانی زانستە و هوشیاری و ئامادەکردنی منداڵە بۆ ژیان.  وانەی ئاینیش وەک هەر زانستێکی تر ئەخوێنرێت، پێویستە چۆن وانەی جوگرافیا لە پاڵ باسی قەندیل و ئارارات و پیرەمەگرون، باسی هیمالایا و ئەلب و ئەندیزیش ئەکات ، وانەی ئاینیش لەپاڵ ئیسلام  مەسیحی و ئێزدی و یارسانی و بودیش لەخۆ بگرێ و بەشێوەیەکی بابەتی و بێلایەن باسیان بکات.

- لەکۆمەڵگایەکی فرەئاین و فەرەمەزهەبدا چۆن ئەتوانرێ تۆلێرانس و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت ئەگەر منداڵەکان بە ئایدیایەک گۆش بکرێن کە پەیڕەوانی سەکت و ئاینەکانی تر بە چەپەڵ و پیس و نەیار بچوێنێت؟

-  بۆ دایک و باوکە بڕوادارەکان ئایا پێتان باشە وێنای خوا لە زەینی منداڵەکانتاندا بەرجەستەی لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەیی و  میهر بێت یا ترس و دڵڕەقی و سزا. 

خۆشتان بکەن بە قوربانی چگەرگۆشەکانتان، ئایا ئەزانن کە جەستە و مێشک و دەرونی منداڵەکانتان قوربانی ئەم پەروەردە ئاینیە سادیانەیە.

 


PM:03:32:07/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی